ژیرمەندی 7 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ژیرمەندی 7:1-29

دانایی

1ناوبانگی باش لە بۆنی خۆش باشترە و

ڕۆژی مردنیش لە ڕۆژی لەدایکبوون.

2چوون بۆ ماڵی ماتەمدار باشترە

لە چوون بۆ ماڵی ئاهەنگدار،

چونکە مردن کۆتایی هەموو مرۆڤێکە،

زیندوو دەیخاتە دڵی خۆیەوە.

3وەڕسبوون لە پێکەنین باشترە،

چونکە بە خەمۆکی ڕوخسار دڵ چاک دەبێتەوە.

4دڵی دانایان لە ماڵی ماتەمدارە و

دڵی گێلانیش لە ماڵی ئاهەنگدارە.

5گوێگرتن لە سەرزەنشتی دانا باشترە

لە گوێگرتن لە گۆرانیی گێلەکان،

6چونکە پێکەنینی پیاوی گێل،

وەک قرچەی دڕکە کە لەژێر مەنجەڵدا.

ئەمەش هەر بێ واتایە.

7زۆرداری پیاوی دانا گێل دەکات و

بەرتیل دڵ گەندەڵ دەکات.

8کۆتایی شت باشترە لە سەرەتاکەی،

پشوو درێژ باشترە لە هەڵەشە.

9لە ناخەوە زوو پەست مەبە،

چونکە تووڕەیی لەناو سنگی گێلەکاندا جێگیرە.

10مەڵێ: «بۆچی سەردەمانی کۆن لە ئەمڕۆ باشتر بوون؟»

چونکە لە داناییەوە نییە لەمە پرسیار دەکەیت.

11دانایی باشە وەک میرات و

بە سوودە بۆ ئەوانەی کە خۆر دەبینن.

12دانایی پەناگایە

وەک چۆن پارەش پەناگایەکە،

بەڵام ئەمە سوودی زانینە:

دانایی ژیان دەبەخشێت بە خاوەنەکەی.

13تەماشای کاری خودا بکە:

کێ دەتوانێت ڕاستی بکاتەوە

ئەوەی خودا خواری کردووەتەوە؟

14لە ڕۆژی باشدا، لە خۆشیدا بە،

بەڵام لە ڕۆژی خراپدا، ئەوە بزانە کە

خودا هەردووکیانی دروستکردووە.

ئیتر مرۆڤ ناتوانێت هیچ شتێک

سەبارەت بە داهاتووەکەی بدۆزێتەوە.

15لە ڕۆژگاری بێ واتای خۆمدا ئەم دووانەم بینی:

کەسی ڕاستودروست هەیە بە ڕاستودروستییەکەی دەفەوتێت،

خراپەکاریش هەیە درێژە بە خراپەکەی دەدات.

16زۆر ڕاستودروست مەبە و

زیاد دانا مەبە.

بۆچی خۆت تێکدەدەیت؟

17زۆر بەدکار مەبە و

مەبە بە گێل.

بۆچی بمریت لە کاتی خۆت نەبێت؟

18باشترە دەست بە یەکێکیانەوە بگریت و

دەست لەوەی دیکەش شل نەکەیت،

چونکە لەخواترس بە هیچ شێوەیەک زیادەڕۆیی ناکات.

19دانایی دانا بەهێزتر دەکات

لە دە فەرمانڕەوا کە لە شاردا بن.

20بێگومان هیچ مرۆڤێکی ڕاستودروست لەسەر زەویدا نییە،

کە چاکە دەکات و هەرگیز گوناه ناکات.

21هەروەها هەموو قسەیەک کە دەیکەن دڵی خۆتی مەدەرێ،

نەوەک گوێت لە خزمەتکارەکەت بێت نەفرەتت لێ بکات،

22چونکە دڵت دەزانێت

کە تۆش زۆر جار نەفرەتت لەوانی دیکە کردووە.

23هەموو ئەمانەم بە دانایی تاقی کردەوە و گوتم:

«دانا دەبم،»

کەچی لێم دوور بوو.

24ئەو داناییە کە هەیە دوورە و زۆر قووڵە؛

کێ دەیدۆزێتەوە؟

25هاتم سەرنجم دا لە دانایی و لێم کۆڵییەوە و

گەڕام بەدوای ڕاستیەکاندا بۆ ئەوەی لێی تێبگەم،

لە ئەنجامدا بۆم دەرکەوت کە خراپەکاری نەزانینە و

گێلایەتیش شێتییە.

26من دۆزیمەوە کە لە مردن تاڵترە

ئەو ژنەی کە تۆڕە و دڵی تەڵەیە،

دەستەکانیشی کۆتن.

ئەوەی لەبەردەم خودا چاک بێت، لێی دەرباز دەبێت،

بەڵام گوناهبار بە تەڵەکەیەوە دەبێت.

27وتاربێژی ژیرمەند دەڵێت: «سەیر بکە، ئەمەم دۆزییەوە:

«بۆ ئەوەی بگەمە ئەنجامی ڕاستییەکان زانیارییەکانم یەک بە یەک کۆکردەوە،

28لە کاتێکدا کە هێشتا دەگەڕام و

جارێ نەگەیەشتبوومە ئەنجام،

پەندێکم بیستووە کە دەڵێت:

”لەنێو هەزار پیاودا تەنها یەکێکم دۆزییەوە،

بەڵام لەنێو هەموویان یەک ئافرەتم نەبینی.“

29تەنها شتێکم دۆزیوەتەوە، ئەمەش ئەوەیە:

خودا مرۆڤی لەسەر بنچینەیەکی ڕاست دروستکردووە،

بەڵام ئەوان دوای داهێنانی زۆر کەوتوون.»