کردار 27 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

کردار 27:1-44

گەشتی پۆڵس بەرەو ڕۆما

1کاتێک بڕیار درا بە دەریادا بۆ ئیتالیا بڕۆین، پۆڵس و هەندێک بەندکراوی دیکە درانە دەست سەرپەلێک بە ناوی یولیۆس کە لە سوپای ئیمپراتۆر بوو. 2سواری کەشتییەکی ئەدرامیتی بووین و بەڕێکەوتین، کە دەیویست بۆ چەند بەندەرێکی ئاسیا بڕوات. ئەریستارخۆسی مەکدۆنیمان لەگەڵ بوو، کە خەڵکی سالۆنیکییا بوو.

3بۆ بەیانی گەیشتینە سەیدا. یولیۆس لەگەڵ پۆڵس باش بوو، ڕێگای دا بچێتە لای برادەرانی تاکو پێویستییەکانی دابین بکەن. 4ئینجا لەوێوە بەڕێکەوتین و بە پەنای قوبرسدا ڕۆیشتین، چونکە با پێچەوانە بوو. 5کە ئەو دەریایەمان بڕی، ئەوەی لەتەنیشت کیلیکیا و پامفیلیایە، لە میرای لیکیە دابەزین. 6لەوێ سەرپەلەکە کەشتییەکی دۆزییەوە ئەسکەندەری بوو دەچووە ئیتالیا، سواری کردین. 7کەشتییەکە ماوەیەکی درێژ بە هێواشی دەڕۆیشت و بە زەحمەت لە کنیدۆس نزیک کەوتینەوە، بایەکە نەیهێشت زیاتر بڕۆین، بە پەنای کریتدا و لە بەرامبەر سەلمۆن ڕۆیشتین. 8بە زەحمەت تێپەڕمان کرد و گەیشتینە شوێنێک پێی دەگوترێ بەندەرە باشەکان، کە لە شاری لەسائیە نزیکە.

9لەدوای تێپەڕینی ماوەیەکی زۆر، گەشتی دەریایی ترسناک بوو، چونکە ڕۆژی کەفارەت27‏:9 ڕۆژی کەفارەت دەکەوێتە مانگی تشرینی یەکەم (مانگی 10)، پیرۆزترین ڕۆژی جولەکەکانە و لەم ڕۆژەدا بەڕۆژوو دەبن. بڕوانە لێڤییەکان 23‏:27‏-28.‏ بەسەرچووبوو، هەر بۆیە پۆڵس ئاگاداری کردنەوە و 10پێی گوتن: «کوڕینە، دەبینم گەشتەکە بە تێکشکان و زیانێکی گەورەوە دەبێت، نەک تەنها بۆ کەشتی و بارەکەی، بەڵکو بۆ ژیانیشمان.» 11بەڵام سەرپەلەکە لایەنگری کەشتیوان و خاوەنەکەی دەکرد، نەک قسەی پۆڵس. 12لەبەر ئەوەی بەندەرەکە بۆ بەسەربردنی زستان باش نەبوو، بۆیە زۆربەیان بڕیاریان دا ئەوێش بەجێبهێڵن، بە هیوای ئەوەی بگەنە فینکس تاکو زستانی تێدا بەسەرببەن، کە بەندەرێکی کریت بوو ڕووەو باشووری ڕۆژهەڵات و باکووری ڕۆژئاوا.

گەشتێکی ترسناک

13کە شنەبای باشوور هەڵیکرد، وایانزانی بە مرازیان گەیشتن، لەنگەریان بەرزکردەوە و بە نزیک کەناری کریتدا تێدەپەڕین. 14بەڵام دوای کەمێک تۆفانێک کە بە «باکووری ڕۆژهەڵات» ناسراوە لەلای دوورگەکەوە هەڵیکرد و 15کەشتییەکەی گرتەوە و نەیتوانی ڕووبەڕووی بێتەوە، خۆمان بەدەستەوە دا و تۆفانەکە ئێمەی لەگەڵ خۆی برد. 16تۆفانەکە ئێمەی بەرەو پەنای دوورگەیەکی بچووک برد کە ناوی کەودا بوو، بە زەحمەت توانیمان بەلەمی ڕزگاربوون بخەینە ژێر ڕکێفمانەوە. 17کاتێک بەلەمەکەیان بەرز کردەوە، گوریسیان بۆ بەستنەوەی کەشتییەکە بەکاردەهێنا. دەترسان بکەونە ناو تەنکاوی27‏:17 شوێنێک لەنێوان دوو دەریا، قووڵایی کەمە.‏ سیرتیس، بۆیە لە کەشتییەکەوە لەنگەری دەریایان27‏:17 لەنگەری دەریا: لەنگەرێکی تایبەتە بۆ کەمکردنەوەی خێرایی کەشتی بەکاردەهێنرێت.‏ دابەزاند، بەو شێوەیە تۆفانەکە کەشتییەکەی برد. 18بۆ بەیانی ڕەشەباکە توند بوو، دەستیان بە سووککردنی بارەکە کرد. 19لە ڕۆژی سێیەم بە دەستی خۆیان کەلوپەلی کەشتییەکەیان فڕێدا. 20ماوەیەکی درێژ نە خۆرمان بینی و نە ئەستێرە، هەتا دەهات ڕەشەباکە بەهێزتر دەبوو، لە کۆتاییدا هەموو هیوایەکی ڕزگاربوونمان بڕا.

