ژیرمەندی 8 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ژیرمەندی 8:1-17

1کێ وەک مرۆڤی دانایە؟

کێ ڕوونکردنەوەی شت دەزانێت؟

دانایی مرۆڤ ڕووی ڕووناک دەکاتەوە و

تاڵی ڕوخساری دەگۆڕێت.

فەرمانی پاشا بەجێبگەیەنە

2من دەڵێم: فەرمانی پاشا بەجێبگەیەنە، لە پێناوی ئەو سوێندەی کە بۆ خودات خوارد. 3پەلە مەکە لە ڕۆیشتن لەبەردەمی پاشا. داکۆکی لە خراپە مەکە، چونکە پاشا هەرچی پێی خۆش بێت دەیکات. 4فەرمایشتی پاشا فەرموودەی دەسەڵاتدارە، کێ دەتوانێت پێی بڵێت: «تۆ چی دەکەیت؟»

5ئەوەی فەرمانەکەی بەجێبگەیەنێت تووشی خراپە نابێت،

دڵی داناش کات و ڕێوشوێنی گونجاو دەزانێت،

6چونکە هەر شتێک کات و ڕێوشوێنی خۆی هەیە،

هەرچەندە مرۆڤ دەردەسەری زۆر بێت.

7کەس نازانێت لە داهاتوودا چی دەبێت،

ئەوەی ڕوودەدات کێ پێی ڕادەگەیەنێت؟

8وەک چۆن کەس دەسەڵاتی بەسەر بادا نییە، بۆ ئەوەی با بگرێت،

مرۆڤ دەسەڵاتی بەسەر ڕۆژی مردندا نییە.

وەک چۆن نەسرەوتن لە کاتی شەڕدا نییە،

خراپەکار توانای نییە خۆی لە خراپە ئازاد بکات.

9هەموو ئەمانەم بینی، کە سەرنجم دایە هەموو ئەو کارانەی لەسەر زەوی کراون. کاتێک هەیە کەسێک بەسەر کەسێکی دیکەدا دەسەڵاتدار دەبێت بۆ زیانی خۆی. 10بەم جۆرە بینیم خراپەکاران لە گۆڕ نران، ئەوانەی کە لە شوێنی پیرۆزەوە هاتوچۆیان دەکرد و لەو شارەی ئەو کارانەیان کرد ستایش کرابوون. ئەمەش هەر بێ واتایە.

11لەبەر ئەوەی سزای تاوان بە پەلە جێبەجێ ناکرێت، دڵی ئادەمیزاد پڕ بووە لە پیلانی خراپ. 12هەرچەندە بەدکار کە سەد جار تاوانی کردبێت و تەمەنێکی درێژ بژیێت، بەڵام من دەزانم کە بۆ لەخواترس کە ڕێزی خودا دەگرێت باشتر دەبێت. 13بەڵام بۆ بەدکاران چاک نابێت و وەک سێبەر ڕۆژانیان درێژە ناکێشێت، چونکە لە خودا ناترسن.

14شتێکی دیکەی بێ واتا هەیە کە لەسەر زەویدا دەکرێت، ئەمەیە: ڕاستودروستان هەن بەگوێرەی کاری بەدکارانیان بەسەردا دێت و بەدکارانیش هەن بەگوێرەی کاری ڕاستودروستانیان بەسەردا دێت. گوتم، ئەمەش هەر بێ واتایە. 15لەبەر ئەوە ئامۆژگاری دەکەم بەشدار بن لە شادی، چونکە کوا چاکە بۆ مرۆڤ لەسەر زەوی؟ بێجگە لەوەی کە بخوات و بخواتەوە و شادبێت و ئەمەی بۆ دەمێنێتەوە لە ماندووبوونەکەی بە درێژایی ژیانی، کە خودا پێیداوە لەسەر زەویدا.

16کاتێک سەرنجم دایە دانایی و ڕەنجکێشانی خەڵکی زەوی، کە شەو و ڕۆژ خەو نەدەچووە چاویان، 17هەموو ئەوەی خودا ئەنجامی داوە بینیم. کەس ناتوانێت لە کارەکانی خودا لەسەر زەوی تێ بگات. سەرەڕای ئەوەی مرۆڤ ماندوو دەبێت بۆ دۆزینەوەی بنچینەکەی، بەڵام نایدۆزێتەوە. هەرچەندە کەسی داناش دەڵێت دەزانم، بەڵام ناتوانێت بیدۆزێتەوە.