ژیرمەندی 10 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ژیرمەندی 10:1-20

1وەک چۆن مێشی مردوو بۆنی خۆش بۆگەن دەکات،

کەمێک کاری گێلانە دەتوانێت دانایی و ڕێزی کەسێک لەناوبەرێت.

2دڵی دانا مەیلی ڕێی ڕاست دەکات،

دڵی گێلیش مەیلی ڕێی چەوت دەکات.

3کە گێل بە ڕێگادا دەڕوات

گێلی لێ دەبارێت،

ئیتر گێلایەتییەکەی بۆ هەموو لایەک دیارە.

4ئەگەر تووڕەیی فەرمانڕەوا بەسەرتدا جۆشا،

شوێنی کاری خۆت بەجێمەهێڵە،

چونکە هێمنی هەڵەی گەورە ئارام دەکاتەوە.

5خراپەیەک هەیە لەسەر زەویدا بینیم،

وەک هەڵەیەکی مەزنە لەلایەن فەرمانڕەوا:

6گێل زۆر جار لە پلەوپایەی بەرز دادەنرێت و

دەوڵەمەندەکانیش لە شوێنە نزمەکان دادەنیشن.

7بینیم خزمەتکاران ئەسپ سوار بوون و

میران پیادە بوون وەک خزمەتکار.

8ئەوەی چاڵ هەڵکەنێت خۆی تێی دەکەوێت،

ئەوەی دیوار بڕووخێنێت مار پێیەوە دەدات.

9ئەوەی بەرد هەڵبکەنێت ئازاری پێوە دەبینێت،

ئەوەی دار ببڕێت لە مەترسییەکەیدا دەبێت.

10ئەگەر تەور کول بێت و

دەمی تیژ نەکرێت،

هێزی زیاتری دەوێت،

بەڵام دانایی بەسوودە بۆ سەرکەوتن.

11ئەگەر پێش نوشتەکردن مار پێتەوە بدات،

ئیتر نوشتەکەر کرێیەکەی وەرناگرێت.

12قسەی زاری دانا شیرینە،

بەڵام گێل لێوەکانی خۆی هەڵیدەلووشن.

13سەرەتای وشەکانی دەمی گێلییە،

لە کۆتاییدا دەبنە شێتێکی خراپ.

14گێل زۆر قسە دەکات.

مرۆڤ نازانێت چی دەبێت و

کێ دەتوانێت بە کەسێکی دیکە ڕابگەیەنێت

کە چی لەدوای خۆی ڕوودەدات؟

15ماندووبوونی گێل خۆی شەکەت دەکات،

بە جۆرێک نازانێت چۆن بۆ شار بچێت.

16قوڕبەسەر ئەو خاکەی کە پاشاکەی پێشتر خزمەتکار بوو و

میرەکانیشی بەیانییان لەسەر خوان دادەنیشن.

17خۆزگە بەو خاکەی کە پاشاکەی لە نەوەی شازادە بێت و

میرەکانیشی نان لە کاتی خۆیدا بخۆن،

بۆ هێز نەک بۆ سەرخۆشی.

18بە تەمبەڵی بنمێچ دێتە خوارێ و

بە دەست شلکردنیش خانوو دڵۆپە دەکات.

19بۆ ئەوەی پێبکەنن خوان ئامادە دەکەن و

شەرابیش ژیان خۆش دەکات،

بەڵام پارە هەموو شتێکی پێ دەکرێت.

20تەنانەت لەبیری خۆشت نەفرەت لە پاشا مەکە،

لە ژووری نوستنیشت نەفرەت لە دەوڵەمەند مەکە،

چونکە چۆلەکەی ئاسمان دەنگەکەت دەگەیەنێت و

باڵداریش قسەکەت ڕادەگەیەنێت.