21کاتێک ماوەیەکی زۆر بوو نانیان نەخواردبوو، پۆڵس لە ناوەڕاستیان ڕاوەستا و گوتی: «کوڕینە، دەبووایە گوێتان لە من بگرتایە و کریتتان بەجێ نەهێشتایە، ئەوسا لەم تێکشکان و زیانە دوور دەبوون. 22ئێستاش لێتان دەپاڕێمەوە ورە بەرنەدەن، کەستان ژیانی لەدەست نادات، تەنها کەشتییەکە تێکدەشکێت، 23چونکە ئەمشەو فریشتەی ئەو خودایەی من هی ئەوم و دەیپەرستم، هاتە لام و 24گوتی: ”پۆڵس مەترسە! دەبێت تۆ لەبەردەم قەیسەر ڕاوەستیت و خودا ژیانی هەموو ئەوانەت دەداتێ کە لەگەڵت گەشت دەکەن.“ 25کەواتە کوڕینە، ورەبەرز بن، چونکە باوەڕم بە خودا هەیە کە ئاوا دەبێت، وەک ئەوەی پێی فەرمووم. 26بەڵام دەبێت بکەوینە سەر دوورگەیەک.»

27لە شەوی چواردەیەمیندا کە هێشتا تۆفانەکە لە دەریای ئەدریا کەشتییەکەی لەگەڵ خۆی دەبرد، لە نیوەشەودا کەشتیوانان وایانزانی لە وشکانی نزیک دەبنەوە. 28کە پێوایان بینییان بیست باڵایە27‏:28 نزیکەی 37 مەتر.‏. کەمێک ڕۆیشتن و پێوایانەوە بینییان پازدە باڵایە. 29دەترسان نەوەک بکەونە سەر بەرد، لە پشتەوە چوار لەنگەریان شۆڕکردەوە و دەپاڕانەوە تاکو ڕۆژ هەڵبێت. 30کەشتیوانان هەوڵیان دا لە کەشتییەکە هەڵبێن، بەلەمی ڕزگاربوونیان بۆ دەریا شۆڕکردەوە بە بیانووی ئەوەی دەیانەوێ چەند لەنگەرێک لە پێشەوە شۆڕبکەنەوە. 31پۆڵس بە سەرپەل و سەربازەکانی گوت: «ئەگەر ئەمانە لە کەشتییەکەدا نەمێننەوە، ناتوانن ڕزگارتان بێت.» 32ئەوسا سەربازەکان گوریسی بەلەمی ڕزگاربوونیان بڕی و وازیان لێی هێنا بکەوێت.

33کاتێک خەریک بوو ڕۆژ هەڵدەهات، پۆڵس تکای لە هەمووان کرد نان بخۆن و گوتی: «ئەمە ڕۆژی چواردەیەمینە و ئێوە چاوەڕوان و بەردەوامن بێ ئەوەی هیچ بخۆن و هیچ وەربگرن. 34بۆیە تکاتان لێ دەکەم نان بخۆن، چونکە ئەمە بۆ ڕزگاربوونتانە. کەستان تاڵێک لە قژی سەری نافەوتێت.» 35کە ئەمەی گوت، نانێکی هەڵگرت و لەبەردەم هەمووان سوپاسی خودای کرد، ئینجا لەتی کرد و دەستی بە خواردن کرد. 36ئیتر هەموویان ورەیان بەرزبووەوە و نانیان خوارد. 37ئەوانەی ناو کەشتییەکە هەموومان دوو سەد و حەفتا و شەش کەس بووین. 38کە تێر نانیان خوارد، بە فڕێدانی دانەوێڵەکە بۆ ناو دەریا کەشتییەکەیان سووککرد.

تێکشکانی کەشتییەکە

39کاتێک ڕۆژبووەوە، کەشتیوانەکان نەیانزانی لە چ شوێنێکدان، بەڵام کەنداوێکیان بینی کەناری هەبوو، دەیانویست ئەگەر بتوانن کەشتییەکە بەرەو ئەوێ ببەن. 40ئینجا لەنگەرەکانیان پساند و لە دەریادا بەجێیان هێشتن، لە هەمان کاتدا گوریسی سەوڵەکانی ئاراستەکردنیان شلکرد و بایەوانەکەی پێشەوەیان کردەوە بۆ بایە هەڵکردووەکە، بەرەو کەنارەکە ڕۆیشتن. 41بەڵام کەوتە تەنکاو و کەشتییەکەیان بەرەو وشکانی برد، کە پێشەکەی گیربوو و نەجوڵا، لەبەر توندی شەپۆلەکان پشتەوەی تێکدەشکا.

42پلانی سەربازەکان ئەوە بوو کە بەندکراوان بکوژن نەوەک کەسیان مەلە بکات و هەڵبێت. 43بەڵام سەرپەلەکە دەیویست پۆڵس بپارێزێت، بۆیە پلانەکەی ڕاگرتن و فەرمانی دا ئەوانەی دەتوانن مەلە بکەن با یەکەم جار خۆیان فڕێبدەن و بگەنە وشکانی، 44ئەوانی دیکەش هەندێکیان بە تەختە و هەندێکیان بە پارچەکانی کەشتییەکە خۆیان بگەیەننە وشکانی. بەو شێوەیە هەموو بە سەلامەتی گەیشتنە وشکانی.