ژیرمەندی 4 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ژیرمەندی 4:1-16

ستەمکاری، ماندووبوون، تەنهایی

1پاشان ئاوڕم دایەوە و بینیم هەموو ئەو ستەمەی کە لەسەر زەویدا دەکرێت و ئەوەتا:

فرمێسکی ستەملێکراوانم بینی،

کەس نەبوو دڵنەواییان بکات،

ستەمکارانیشیان زەبریان بەدەست بوو،

کەس نەبوو دڵنەواییان بکات.

2خۆزگە بە مردووان دەخوازرێت

کە دەمێکە مردوون،

ئەوان خۆشحاڵترن لەوانەی

کە لە ژیاندا ماون.

3بەڵام لە هەردووکیان باشتر ئەوەیە

کە هێشتا لەدایک نەبووە،

ئەوەی ئەو خراپەکارییەی نەدیوە

کە لەسەر زەوی ئەنجام دەدرێت.

4من بینیم کە هەموو ماندووبوون و هەموو ئەوەی مرۆڤ بەرهەمی دەهێنێت لە ئەنجامی ئەو کێشمەکێشەی کە مرۆڤ بەرامبەر بە نزیکەکەی دەیکات، ئەمەش بێ واتایە و گڤەی بایە.

5کەسی گێل دەست دەخاتە سەر دەست و

گۆشتی خۆی دەخوات.

6مشتێک حەسانەوە باشترە

لە دوو مشتی پڕ ماندووبوون و گڤەی با.

7دیسان شتێکی بێ واتام لەسەر زەوی بینی:

8یەکێکی تاک و تەنها،

نە کوڕی هەبوو، نە برا،

هەموو ماندووبوونەکەی بێ کۆتایی بوو،

هەروەها چاوی لە دەوڵەمەندی تێر نەدەبوو.

گوتی: «ئیتر بۆ کێ خۆم ماندوو بکەم و

گیانی خۆم بۆچی لە خۆشی بێبەش بکەم؟»

ئەمەش بێ واتایە و بارێکی قورسە.

9دوو کەس لە یەک کەس باشترە،

چونکە لە ماندووبوونەکەیان قازانجێکی باشتریان دەبێت.

10ئەگەر یەکێکیان بکەوێت،

هاوڕێکەی هەڵیدەستێنێتەوە.

بەڵام قوڕبەسەر ئەوەی کە تەنهایە،

دەکەوێت و کەس نییە هەڵیبستێنێتەوە.

11هەروەها ئەگەر دوو کەس پێکەوە ڕابکشێن، گەرم دەبنەوە،

بەڵام یەکێک تەنها بێت، چۆن گەرم دەبێتەوە؟

12ئەگەر یەکێک یەک کەس ببەزێنێت،

دووان دەتوانن بەرامبەری بوەستن،

گوریسی سێ تاڵیش زوو ناپسێت.

پلە بەرزبوونەوە بێ واتایە

13گەنجێکی هەژار و دانا باشترە لە پاشایەکی پیر و گێل، کە ئیتر ناتوانێت گوێ لە هۆشداری بگرێت. 14دەشێت گەنجەکە لە بەندیخانەوە هاتبێتە دەرەوە هەتا ببێت بە پاشا، یاخود بە هەژاری لەو شانشینەدا لەدایک بووبێت. 15ڕوانیمە هەموو ئەو مرۆڤانەی کە بەسەر زەویدا هاتوچۆیان دەکرد پشتگیری گەنجەکەیان دەکرد کە جێگەی پاشاکەی گرتەوە. 16ئەو مرۆڤانەی کە هاتنە بەردەمی پاشا بێشومار بوون، بەڵام گەل دڵیان بەو پاشایە خۆش نەبوو. ئەمەش بێ واتایە و گڤەی بایە.