کردار 10 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

کردار 10:1-48

پەترۆس و کۆرنیلیۆس

1لە شاری قەیسەرییە پیاوێک بە ناوی کۆرنیلیۆس هەبوو، سەرپەل10‏:1 وشە یۆنانییەکە مەبەست لە سەرکردەی سەد سەربازە لە سوپای ڕۆم.‏ بوو لەو لیوایەی پێی دەگوترا ئیتالی. 2خۆی و هەموو ماڵەکەی خواپەرست و لەخواترس بوون، زۆر هاوکاری خەڵکی هەژاری دەکرد و هەموو کاتێک نوێژی بۆ خودا دەکرد. 3نزیکەی کاتژمێر سێی10‏:3 یۆنانی: کاتژمێری نۆیەم.‏ دوای نیوەڕۆ، بە ڕوونی فریشتەیەکی خودا لە بینینێکدا هاتە لای و پێی گوت: «کۆرنیلیۆس!»

4بە ترسەوە سەیری کرد و گوتی: «بەڵێ گەورەم؟»

پێی گوت: «نوێژەکانت و چاکەکانت وەک یادەوەری بەرز بوونەتەوە بەردەم خودا. 5ئێستا چەند پیاوێک بۆ یافا بنێرە و ئەو شیمۆنەی پێی دەگوترێ پەترۆس بیهێنن. 6لە ماڵی شیمۆنی پێستەخۆشکەرە، ماڵەکەی لەسەر دەریایە.»

7کاتێک ئەو فریشتەیەی کە قسەی لەگەڵی کرد ڕۆیشت، دووان لە خزمەتکارەکانی و سەربازێکی خواپەرستی بانگکرد کە یەکێک بوو لە دارودەستە تایبەتەکەی، 8هەموو شتێکی بۆ گێڕانەوە و ناردیانی بۆ یافا.

بینینی پەترۆس

9بۆ بەیانی، کاتێک بە ڕێگاوە بوون و لە شارەکە نزیک دەبوونەوە، نزیکەی کاتژمێر دوازدە10‏:9 یۆنانی: کاتژمێری شەشەم.‏، پەترۆس بۆ نوێژکردن چووە سەربان. 10ئیتر برسی بوو و دەیویست نان بخوات، بەڵام لە کاتی ئامادەکردنی خواردندا، لەهۆش خۆی چوو. 11ئاسمانی بە کراوەیی بینی، شتێک لە شێوەی چەرچەفێکی گەورە دەهاتە خوارەوە بۆ سەر زەوی کە لە هەر چوار لاوە گرێدرا بوو. 12هەموو جۆرە ئاژەڵی چوارپێ و خشۆکی سەر زەوی و باڵندەی ئاسمانی تێدابوو. 13ئینجا دەنگێک بانگی کرد: «پەترۆس هەستە، سەربڕە و بخۆ!»

14پەترۆس گوتی: «نەخێر، ئەی پەروەردگار، چونکە هەرگیز شتی گڵاو یان حەرامم نەخواردووە.»

15دیسان دەنگەکە لەگەڵی دوا: «ئەوەی خودا پاکی کردووەتەوە تۆ بە گڵاوی دامەنێ.»

16ئەمەش سێبارە بووەوە و دەستبەجێ چەرچەفەکە بۆ ئاسمان بەرزکرایەوە.

17کە پەترۆس سەرسام بوو لەوەی کە ئاخۆ دەبێت ئەو بینینە چی بێت، ئەو پیاوانەی کە کۆرنیلیۆس ناردبوونی، بە پرسیار ماڵی شیمۆنیان دۆزییەوە و لە بەردەرگا وەستان. 18بانگیان کرد و پرسییان، ئاخۆ ئەو شیمۆنەی نازناوی پەترۆسە لێرەیە.

19لە کاتێکدا پەترۆس هەر بیری لە بینینەکە دەکردەوە، ڕۆحی پیرۆز پێی فەرموو: «سێ پیاو لە بەردەرگا لێت دەپرسن. 20هەستە بڕۆ خوارەوە و بێ دوودڵی لەگەڵیان بڕۆ، چونکە من ئەوانم ناردووە.»

21پەترۆسیش بۆ لای پیاوەکان هاتە خوارەوە و گوتی: «ئەوەی دەتانەوێ منم. بۆچی هاتوون؟»

22گوتیان: «کۆرنیلیۆسی سەرپەل، پیاوێکی ڕاستودروست و لەخواترسە، هەموو گەلی جولەکەش شایەتی بۆ دەدەن. بەهۆی فریشتەیەکی پیرۆز ڕێنمایی کرا کە بۆ ماڵەکەی خۆی بانگت بکات و گوێ لە قسەکانت بگرێت.» 23جا پەترۆس بۆ ژوورەوە بانگهێشتی کردن و میوانداری کردن.

پەترۆس لە ماڵی کۆرنیلیۆس

بۆ بەیانی پەترۆس هەستا و لەگەڵیان ڕۆیشت، هەروەها هەندێک لە باوەڕدارانی خەڵکی یافاش یاوەری بوون. 24بۆ ڕۆژی دووەم چوو بۆ قەیسەرییە. کۆرنیلیۆس چاوەڕێی دەکردن، خزم و دۆستانی نزیکی خۆی کۆکردبووەوە. 25کاتێک پەترۆس هاتە ژوورەوە، کۆرنیلیۆس پێشوازی لێکرد و لەبەرپێی کەوت و کڕنۆشی برد. 26پەترۆس هەڵیستاندەوە و گوتی: «هەستە! منیش مرۆڤم!»

