کردار 19 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

کردار 19:1-41

پۆڵس لە ئەفەسۆس

1لە کاتێکدا کە ئەپۆلۆس لە کۆرنسۆس بوو، پۆڵس بە ڕێگاکانی ناوەوە تێپەڕی و هاتە ئەفەسۆس. لەوێ چاوی بە هەندێک قوتابی کەوت، 2لێی پرسین: «کاتێک باوەڕتان هێنا، ڕۆحی پیرۆزتان وەرگرت؟»

کەچی وەڵامیان دایەوە: «نەخێر! تەنانەت نەمانبیستووە کە ڕۆحی پیرۆز هەیە!»

3گوتی: «کەواتە چ جۆرە لە ئاو هەڵکێشانێکتان وەرگرتووە؟»

گوتیان: «لەئاوهەڵکێشانەکەی یەحیا.»

4پۆڵس گوتی: «لەئاوهەڵکێشانەکەی یەحیا لەئاوهەڵکێشانی تۆبەکردن بوو، بە خەڵکی دەگوت باوەڕ بهێنن بەوەی لەدوای دێت، واتا بە عیسا.» 5کاتێک ئەمەیان بیست بە ناوی عیسای خاوەن شکۆوە لە ئاو هەڵکێشران. 6جا پۆڵس دەستی لەسەر دانان، ڕۆحی پیرۆز هاتە سەریان، بە زمانی ڕۆحی دوان و پێشبینییان کرد. 7بە هەموویان نزیکەی دوازدە پیاو دەبوون.

8ئینجا پۆڵس چووە کەنیشت و بۆ زیاتر لە سێ مانگ ئازایانە دەدوا، گفتوگۆی دەکرد و سەبارەت بە کاروباری شانشینی خودا قەناعەتی بە خەڵک دەهێنا. 9بەڵام هەندێک کەللەڕەقییان کرد و باوەڕیان نەهێنا، لەبەردەم خەڵکەکە جنێویان بە ڕێگاکە19‏:9 ڕێگای پاشایەتی عیسا، بڕوانە کردار 24‏:14‏.‏ دا. جا پۆڵس لێیان کشایەوە و قوتابییەکانی برد، ڕۆژانە لە قوتابخانەی تیرانۆس گفتوگۆی دەکرد. 10بۆ ماوەی دوو ساڵ لەسەر ئەمە بەردەوام بوو، هەتا وای لێهات هەموو ئەوانەی لە ئاسیادا دانیشتبوون، جولەکە و یۆنانی، پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆیان بیست.

11خوداش پەرجووی سەرسوڕهێنەری بە دەستی پۆڵس ئەنجام دەدا، 12تەنانەت ئەو دەستەسڕ و بەروانکانەش کە بەر لەشی پۆڵس کەوتبوون، دەهێنران و دەخرانە سەر نەخۆش و نەخۆشییەکەیان نەدەما و ڕۆحە پیسەکان لە لەشیان دەردەچوون.

کوڕانی سکاوا

13هەندێک لەو جولەکە گەڕۆکانەی ڕۆحی پیسیان دەردەکرد، هەوڵیان دا ناوی عیسای خاوەن شکۆ بۆ ئەوانە بەکاربهێنن کە ڕۆحی پیسیان تێدایە، دەیانگوت: «بە ناوی عیسا، ئەوەی پۆڵس ڕایدەگەیەنێت، فەرمانت پێ دەکەم، دەربچیت.» 14سکاوا کە کاهینێکی باڵای جولەکە بوو، حەوت کوڕی ئەم کارەیان دەکرد. 15ڕۆحە پیسەکەش وەڵامی دانەوە: «عیسا دەناسم و دەربارەی پۆڵسیش دەزانم، بەڵام ئێوە کێن؟» 16ئینجا ئەو پیاوەی کە ڕۆحە پیسەکەی تێدابوو پەلاماری دان و بەسەر هەموویاندا زاڵبوو، بە جۆرێک لێیدان کە بە ڕووتی و بریندارییەوە لەو ماڵەی کە لێی بوون ڕایانکرد.

17کاتێک ئەو جولەکە و یۆنانییانەی کە لە ئەفەسۆس دەژیان بەمەیان زانی، هەموو ترس دایگرتن و ناوی عیسای خاوەن شکۆ بەرزبووەوە. 18هەروەها زۆر لەوانەی باوەڕیان هێنا، دەهاتن و بە ئاشکرا دانیان بە کردەوەکانیاندا دەنا. 19ژمارەیەک لەوانەی خەریکی جادووگەریێتی بوون، پەڕتووکەکانیان کۆدەکردەوە و لەبەردەم هەموواندا دەیانسووتاندن. نرخەکانیان هەژمارد کرد، بینییان پەنجا هەزار پارچە زیوە19‏:19 هەر پارچە زیوێک نزیکەی ڕۆژانەی کرێکارێک بووە.‏. 20بەم شێوەیە پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ بە تواناوە گەشەی دەکرد و بەهێز دەبوو.

