ژیرمەندی 9 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ژیرمەندی 9:1-18

یەک ڕووداو بۆ هەمووان

1ئیتر لە هەموو ئەوانە ڕامام و بۆم دەرکەوت کە ڕاستودروستان و دانایان و کردەوەکانیان لەژێر دەسەڵاتی خودان، بەڵام کەس نازانێت لە ڕێگەی خۆشەویستی یان ڕق لێبوونەوەوە دێت. 2هەموویان یەک چارەنووسیان هەیە، ڕاستودروست و بەدکار، چاک و خراپ، پاک و گڵاو، قوربانی سەربڕ و ئەوەی قوربانی سەرنابڕێت؛

چاکەکار و گوناهبار،

سوێندخۆر و ئەوەی دەترسێت سوێند بخوات.

3ئەمە ئەو خراپەیە کە لە پشتی هەموو ڕووداوەکانی سەر زەوییە: کە یەک چارەنووس بۆ هەمووان بێت، هەروەها دڵی ئادەمیزاد پڕە لە خراپە، شێتییش لە دڵیاندایە لە کاتێکدا زیندوون و پاشان کە دەچنە پاڵ مردووان. 4هەرکەسێک کە لەنێو زیندووان بێت، ئومێدەوارە. تەنانەت سەگی زیندووش لە شێری تۆپیو چاکترە!

5زیندووان دەزانن کە دەمرن،

بەڵام مردووان هیچ نازانن و

لەمەودواش پاداشتیان نییە،

تەنانەت ناویان لەبیرکراوە.

6خۆشەویستی و ڕق و

بەغیلیشیان لەمێژە لەناوچوون،

ئیتر بەشیان نییە هەتاهەتایە

لە هەموو ئەوەی لەسەر زەویدا دەکرێت.

7بڕۆ بە شادی نانی خۆت بخۆ و بە دڵێکی خۆش شەرابی خۆت بنۆشە، چونکە لەمێژە خودا لە کردەوەت ڕازییە. 8با هەموو کاتێک جلوبەرگت سپی بێت و زەیت لە سەری خۆت بدە. 9خۆشی ببینە لەگەڵ ژنەکەت کە خۆشت دەوێت، هەموو ڕۆژانی ژیانی بێ واتات، کە خودا لەسەر زەوی پێیداویت، هەموو ڕۆژانی بێ واتات، چونکە ئەمە بەشی تۆیە لە ژیان و لە ماندووبوونەکەت کە لەسەر زەوی پێوەی ماندوو دەبیت. 10ئەوەی لە دەستت دێت، بەوپەڕی هێز و تواناوە بیکە، چونکە نە کار و نە پلاندانان و نە زانین و نە دانایی نییە لە جیهانی مردووان، ئەوەی تۆ دەچیت بۆ ئەوێ.

11دیاردەیەکی نوێم لەسەر زەوی بینی:

ڕاکردن بۆ سووکەڵەکان نییە و

جەنگ بۆ پاڵەوانان نییە و

نان بۆ دانایان نییە و

دەوڵەمەندی بۆ تێگەیشتووان نییە و

پەسەندی بۆ زانایان نییە،

چونکە کات و بەخت تووشی هەمووان دێت.

12هەروەها مرۆڤ کاتی خۆی نازانێت:

وەک ئەو ماسییانەی بە تۆڕێکی لەناوبەر دەبردرێن،

یان وەک ئەو چۆلەکانەی بە تەڵەوە دەبن،

ئادەمیزادیش بە هەمان شێوەی ئەوان

لەناکاو و لە کاتێکی خراپدا دەکەونە تەڵەوە.

دانایی لە گێلایەتی باشترە

13ئەم داناییەشم لەسەر زەویدا بینی، لەلای من مەزنە: 14شارێکی بچووک و خەڵکێکی کەمی تێدابوو، پاشایەکی مەزن پەلاماری دا و ئابڵوقەی دا و قوللەی مەزنی بەدەوریدا بنیاد نا. 15ئەو شارە پیاوێکی هەژاری دانای تێدابوو، بە دانایی خۆی شارەکەی دەرباز کرد. بەڵام کەس ئەو پیاوە هەژارەی لەبیر نەما. 16منیش گوتم: «دانایی لە هێز باشترە،» بەڵام دانایی هەژاریش بە سووکی تەماشا دەکرێت و گوێ لە قسەکانی ناگیرێت.

17قسەی بە هێمنی لەلایەن دانایان شایانی سەرنجدانە

زیاتر لە هاواری دەسەڵاتدار لەناو گێلان.

18دانایی لە چەکی جەنگ چاکترە،

بەڵام یەک گوناهبار چاکەیەکی زۆر تێک دەدات.