کردار 23 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

کردار 23:1-35

پۆڵس لە ئەنجومەنی باڵای جولەکەدا

1پۆڵس ڕوانییە ئەنجومەنی باڵا و گوتی: «برایان، هەتا ئەمڕۆ بە تەواوی ویژدانێکی پاکەوە بۆ خودا ژیاوم.» 2لەو کاتەدا حەنانیای سەرۆکی کاهینان فەرمانی بەوانە دا کە لەلای ڕاوەستابوون تاکو بکێشن بە دەمیدا. 3پۆڵس پێی گوت: «خودا لێت بدات، ئەی دیواری سپیکراو! چۆن دانیشتووی بەپێی تەورات حوکمم دەدەیت، کەچی پێچەوانەی تەورات فەرمانی لێدانم دەدەیت؟»

4ئەوانەی لەلای ڕاوەستابوون گوتیان: «ئایا جنێو بە سەرۆکی کاهینانی خودا دەدەیت؟»

5پۆڵس گوتی: «برایان، نەمدەزانی سەرۆکی کاهینانە، چونکە نووسراوە: ﴿بە خراپە باسی سەرکردەی گەلەکەت مەکە.﴾23‏:5 دەرچوون 22‏:28»

6پۆڵس کە دەیزانی بەشێک لە ئەندامانی ئەنجومەنەکە سەدوقین و بەشێکی دیکەش فەریسی، هاواری کرد و گوتی: «برایان، من فەریسی کوڕی فەریسیم. لەبەر هیوام بە هەستانەوەی مردووان وا حوکم دەدرێم.» 7کە ئەمەی گوت، ناکۆکی کەوتە نێوان فەریسی و سەدوقییەکان و ئەنجومەنەکە بوو بە دوو بەش، 8چونکە سەدوقییەکان دەڵێن هەستانەوە و فریشتە و ڕۆح نین، بەڵام فەریسییەکان دان بە هەموو ئەمانەدا دەنێن.

9ئینجا هاوار بەرزبووەوە و هەندێک لە مامۆستایانی تەورات کە فەریسی بوون، هەستان و بە توندی ناڕەزاییان دەربڕی و گوتیان: «تاوان لەم پیاوەدا نابینین. ئەی ئەگەر ڕۆحێک یان فریشتەیەک لەگەڵیدا دوابێت؟» 10کاتێک ناکۆکییەکە پەرەی سەند، فەرماندەکە ترسا پۆڵس پارچەپارچە بکەن، بۆیە فەرمانی بە سەربازەکان دا دابەزن، لەنێوانیاندا بیڕفێنن و بیبەنەوە سەربازگە.

11بۆ شەوی پاشتر، مەسیحی خاوەن شکۆ لەلای پۆڵس ڕاوەستا و فەرمووی: «ورەت بەرزبێت! وەک لە ئۆرشەلیم شایەتیت بۆ من دا، دەبێ لە ڕۆماش ئاوا شایەتی بدەیت.»

پیلانی جولەکە بۆ کوشتنی پۆڵس

12کاتێک ڕۆژ هەڵات جولەکە پیلانیان کێشا، سوێندیان خوارد و گوتیان کە نە بخۆن و نە بخۆنەوە هەتا پۆڵس دەکوژن. 13ئەوانەی ئەم پیلانەیان کێشا لە چل پیاو زیاتر بوون. 14چوونە لای کاهینانی باڵا و پیران و گوتیان: «سوێندمان خواردووە تامی هیچ نەکەین هەتا پۆڵس دەکوژین. 15ئێستاش ئێوە و ئەنجومەنی باڵا بە فەرماندەکە ڕابگەیەنن، وەک ئەوەی بتانەوێت وردتر لە بابەتەکەی بکۆڵنەوە، پێویستە بیهێنێت بۆ لاتان. ئێمەش ئامادەین بۆ کوشتنی، پێش ئەوەی بگاتە لای ئەنجومەن.»

16بەڵام کاتێک خوشکەزاکەی پۆڵس بە پیلانەکەی زانی، هاتە سەربازگە و هەواڵی دایە پۆڵس.