27کاتێک پەترۆس قسەی لەگەڵ دەکرد چووە ژوورەوە و خەڵکێکی زۆری بینی کۆبوونەتەوە، 28پێی گوتن: «دەزانن بۆ جولەکە ڕێپێنەدراوە تێکەڵاوی ناجولەکە بێت یان بچێتە لای. بەڵام خودا پیشانی دام بە کەس نەڵێم گڵاو یان پیس10‏:28 بڕوانە 10‏:14.‏. 29بۆیە کە بانگکرام بێ ناڕەزایی دەربڕین هاتم. دەکرێت بپرسم بۆچی منتان بانگکردووە؟»

30کۆرنیلیۆس گوتی: «چوار ڕۆژ لەمەوبەر، لەم کاتەدا کە کاتژمێر سێی10‏:30 یۆنانی: کاتژمێری نۆیەم.‏ پاش نیوەڕۆ بوو، لە ماڵی خۆم نوێژم دەکرد. لەپڕ پیاوێک بە جلی بریسکەدارەوە لەبەردەمم ڕاوەستا، 31گوتی: ”کۆرنیلیۆس نوێژەکانت بیستران و خێرەکانت لەبەردەم خودا یادکرانەوە. 32بۆیە بۆ یافا بەدوای شیمۆندا بنێرە کە نازناوی پەترۆسە. لە ماڵی شیمۆنی پێستەخۆشکەرە، لەسەر دەریا.“ 33منیش دەستبەجێ بەدوای تۆدا ناردم، تۆش چاکت کرد کە هاتی. ئێستا هەموو لەبەردەم خودا ئامادەین، تاکو گوێ بگرین لە هەموو ئەوەی پەروەردگار فەرمانی پێکردووی.»

وتاری پەترۆس

34پەترۆس دەمی کردەوە و گوتی: «لەڕاستیدا تێگەیشتم خودا لایەنگری کەس ناکات، 35بەڵکو لە هەر نەتەوەیەک ئەوەی ترسی ئەوی لە دڵدا بێت و کاری ڕاستودروست بکات، لەلای پەسەندە. 36ئەو پەیامە دەزانن کە خودا بۆ گەلی ئیسرائیلی نارد، مزگێنیی ئاشتی لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە ڕادەگەیەنێت، کە پەروەردگاری هەمووانە. 37ئەو شتانە دەزانن کە لە هەموو یەهودیا ڕوویدا، بە دەستپێکردن لە جەلیلەوە دوای ئەوەی یەحیا لەئاوهەڵکێشانەکەی ڕاگەیاند، 38چۆن خودا بە ڕۆحی پیرۆز و هێز عیسای ناسیرەیی دەستنیشان کرد10‏:38 لە پەیمانی کۆن داود لەلایەن ساموئێلەوە چەورکرا کە هەڵبژاردەی خودایە، ئەم چەورکردنەش وەکو نەریتێک بەردەوام بوو بۆ ڕزگاریی خودا.‏، ئەوەی دەگەڕا و چاکەی دەکرد و هەموو ئەوانەی ئیبلیس دەستی بەسەریاندا گرتبوو چاکی دەکردنەوە، چونکە خودا لەگەڵی بوو.

39«ئێمە شایەتی هەموو ئەو شتانەین کە لە ناوچەی یەهودیا و ئۆرشەلیم کردی. ئەوەی بە هەڵواسینی بە دارەوە کوشتیان، 40بەڵام خودا لە ڕۆژی سێیەمدا لەنێو مردوواندا هەڵیستاندەوە وای کرد دەربکەوێت، 41نەک بۆ هەموو گەل، بەڵکو بۆ ئەو شایەتانەی کە خودا پێشتر هەڵیبژاردن، بۆ ئێمە کە پاش هەستانەوەی لەنێو مردووان، لەگەڵیدا خواردمان و خواردمانەوە. 42ئینجا فەرمانی پێداین جاڕبدەین بۆ گەل و شایەتی بدەین کە خودا ئەوی بە دادوەری زیندووان و مردووان داناوە. 43هەموو پێغەمبەران شایەتیی بۆ دەدەن کە هەرکەسێک باوەڕی پێ بهێنێت، بە ناوی ئەو گوناهەکانی دەبەخشرێت.»

وەرگرتنی ڕۆحی پیرۆز

44کاتێک پەترۆس باسی ئەم شتانەی دەکرد، ڕۆحی پیرۆز ڕژایە سەر هەموو ئەوانەی گوێیان لە پەیامەکە گرتبوو. 45ئەو باوەڕدارە خەتەنەکراوانەی کە لەگەڵ پەترۆس بوون سەریان سوڕما کە ڕۆحی پیرۆز وەک دیارییەک بەسەر ناجولەکەکانیشدا ڕژا، 46چونکە گوێیان لێیان بوو بە زمانە ڕۆحییەکان دەدوێن و ستایشی خودا دەکەن.

ئینجا پەترۆس گوتی: 47«کەس هەیە ڕێگا بگرێت لە لەئاوهەڵکێشانی ئەمانە کە وەک ئێمە ڕۆحی پیرۆزیان وەرگرتووە؟» 48بۆیە فەرمانی پێدان بە ناوی عیسای مەسیح لە ئاو هەڵبکێشرێن. ئینجا داوایان لە پەترۆس کرد چەند ڕۆژێک لەلایان بمێنێتەوە.