کردار 1 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

کردار 1:1-26

بەرزکردنەوەی عیسا بۆ ئاسمان

1بەڕێز ساوفیلۆس، لە پەڕتووکی یەکەممدا دەربارەی هەموو ئەوەی کە عیسا دەستی کرد بە ئەنجامدان و فێرکردنی نووسیومە، 2هەتا ئەو ڕۆژەی تێیدا بەرزکرایەوە، دوای ئەوەی لە ڕێگەی ڕۆحی پیرۆزەوە ئەو نێردراوانەی ڕاسپارد کە هەڵیبژاردن. 3دوای ئازارچێژتنی بە چەندین بەڵگە بە زیندوویی خۆی پیشاندان، لە ماوەی چل ڕۆژدا بۆیان دەرکەوت و سەبارەت بە شانشینی خودا بۆیان دوا. 4کاتێک پێکەوە نانیان دەخوارد، ڕایسپاردن: «ئۆرشەلیم بەجێمەهێڵن، بەڵکو چاوەڕێی بەڵێنەکەی باوک بکەن کە لە منەوە بیستتان. 5یەحیا خەڵکی لە ئاو هەڵدەکێشا، بەڵام ئێوە پاش چەند ڕۆژێکی کەم لە ڕۆحی پیرۆز هەڵدەکێشرێن1‏:5 یۆنانی: باپتیزۆ‏، بە واتای شوشتن دێت بۆ پاکبوونەوە لە گوناه، وەک (بسمیلکردن).‏

6ئەوانەی پێکەوە کۆببوونەوە لێیان پرسی: «ئەی خاوەن شکۆ، لەم کاتەدا پاشایەتی بۆ ئیسرائیل دەگەڕێنیتەوە؟»

7وەڵامی دانەوە: «بۆتان نییە ئەو کات و سەردەمانە بزانن کە باوک بە دەسەڵاتی خۆی دایناون. 8بەڵام کاتێک ڕۆحی پیرۆزتان دێتە سەر، هێز وەردەگرن و بۆ من دەبنە شایەت، لە ئۆرشەلیم و هەموو یەهودیا و سامیرە، تاکو ئەوپەڕی زەوی.»

9ئەمەی فەرموو و ئەوانیش تەماشایان دەکرد، بەرزکرایەوە، هەورێک لەبەرچاویان شاردییەوە.

10کاتێک ئەو دەڕۆیشت، ئەوان سەرنجیان لە ئاسماندا بوو، ئەوە بوو دوو پیاو بە جلی سپییەوە لەلایانەوە ڕاوەستاون. 11پێیان گوتن: «ئەی جەلیلییەکان، بۆچی ڕاوەستاون سەیری ئاسمان دەکەن؟ ئەم عیسایە، کە لەنێوتاندا بۆ ئاسمان بەرزکرایەوە، چۆن بینیتان دەچووە ئاسمان، ئاواش دێتەوە.»

هەڵبژاردنی یەکێک لە جێی یەهوزا

12ئینجا لەو کێوەی پێی دەگوترا زەیتوون گەڕانەوە ئۆرشەلیم کە بەقەد ڕۆیشتنێکی شەممە لە ئۆرشەلیم نزیک بوو.1‏:12 ئەو دووریەیە کە جولەکەیەک بۆی هەیە لە ڕۆژی شەممەدا بیبڕێت. ئەویش تەنها (1100 مەترە)، چونکە وەک نەریتێکی ئایینی ڕۆژی شەممە بۆ پشوودانە.‏ 13کاتێک گەیشتن، چوونە ژوورێک لە نهۆمی سەرەوە، ئەوەی کە تێیدا دەمانەوە، ئەوانیش ئەمانە بوون:

پەترۆس و یۆحەنا و یاقوب،

ئەندراوس و فیلیپۆس و تۆماس،

بەرتۆلماوس و مەتا و یاقوبی کوڕی حەلفی،

شیمۆنی دڵگەرم1‏:13 یۆنانی: زێلۆتێس‏، پارتێکی ڕادیکالی جولەکە بوو، مەتا 10‏:4‏.‏ و یەهوزای برای یاقوب.

14هەموو بە یەک دڵ بەردەوام بوون لەسەر نوێژکردن، لەگەڵ ژنەکان و مریەمی دایکی عیسا و براکانی.

15ڕۆژێکیان پەترۆس کە لەنێوان نزیکەی سەد و بیست باوەڕداردا بوو، هەستا و گوتی: 16«خوشک و برایان، دەبووایە نووسراوە پیرۆزەکە بێتە دی، پێشتر لەبارەی یەهوزاوە ڕۆحی پیرۆز لەسەر زمانی داود فەرموویەتی، کە بوو بە ڕێبەر بۆ ئەوانەی عیسایان گرت. 17بە یەکێک لە ئێمە دەژمێردرا و لەم خزمەتەدا بەشی هەبوو.»

18(یەهوزا بە پاداشتی ناپاکی کێڵگەیەکی دەستکەوت، بەڵام بەدەمدا کەوت و لە ناوەڕاستەوە شەق بوو، هەموو هەناوی هاتە دەرەوە. 19هەموو دانیشتووانی ئۆرشەلیم بەمەیان زانی، لەبەر ئەوە لە زمانی خۆیان ئەو کێڵگەیان ناو نا حەقل دەمخ، کە بە واتای کێڵگەی خوێن دێت.)

20پەترۆس درێژەی پێدا و گوتی: «لە پەڕتووکی زەبووردا نووسراوە:

«﴿با ماڵەکەی چۆڵ بێت،

کەس نەبێت تێیدا نیشتەجێ بێت!﴾1‏:20 زەبوورەکان 69‏:25.‏

هەروەها:

﴿با یەکێکی دیکە ئەرکەکەی ئەو وەربگرێت.﴾1‏:20 زەبوورەکان 109‏:8.‏

21کەواتە با یەکێک لەو پیاوانەی کە یاوەرمان بوون بە درێژایی ئەو ماوەیەی عیسای مەسیح لەنێوماندا دەژیا، 22هەر لە لەئاوهەڵکێشانەکەیەوە لەلایەن یەحیا هەتا ئەو ڕۆژەی بەرزکرایەوە، لەگەڵماندا ببێتە شایەتی هەستانەوەکەی.»

23جا دووانیان هێنایە پێشەوە، یوسف کە بە بارساباس ناودەبردرا و نازناوی یوستۆس بوو، لەگەڵ مەتیاس. 24نوێژیان کرد و گوتیان: «ئەی یەزدان، تۆ بە دڵی هەمووان دەزانیت، بۆمان دەربخە لەم دووانە کامەیانت هەڵبژاردووە، 25تاکو شوێنی ئەو خزمەت و نێردراویێتییە بگرێتەوە، کە یەهوزا لێی لادا، بۆ ئەوەی بچێتە شوێنی خۆی.» 26ئینجا تیروپشکیان بۆ کردن و تیروپشکەکە مەتیاسی گرتەوە، لەگەڵ یازدە نێردراوەکە ژمێردرا.