کردار 15 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

کردار 15:1-41

ئەنجومەنی ئۆرشەلیم

1هەندێک کەس لە یەهودیاوە بۆ ئەنتاکیا هاتن و برایانیان فێردەکرد و دەیانگوت: «ئەگەر بەپێی ئەو نەریتەی کە موسا فێری کردن خەتەنە نەکرێن، ناتوانن ڕزگاربن.» 2کاتێک دەمەقاڵە و مشتومڕێکی زۆر لەلایەن پۆڵس و بەرناباس لەگەڵ ئەوان ڕوویدا، پۆڵس و بەرناباس لەگەڵ چەند کەسێکی دیکە دیاری کران، تاکو سەبارەت بەم بابەتە بۆ لای نێردراوان و پیران بەرەو ئۆرشەلیم بەڕێ بکەون. 3پاش ئەوەی کڵێسا ماڵئاواییان لێکردن، بە ناو فینیکیا و سامیرەدا تێپەڕین، باسی ئەوەیان دەکرد کە ناجولەکەکانیش باوەڕیان بە عیسا هێناوە، جا خۆشییەکی زۆریان لەنێو هەموو باوەڕداراندا بڵاوکردەوە. 4کاتێک گەیشتنە ئۆرشەلیم، کڵێسا و نێردراوان و پیران پێشوازییان لێکردن، ئەوانیش هەواڵی هەموو ئەو شتانەیان پێدان کە خودا لە ڕێگەی ئەوانەوە کردبووی.

5بەڵام هەندێک لەوانەی سەر بە ڕێبازی فەریسییەکان بوون و باوەڕیان هێنابوو، هەستان و گوتیان: «دەبێت ئەو باوەڕدارانەی کە جولەکە نین خەتەنە بکرێن و فەرمانیان پێ بکرێت کە کار بە تەوراتی موسا بکەن.»

پەترۆس و پیرانی ئۆرشەلیم

6جا نێردراوان و پیران بۆ لێکۆڵینەوەی ئەم بابەتە کۆبوونەوە. 7پاش مشتومڕێکی زۆر، پەترۆس هەستا و پێی گوتن: «ئەی برایان، ئێوە دەزانن پێش ماوەیەک، خودا لەنێو ئێوەدا هەڵیبژارد کە لە دەمی منەوە ناجولەکەکان مزگێنیی مەسیح ببیستن و باوەڕ بهێنن. 8ئەو خودایەی کە دەزانێت چی لە دڵدایە، شایەتی بۆیان دا بە بەخشینی ڕۆحی پیرۆز بەوانیش هەروەک بە ئێمە. 9بە هیچ شتێک جیاوازی لەنێوان ئێمە و ئەواندا نەکردووە، بە باوەڕ دڵی ئەوانیشی پاک کردووەتەوە. 10ئیتر بۆچی ئێوە خودا تاقی دەکەنەوە، نیرێک15‏:10 نیر: دارێکە دەخرێتە سەر شانی گا یان ڕەشەوڵاخ بۆ ڕاکێشانی عەرەبانە یان ئامێری جووت. دەخەنە سەر شانی ئەو قوتابییانەی کە جولەکە نین، ئەوەی نە باوباپیرانمان و نە خۆمان توانیمان هەڵیبگرین؟ 11بەڵام باوەڕمان هەیە کە بە نیعمەتی عیسای خاوەن شکۆ ڕزگار دەبین، هەروەک ئەوان.»

12ئیتر هەموو ئەندامانی ئەنجومەنەکە بێدەنگ بوون و گوێیان لە بەرناباس و پۆڵس گرت، باسی ئەو نیشانە و پەرجووانەیان دەکرد کە خودا لەسەر دەستی ئەوان لەناو ناجولەکەکان ئەنجامی داوە. 13دوای ئەوەی تەواوبوون، یاقوب گوتی: «ئەی برایان گوێم لێ بگرن. 14شیمۆن15‏:14 مەبەستی لە پەترۆسە.‏ ڕوونی کردەوە چۆن خودا یەکەم جارە بایەخی خۆی بۆ ناجولەکەکان نیشان داوە بۆ ئەوەی لەناو ئەواندا گەلێک ناوی ئەو هەڵبگرن15‏:14 مەبەستی ئەوەیە کە گەلێک بە ناوی خودا بناسرێن.‏. 15وتەی پێغەمبەرانیش لەگەڵ ئەمە ڕێک دەکەوێت، هەروەک نووسراوە:

16«﴿دوای ئەمە دەگەڕێمەوە و

چادرە ڕووخاوەکەی داود هەڵدەدەمەوە،

ڕووخاوییەکانی دروستدەکەمەوە،

سەرلەنوێ بنیادی دەنێمەوە،

17تاکو ئەو خەڵکانەی کە ماونەتەوە ڕوو لە یەزدان بکەن،

هەموو ئەو ناجولەکانەی ناوی منیان هەڵگرتووە.

