کردار 6 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

کردار 6:1-15

هەڵبژاردنی حەوت خزمەتکار

1لەو ڕۆژانەدا کە قوتابییەکان زیادیان دەکرد، جولەکە یۆنانییەکان6‏:1 ئەو جولەکانەی لە دەرەوەی فەلەستین بە زمانی یۆنانی قسە دەکەن.‏ بۆڵەبۆڵیان لەسەر عیبرانییەکان6‏:1 ئەو جولەکانەی لەناو فەلەستین بە زمانی عیبری قسە دەکەن.‏ کرد کە لە دابەشکردنی نانی ڕۆژانە بێوەژنەکانیان پشتگوێ دەخرێن. 2بۆیە دوازدە نێردراوەکە هەموو قوتابییەکانیان بانگکرد و گوتیان: «باش نییە بۆمان ڕاگەیاندنی پەیامی خودا پشتگوێ بخەین و خەریکی ئازووقە دابەشکردن بین. 3خوشک و برایان، لەنێو خۆتاندا حەوت پیاو هەڵبژێرن کە ناوبانگیان باش بێت و پڕبن لە ڕۆحی پیرۆز و دانایی، تاکو لەسەر ئەم ئەرکە دایانبنێین. 4ئێمەش خۆمان تەرخان دەکەین بۆ نوێژکردن و بۆ خزمەتی ڕاگەیاندنی پەیامی خودا.»

5هەموو کۆمەڵەکە ئەم پێشنیارەیان بەدڵ بوو، جا ستیفانۆسیان هەڵبژارد، کە پیاوێکی پڕ لە باوەڕ و ڕۆحی پیرۆز بوو، لەگەڵ فیلیپۆس و پروخۆرۆس و نیکانۆر و تیمۆن و پەرمیناس و نیکۆلاوسی ئەنتاکی کە ببووە جولەکە. 6لەپێش نێردراوانیان ڕاگرتن، ئەوانیش نوێژیان کرد و دەستیان لەسەر دانان.

7ئیتر پەیامی خودا لە گەشەکردندا بوو، ژمارەی قوتابییەکانیش لە ئۆرشەلیم زۆر زیاتر ببوون، ژمارەیەکی زۆریش لە کاهینان باوەڕیان بە مەسیح هێنا و گوێڕایەڵی بوون.

گرتنی ستیفانۆس

8ستیفانۆس پڕبوو لە نیعمەت و هێزی خودا، پەرجوو و نیشانەی گەورەی لەنێو گەلدا دەکرد. 9جا هەندێک لەوانەی لەو کەنیشتەن کە پێی دەگوترا کەنیشتی ئازادکراوان، لەگەڵ کورێنییەکان و ئەسکەندەرییەکان و ئەوانەی لە ناوچەکانی کیلیکیا و ئاسیان، هەستان و دەمەقاڵێیان لەگەڵ ستیفانۆس کرد. 10بەڵام نەیانتوانی بەربەرەکانێی ئەو داناییە بکەن کە ڕۆحی پیرۆز لە قسەکردندا پێیدابوو.

11بۆیە بەدزییەوە خەڵکیان هاندا تاکو بڵێن: «گوێمان لێی بوو سەبارەت بە موسا و خودا کفری دەکرد.»

12ئینجا گەل و پیران و مامۆستایانی تەوراتیان جۆشدا، هاتنە سەری و گرتییان و بۆ ئەنجومەنی باڵایان هێنا. 13شایەتی درۆزنیان دانا، دەیانگوت: «ئەم پیاوە وەستانی نییە لە قسەکردن لە دژی ئەم شوێنە پیرۆزە6‏:13 پەرستگا‏ و تەورات، 14ئێمەش گوێمان لێی بوو دەیگوت کە عیسای ناسیرەیی ئەم شوێنە تێکدەدات و ئەو نەریتانە دەگۆڕێت کە لە موساوە وەرمانگرتووە.»

15جا هەموو ئەوانەی لە ئەنجومەنی باڵا دانیشتبوون چاویان تێبڕی و بینییان ڕووی وەک ڕووی فریشتە وایە.