شڵەژانێکی ترسناک لە ئەفەسۆس

21لەدوای ئەوەی ئەم شتانە ڕوویاندا، پۆڵس بڕیاری دا بە مەکدۆنیا و ئەخایادا تێبپەڕێت و بچێتە ئۆرشەلیم، گوتی: «پاش ئەوەی لەوێ دەبم، دەبێت ڕۆماش ببینم.» 22جا پۆڵس دووان لە یاریدەدەرەکانی نارد بۆ مەکدۆنیا کە تیمۆساوس‏ و ئەراستۆس بوون، خۆشی ماوەیەک لە‏ هەرێمی ئاسیا مایەوە.

23لەو کاتەدا لەبەر ڕێگاکە19‏:23 ڕێگای پاشایەتی عیسا، بڕوانە کردار 24‏:14‏.‏ ئاژاوەیەکی گەورە سەریهەڵدا. 24لەوێ زیوگەرێک بە ناوی دیمیتریۆس هەبوو کە پەرستگای بچووکی زیوینی ئەرتەمیسی دروستدەکرد و قازانجێکی باشی هەبوو بۆ پیشەوەران. 25ئیتر کرێکارەکانی خۆی و هاوپیشەکانی کۆکردەوە و گوتی: «کوڕینە، هەروەک دەزانن لەم پیشەیەوە داهاتێکی باشمان دەستدەکەوێت، 26بینیوتانە و بیستووتانە کە نەک تەنها لە ئەفەسۆس، بگرە لە هەموو ئاسیا، ئەم پۆڵسە قەناعەتی بە خەڵکێکی زۆر هێناوە و لەڕێ لایداون، دەڵێت ئەوانەی دەستکردن خودا نین. 27نەک تەنها ئیشەکەمان دەکەوێتە مەترسییەوە بەڵکو پەرستگاکەی ئەرتەمیسی خواژنی گەورەش هیچ بەهایەکی نامێنێت، ئەوەی هەموو ئاسیا و جیهان دەیپەرستن پایەبەرزییەکەی لەدەست دەدات.»

28کاتێک گوێیان لێبوو تووڕە بوون و هاواریان دەکرد: «پایە بەرزە ئەرتەمیسی ئەفەسۆسییەکان!» 29ئەم شڵەژانە هەموو شارەکەی گرتەوە، خەڵکەکە گایۆس و ئەریستارخۆسی مەکدۆنییان ڕاکێشایە ناو گۆڕەپانی شانۆی شار، کە هاوڕێی پۆڵس بوون لە گەشتەکەیدا. 30پۆڵس ویستی بچێتە ناو خەڵکەکە، بەڵام قوتابییەکان نەیانهێشت. 31هەروەها هەندێک گەورە پیاوی ئاسیا کە دۆستی بوون، پەیامیان بۆ نارد و لێی پاڕانەوە کە نەچێتە شانۆکە.

32ئیتر هەندێک هاواری شتێکیان دەکرد و هەندێک شتێکی دیکە، چونکە کۆڕەکە19‏:32 یۆنانی: ئێکلێسیا‏: کڵێسا.‏ شێوا بوو، زۆربەشیان نەیاندەزانی بۆچی کۆبوونەتەوە. 33ئینجا جولەکەکان بۆ پێشەوە پاڵیان بە ئەسکەندەرەوە دەنا، هەندێک لەو خەڵکە هۆکاری ئەو ئاژاوەیان بۆ ئەو دەگەڕاندەوە. ئەویش دەستی بەرزکردەوە و دەیویست لەبەردەم خەڵکەکە بەرگری لە خۆی بکات. 34بەڵام کە زانییان جولەکەیە، نزیکەی دوو کاتژمێر هەموویان بەیەکەوە هاواریان دەکرد: «پایە بەرزە ئەرتەمیسی ئەفەسۆسییەکان!»

35ئینجا فەرمانڕەوای شارەکە خەڵکەکەی هێمن کردەوە و گوتی: «پیاوانی ئەفەسۆس، کێ هەیە نەزانێت کە شاری ئەفەسۆسییەکان پاسەوانی پەرستگای ئەرتەمیسی گەورە و ئەو پەیکەرەیە کە لە ئاسمانەوە کەوتە خوارەوە؟ 36بۆیە کە ئەمانە نکۆڵییان لێ ناکرێت، پێویستە هێمن بنەوە و هیچ شتێک بە سەرەڕۆیی نەکەن. 37ئێوە ئەم دوو پیاوەتان هێناوە، کە نە پەرستگایان بڕیوە نە کفریان سەبارەت بە خواژنەکەمان کردووە. 38بەڵام ئەگەر دیمیتریۆس و ئەو پیشەوەرانەی کە لەگەڵ ئەون سکاڵایان لە کەسێک هەیە، ئەوا دادگاکان کراونەتەوە و دادوەر هەیە، با سکاڵا لە یەکتری بکەن. 39ئەگەر داوای شتێکی دیکەش دەکەن، ئەوا لە کۆڕی یاساییدا سەیر دەکرێت. 40لە ڕاستیدا لە مەترسیداین بەوەی کە تاوانبار بکرێن بە ئاژاوەنانەوە، لەبەر ئەوەی ئەمڕۆ، هیچ پاساوێکمان نییە بۆ پاکانەی ئەم کۆبوونەوەیە.» 41کە ئەم شتانەی گوت، کۆمەڵەکەی19‏:41 یۆنانی: ئێکلێسیا‏: کڵێسا.‏ بڵاوە پێکرد.