ئەوە فەرمایشتی یەزدانە، ئەوەی ئەم کارانە ئەنجام دەدات

18کە هەر لە سەرەتاوەش زانراون.﴾15‏:18 ئامۆس 9‏:11‏-12

19«لەبەر ئەوە وای بە باش دەزانم قورسایی نەخەینە سەر شانی ئەو ناجولەکانەی کە بۆ لای خودا گەڕاونەتەوە، 20بەڵکو بۆیان بنووسین، خۆیان دووربخەنەوە لە گڵاوی بتەکان و لە داوێنپیسی و لە گۆشتی ئاژەڵی خنکێنراو و خوێن، 21چونکە هەر لە کۆنەوە فێرکردنی موسا لە هەموو شارێک ڕاگەیەنرابوو و هەموو شەممەیەک لە کەنیشتەکان دەخوێنرایەوە.»

بڕیاری کۆبوونەوەی کڵێسا

22ئینجا نێردراوان و پیران و هەموو کڵێسا بە باشیان زانی دوو پیاو لەناو خۆیاندا هەڵبژێرن و لەگەڵ پۆڵس و بەرناباسدا بیاننێرن بۆ ئەنتاکیا. یەهوزای ناسراو بە بەرساباس و سیلایان هەڵبژارد، کە پێشەوای نێو باوەڕداران بوون. 23بە دەستی خۆیان ئاوایان نووسی15‏:23 بە واتای نامەیەکیان نووسی و بەواندا ناردیان.‏:

لە نێردراوان و پیرانەوە، برایانتان،

بۆ ئەو باوەڕدارانەی جولەکە نین لە ناوچەکانی ئەنتاکیا و سوریا و کیلیکیا:

سڵاو.

24بیستمان کە هەندێک کەس بێ ئەوەی ئێمە ڕایانبسپێرین لەلای ئێمەوە هاتوون و بە قسەکانیان بێزار و دڵگرانیان کردوون. 25بۆیە بە باشمان زانی بە یەک بیروڕاوە چەند پیاوێک هەڵبژێرین و لەگەڵ برایانی خۆشەویستمان بەرناباس و پۆڵس بیاننێرن بۆ لاتان، 26پیاوانێک گیان لەسەر دەستن لە پێناوی ناوی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمان. 27جا یەهوزا و سیلامان نارد بۆ لاتان تاکو هەمان شتتان بە دەم پێ ڕابگەیەنن، 28چونکە ڕۆحی پیرۆز و ئێمەش وامان بە باش زانی هیچ قورساییەک نەخەینە سەر شانتان، جگە لەمانە کە پێویستن: 29خۆتان دووربخەنەوە لەو قوربانییانەی بۆ بت پێشکەش کراون، هەروەها لە خواردنی ئاژەڵی خنکێنراو و خوێن و لە داوێنپیسی. ئەگەر خۆتان لەمانە پاراست، شتی چاک دەکەن.

ماڵ ئاوا.

30ئەمانیش کە بەڕێکران و بۆ ئەنتاکیا هاتن، هەموو کۆمەڵەی باوەڕدارانیان کۆکردەوە و نامەکەیان پێشکەش کرد. 31کاتێک خوێندیانەوە بەو هاندانەی تێیدا بوو زۆر دڵشاد بوون. 32یەهودا و سیلاش کە خۆیان پێغەمبەر بوون، بە زۆر وشە هانی برایانیان دا و ورەیان بەرزکردنەوە. 33پاش ئەوەی ماوەیەکیان بەسەربرد، لەلایەن برایانەوە بە ئاشتییەوە ڕەوانە کرانەوە بۆ لای ئەوانەی ناردبوویانن، [ 34بەڵام سیلا بەلایەوە باشتر بوو لەوێ بمێنێتەوە.] 35پۆڵس و بەرناباسیش هەر لە ئەنتاکیا مانەوە و لەگەڵ زۆر کەسی دیکەدا بەشدارییان کرد لە مزگێنیدان و فێرکردنی پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆ.

جیابوونەوەی پۆڵس و بەرناباس

36پاش چەند ڕۆژێک پۆڵس بە بەرناباسی گوت: «با بگەڕێینەوە بۆ هەموو ئەو شارانەی کە پەیامی مەسیحی خاوەن شکۆمان تێیدا ڕاگەیاندووە و سەر لە برایان بدەین و هەواڵیان بزانین.» 37بەرناباسیش پێشنیاری کرد کە یۆحەنا لەگەڵ خۆیاندا بیبەن، ئەوەی بە مەرقۆس ناسراوە. 38بەڵام پۆڵس پێی باش بوو ئەو کەسە لەگەڵ خۆیاندا نەبەن کە لە پامفیلیادا لێیان جیا بووەوە و لەگەڵیان بۆ کارەکە نەڕۆیشت. 39لەبەر ئەوە دەمەقاڵە کەوتە نێوانیان، تاکو وای لێهات لە یەکتری جیا بوونەوە. ئەوسا بەرناباس مەرقۆسی لەگەڵ خۆی برد و بە دەریادا بۆ قوبرس چوو. 40بەڵام پۆڵس سیلای هەڵبژارد و ڕۆیشتن، دوای ئەوەی لەلایەن باوەڕدارانەوە بە نیعمەتی مەسیحی خاوەن شکۆ سپێردران. 41ئینجا چوونە ناوچەکانی سوریا و کیلیکیا و کڵێساکانیان بەهێز دەکرد.