ژیرمەندی 5 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ژیرمەندی 5:1-20

ئەنجامدانی نەزر

1کاتێک دەچیت بۆ ماڵی خودا، ئاگاداری پێی خۆت بە. وەرە پێشەوە هەتا گوێ بگریت، نەوەک قوربانی گێلەکان بکەی کە خراپەکاری خۆیان نازانن.

2با دەمت لە قسەکردندا پەلە نەکات،

با دڵیشت خێرا نەکات،

لە دەربڕینی قسە لەبەردەم خودا،

چونکە خودا لە ئاسمانە و

تۆ لەسەر زەویت،

لەبەر ئەمە با وشەکانت کەم بن.

3خەون لە ئەنجامی ماندووبوونی زۆرەوە دێت و

قسەی گێلیش لە زۆر گوتن.

4ئەگەر نەزرێکت5‏:4 واتا پابەندکردنی مرۆڤ خۆیەتی بە مەرجێکەوە، لە کاتێکدا کە داخوازییەک بەرز دەکاتەوە بۆ خودا و بە ئەرێ وەڵام دەدرێتەوە لەلایەن خوداوە. بڕوانە سەرژمێری 21‏:2‏.‏ بۆ خودا کرد، دوا مەکەوە لە ئەنجامدانی، چونکە بە گێلەکان دڵخۆش نابێت. جا ئەوەی نەزرت کردووە ئەنجامی بدە. 5باشترە نەزر نەکەیت لەوەی بیکەیت و ئەنجامی نەدەیت. 6ڕێگا مەدە دەمت وا بکات لەشت گوناه بکات و لەبەردەم نێردراوی پەرستگا5‏:6 بڕوانە مەلاخی 2‏:7‏.‏ مەڵێ: «ئەم نەزرە هەڵە بوو.» بۆچی خودا لە قسەکەت تووڕە بێت و ئەوەی کردووتە لەناوی ببات؟ 7زیادبوونی خەون و چەنەبازی بێ واتان، لەبەر ئەوە لەخواترس بە.

سامان بێ واتایە

8ئەگەر بینیت لە هەرێمێکدا هەژار ستەمی لێ کرا و ڕاستودروستی و دادپەروەری پشتگوێ خرا، ئەوا سەرسام مەبە، چونکە لێپرسراوی بەرز لێپرسراوی بەرزتر دەپارێزێت و بەرزتریش لەوان هەردووکیان دەپارێزێت. 9بەڵام گەل لە وڵات سوود وەردەگرن، چونکە پاشا هەموو کێڵگەکانی دەپارێزێت.

10ئەوەی حەزی لە پارە بێت لە پارە تێر نابێت،

ئەوەی حەزی لە سامان بێت لە داهات تێر نابێت،

هەروەها ئەمەش بێ واتایە.

11بە زیادبوونی خێروبێر

زیاد دەبن ئەوانەی دەیخۆن.

ئایا چ سوودێکی بۆ خاوەنەکەی هەیە،

جگە لەوەی تەنها چاوەکانی تێری لێ دەخۆن؟

12خۆشە خەوی کارگەر،

کەم بخوات یان زۆر،

بەڵام تێریی دەوڵەمەند

ڕێ بە خەو نادات.

13خراپەیەکی ناخۆش هەیە لەسەر زەویدا بینیم:

سامانێک پارێزراوە بۆ خراپەی خاوەنەکەی،

14ئەم سامانەش لە مامەڵەیەکی خراپدا لەناوچوو،

ئینجا کوڕێکی بوو و هیچی بۆ نەمایەوە هەتا بۆ کوڕەکەی بەجێبهێڵێت.

15وەک چۆن لە سکی دایکی هاتە دەرەوە،

بە ڕووتی دەگەڕێتەوە، دەڕوات وەک هات.

هیچ شتێک لە ماندووبوونەکەی نابات

لەگەڵ دەستی کە دەڕوات.

16ئەمەش خراپەیەکی ناخۆشە:

هەروەک چۆن مرۆڤ دێتە جیهان، بە هەمان شێوە بەجێدەهێڵێت،

ئەوەی ماندووبوونەکەی بۆ با دەبێت

چ قازانجێک دەکات؟

17هەروەها هەموو ڕۆژانی ژیانی لە تاریکیدا بەسەردەبات،

لەگەڵ وەڕسبوونێکی زۆر و نەخۆشی و تووڕەیی.

18ئەوەی من بینیومە باشە، ئەوەی گونجاوە، کە مرۆڤ بخوات و بخواتەوە و خۆشی ببینێت لە هەموو ئەوەی کە لەسەر زەویدا پێوەی ماندوو دەبێت، بە درێژایی ئەو ڕۆژگارە کەمەی کە خودا پێیداوە، چونکە بەشی ئەوە. 19هەروەها کە خودا بە یەکێک دەوڵەمەندی و سامان دەدات و ئەویش دەتوانێت سوودی لێی وەربگرێت و بە بەشی خۆی ڕازی بێت و بە ماندووبوونەکەی دڵخۆش بێت، ئەمە دیارییەکە لە خوداوە. 20جا ڕۆژگاری ژیانی بەبیر نایەتەوە، چونکە خودا بە خۆشی دڵییەوە خەریکی کردووە.