کردار 11 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

کردار 11:1-30

ڕوونکردنەوەی پەترۆس

1نێردراوان و باوەڕداران کە لە یەهودیا بوون بیستیان کە ناجولەکەکانیش پەیامی خودایان وەرگرتووە. 2کاتێک پەترۆس گەڕایەوە ئۆرشەلیم باوەڕدارانی خەتەنەکراو ڕەخنەیان لێ گرت و 3دەیانگوت: «تۆ چوویتە ماڵی خەڵکێکی خەتەنەنەکراو و نانت لەگەڵیان خواردووە!»

4جا پەترۆس یەک لەدوای یەک دەستی کرد بە ڕوونکردنەوەی ئەوانەی کە ڕوویدابوو و گوتی: 5«لە شاری یافا بووم نوێژم دەکرد، لەهۆش خۆم چووم و بینینێکم بۆ ئاشکرا کرا، شتێک لە ئاسمانەوە وەک چەرچەفێکی گەورە بە هەر چوار لایەوە بۆ لای من شۆڕکرایەوە. 6سەیرم کرد و لێی وردبوومەوە، چوارپێی زەوی و ئاژەڵی کێوی، خشۆک و باڵندەی ئاسمانم بینی. 7ئینجا گوێم لە دەنگێک بوو پێی فەرمووم: ”پەترۆس هەستە، سەربڕە و بخۆ!“

8«بەڵام گوتم: ”نەخێر، ئەی پەروەردگار، چونکە هەرگیز گڵاو یان حەرام نەچووەتە دەمم.“

9«دەنگەکە دووبارە لە ئاسمانەوە فەرمووی: ”ئەوەی خودا پاکی کردووەتەوە تۆ بە گڵاوی دامەنێ.“ 10ئەمە سێبارە بووەوە و هەموو شتەکان بۆ ئاسمان ڕاکێشرانەوە.

11«ئەوە بوو یەکسەر سێ پیاو لەپێش ئەو ماڵە ڕاوەستان کە ئێمەی لێبوو، لە قەیسەرییەوە بۆ لام نێردرابوون، 12ڕۆحی پیرۆز پێی فەرمووم کە بێ دوودڵی لەگەڵیان بڕۆم، ئەم شەش برایەش لەگەڵم هاتن و چووینە ماڵی پیاوەکە. 13ئەویش بۆی گێڕاینەوە چۆن فریشتەی لە ماڵەکەیدا بینیوە ڕاوەستاوە و گوتوویەتی: ”بنێرە بۆ یافا بەدوای شیمۆندا کە نازناوی پەترۆسە، 14ئەو پەیامێکتان دەداتێ بەهۆیەوە خۆت و هەموو ماڵەکەت ڕزگارتان دەبێت.“

15«کاتێک دەستم بە قسە کرد، ڕۆحی پیرۆزیان بەسەردا ڕژا، وەک لە سەرەتادا هاتە سەر ئێمەش. 16قسەکەی عیسای خاوەن شکۆم بەبیر هاتەوە کە فەرمووی: ”یەحیا خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا، بەڵام ئێوە لە ڕۆحی پیرۆز هەڵدەکێشرێن.“ 17جا ئەگەر خودا هەمان دیاریی بەوان دابێت هەروەک بە ئێمەی داوە کە باوەڕمان بە عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ هێنا، ئیتر من کێم بتوانم ڕێگا لە خودا بگرم؟»

18کاتێک گوێیان لەمە بوو، بێدەنگ بوون و ستایشی خودایان کرد و گوتیان: «کەواتە خودا تۆبەکردنی تەنانەت بە ناجولەکەکانیش بەخشیوە بۆ ئەوەی ژیانی هەتاهەتاییان هەبێت.»

کڵێسای ئەنتاکیا

19ئینجا ئەو کەسانەی بەهۆی ئەو چەوسانەوەیەی بەسەر ستیفانۆسدا هات پەرشوبڵاو ببوونەوە، پەڕینەوە بۆ فینیکیا و قوبرس و ئەنتاکیا، باسی پەیامی خودایان بۆ کەس نەدەکرد، بۆ جولەکە نەبێت. 20بەڵام هەندێکیان خەڵکی قوبرس و کورێن11‏:20 گەورەترین شار لە وڵاتی لیبیا لەو سەردەمە.‏ بوون، کاتێک هاتنە ئەنتاکیا، قسەیان بۆ یۆنانییەکان دەکرد و مزگێنیی عیسای خاوەن شکۆیان دەدا. 21یەزدان پشتگیری کردن، ژمارەیەکی زۆر باوەڕیان هێنا و بۆ عیسای خاوەن شکۆ گەڕانەوە.

22ئەم هەواڵە گەیشتە کڵێسای ئۆرشەلیم، ئەوانیش بەرناباسیان بۆ ئەنتاکیا نارد. 23کاتێک گەیشت و نیعمەتی خودای بینی، دڵشاد بوو، هەمووانی هاندا بە هەموو دڵیانەوە لەگەڵ مەسیحی خاوەن شکۆ بمێننەوە، 24چونکە پیاوچاک بوو، پڕبوو لە ڕۆحی پیرۆز و باوەڕ. خەڵکێکی زۆریش هاتنە پاڵ مەسیحی خاوەن شکۆ.

25ئەوسا چوو بۆ تەرسۆس تاکو بەدوای شاولدا بگەڕێت، 26کاتێک دۆزییەوە بۆ ئەنتاکیای هێنا. ئیتر ساڵێکی تەواو لە کڵێسا کۆبوونەوە و خەڵکێکی زۆریان فێرکرد. یەکەم جاریش لە ئەنتاکیا قوتابییەکان ناویان لێنرا مەسیحی11‏:26 یۆنانی: کریستیانۆی‏.‏.

27لەو ڕۆژانەدا هەندێک پێغەمبەر لە ئۆرشەلیمەوە هاتنە ئەنتاکیا، 28یەکێک لەوان ناوی ئاگابۆس بوو، هەستا و لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆزەوە پێشبینیی کرد کە قاتوقڕییەکی گەورە هەموو جیهان دەگرێتەوە، ئەوەی لە سەردەمی کلودیۆسیش ڕوویدا. 29بۆیە قوتابییەکان بڕیاریان دا هەریەکە بەگوێرەی توانای خۆی یارمەتی بنێرێت بۆ ئەو خوشک و برایانەی لە یەهودیا دەژین. 30ئینجا ئەمەیان کرد و لە ڕێگەی بەرناباس و شاولەوە یارمەتییەکەیان بۆ پیرانی یەهودیا نارد.