ژیرمەندی 11 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ژیرمەندی 11:1-10

نانی سەر ئاوەکان

1نان بدە بە دەم ئاوەوە،

چونکە لە پاشەڕۆژدا دێتەوە ڕێگای خۆت.

2بەش بدە بە حەوت کەس، بەڵێ، بە هەشتیش،

چونکە نازانیت چ کارەساتێک لەسەر زەوی ڕوودەدات.

3ئەگەر هەور پڕبێت،

باران بەسەر زەویدا دەبارێنێت.

ئەگەر دارێک بەرەو باشوور بکەوێت یان بەرەو باکوور،

ئەو شوێنەی دارەکەی لێ دەکەوێت، لەوێ دەبێت.

4ئەوەی چاوی لە با بێت ناچێنێت،

ئەوەی سەیری هەور بکات دروێنە ناکات.

5هەروەک نازانیت کامە ڕێگای بایە،

یان چۆن کۆرپەلە لەناو سکی دایکیدا شێوەی دەکێشرێت،

بە هەمان شێوە ناتوانیت لە کارەکانی خودا تێبگەیت،

کە هەمووان دروستدەکات.

6سەر لە بەیانی تۆوی خۆت بچێنە،

سەر لە ئێوارەش دەستت شل مەکە،

چونکە نازانیت کامیان سەوز دەبێت،

ئەم یان ئەو،

یان بەرهەمی هەردووکیان وەک یەک باش دەبێت.

بەدیهێنەرت لە لاویێتیت لەبیر بێت

7ڕووناکی شیرینە و

باشە بۆ چاوان کە خۆر ببینێت.

8ئەگەر مرۆڤ تەمەنێکی درێژ ژیا،

با بە هەمووی دڵخۆش بێت.

بەڵام با ڕۆژانی تاریکی لەبیربێت،

چونکە زۆر دەبێت.

هەموو ئەوەی دێت بێ واتایە.

9ئەی لاو، لە سەردەمی گەنجیێتیت شادمان بە،

با لە ڕۆژانی لاویێتیت دڵت خۆش بێت.

بە ڕێگای دڵی خۆت و

بە بینینی چاوەکانتدا بڕۆ،

بەڵام بزانە کە لەسەر هەموو ئەمانە

خودا دەتهێنێت بۆ حوکم بەسەردادان.

10پەستی لە دڵت داماڵە و

خراپە لە لەشت دووربخەوە،

چونکە نەوجەوانی و گەنجیێتی بێ واتان.