17جا پۆڵس سەرپەلێکی بانگکرد و گوتی: «ئەم گەنجە ببە لای فەرماندەکە، چونکە هەواڵێکی پێیە بیداتێ.» 18ئەویش بردییە لای فەرماندەکە.

گوتی: «پۆڵسی بەندکراو بانگی کردم و داوای لێکردم ئەم گەنجە بهێنمە لات، شتێکی هەیە پێتی بڵێت.»

19فەرماندەکەش دەستی گرت و بە تەنها بردییە ئەو لاوە و لێی پرسی: «چیت هەیە پێمی بڵێی؟»

20گوتی: «جولەکە ڕێککەوتوون داوات لێ بکەن کە بەیانی پۆڵس بنێریتە ئەنجومەنی باڵا، وەک بیانەوێت وردتر لێی بکۆڵنەوە. 21بۆیە ڕازی مەبە بە داواکارییەکەیان، چونکە زیاتر لە چل پیاویان لە بۆسەدان بۆی، سوێندیان خواردووە نەخۆن و نەخۆنەوە هەتا دەیکوژن. ئێستا ئامادەن و چاوەڕێی بەڵێنن لە تۆوە.»

22فەرماندەکە گەنجەکەی بەڕێکرد و فەرمانی پێدا: «بە کەس نەڵێیت کە ئەمەت بە من گوتووە.»

ناردنی پۆڵس بۆ لای فیلیکس

23ئینجا دووان لە سەرپەلەکانی بانگکرد و گوتی: «دوو سەد سەرباز لەگەڵ حەفتا سوار و دوو سەد ڕمهەڵگر ئامادە بکەن، تاکو لە کاتژمێر نۆی23‏:23 یۆنانی: کاتژمێری سێیەم.‏ شەو بچنە قەیسەرییە. 24هەروەها وڵاخ ئامادە بکرێ تاکو پۆڵس سواری بێت و بە سەلامەتی بیگەیێننە لای فیلیکسی فەرمانڕەوا.»

25نامەیەکی نووسی ئەمەی تێدابوو:

26لە کلودیۆس لیسیاس،

بۆ بەڕێز فیلیکسی فەرمانڕەوا،

سڵاو.

27ئەم پیاوە، جولەکە گرتییان و خەریک بوو بیکوژن، بەڵام لەگەڵ سەربازان چووم و ڕزگارم کرد، چونکە بیستبووم کە هاوڵاتی ڕۆمانییە. 28دەمویست بزانم بە چی تاوانباری دەکەن، بردمە ئەنجومەنەکەیان. 29بینیم لەبەر کاروباری تەوراتەکەیان تاوانبار کراوە، بەڵام تاوانێکی لەسەر نەبوو کە شایانی سزای مردن یان بەندکردن بێت. 30کاتێک ئاگادار کرامەوە کە پیلانێک لەم پیاوە دەگێڕدرێت، دەستبەجێ بۆ لای تۆم نارد، فەرمانم بە سکاڵاکاران کرد چییان لەسەری هەیە لەلای تۆ باسی بکەن.

31بۆیە سەربازان وەک فەرمانیان پێ کرابوو، پۆڵسیان برد و بە شەو بۆ ئەنتیپاتریسیان23‏:31 شارێک بووە کە ئێستا پێی دەگوترێ ڕەئسلعەین، نزیکەی 40کم لە ئۆرشەلیم دوورە.‏ هێنا. 32بۆ بەیانی سوارەکانیان لەگەڵ نارد و خۆیان بۆ سەربازگە گەڕانەوە. 33سوارەکانیش چوونە قەیسەرییە و نامەکەیان دایە فەرمانڕەوا و پۆڵسیان بردە بەردەمی. 34خوێندییەوە و پرسی خەڵکی چ ناوچەیەکە. زانی خەڵکی کیلیکیایە، 35گوتی: «کەی سکاڵاکاران گەیشتن، گوێت لێ دەگرم.» ئینجا فەرمانی دا لە کۆشکی هێرۆدس پاسەوانی بکرێت.