ڕۆما 8 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ڕۆما 8:1-39

ئازادبوون لە مردن

1کەواتە ئێستا تاوانبارکردن بۆ ئەوانە نییە کە لەگەڵ عیسای مەسیحدا یەکن8‏:1 لەگەڵ عیسای مەسیحدا یەکن لە زمانی یۆنانیدا (لە عیسای مەسیحدا) بەکارهاتووە.‏، 2چونکە لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە یاسای ڕۆحی ژیان لە یاسای گوناه و مردن ئازادی کردیت. 3خودا ئەوەی کرد کە شەریعەت بەهۆی لاوازی سروشتی دنیایی نەیتوانی بیکات: کوڕەکەی خۆی لە شێوەی جەستەی مرۆڤی گوناهبار8‏:3 مەسیح خۆی بێ گوناه بوو، بەڵام هەمان جەستەی مرۆڤانەی گوناهباری هەبوو.‏ نارد بۆ ئەوەی ببێتە قوربانی گوناه. لە جەستەی مرۆڤانەدا گوناهی تاوانبار کرد، 4تاکو داواکارییە دروستەکانی شەریعەتی تەورات لە ئێمەدا بێتە دی، کە بەگوێرەی سروشتی دنیایی ناژین، بەڵکو بەگوێرەی ڕۆحی پیرۆز.

5ئەوانەی بەگوێرەی سروشتی دنیایی دەژین، بایەخ بە کاروباری سروشتی دنیایی دەدەن، بەڵام ئەوانەی بەگوێرەی ڕۆحی پیرۆز دەژین، بایەخ بە کاروباری ڕۆحی پیرۆز دەدەن. 6بایەخدان بە سروشتی دنیایی مردنە، بەڵام بایەخدان بە ڕۆحەکە ژیان و ئاشتییە. 7بایەخدان بە سروشتی دنیایی دوژمنایەتییە لەگەڵ خودا، چونکە ملکەچی شەریعەتی خودا نابێت، لەبەر ئەوەی ناتوانێت. 8جا ئەوانەی لەژێر کاریگەری سروشتی دنیایین ناتوانن خودا ڕازی بکەن.

9بەڵام ئێوە، ئەگەر ڕۆحی خودا لەناوتاندا نیشتەجێ بێت، ئەوا لەژێر کاریگەری سروشتی دنیایی نین، بەڵکو لە لەژێر کاریگەری ڕۆحدان. ئەگەر کەسێکیش ڕۆحی مەسیحی نەبێت، ئەوا هی مەسیح نییە. 10ئەگەر مەسیح لە ئێوەدا بێت، ئەوا جەستە بەهۆی گوناه مردووە، بەڵام ڕۆح بەهۆی ڕاستودروستی زیندووە. 11ئەگەر ڕۆحی ئەوەی عیسای لەنێو مردووان هەستاندەوە لە ئێوەدا نیشتەجێ بێت، ئەوا ئەوەی مەسیحی لەنێو مردووان هەستاندەوە بە ڕۆحی خۆی کە لە ئێوەدا نیشتەجێیە لەشی مردووشتان زیندوو دەکاتەوە.

12بۆیە ئەی خوشک و برایان، ئێمە قەرزارین، بەڵام قەرزاری سروشتی دنیایی نین، تاکو بەگوێرەی ئەو بژین. 13ئەگەر بێتو ئێوە بەگوێرەی سروشتی دنیایی بژین دەمرن، بەڵام ئەگەر بە ڕۆحی پیرۆز کردارەکانی سروشتی دنیاییتان مراند، ئەوا دەژین، 14چونکە هەموو ئەوانەی ڕۆحی خودا بەڕێوەیان دەبات، ڕۆڵەی خودان. 15ئێوە ڕۆحی کۆیلەییتان وەرنەگرتووە تاکو بۆ ترس بتانگەڕێنێتەوە، بەڵکو ڕۆحی لەخۆگرتنەوەتان8‏:15 منداڵی کەسێکی دیکە وەک منداڵی خۆی پەروەردە دەکات و هەموو مافەکانی پێدەدات.‏ وەرگرتووە، بەهۆیەوە هاوار دەکەین: «بابە! باوکە!» 16ڕۆحی پیرۆز خۆی شایەتی بۆ ڕۆحمان دەدات کە منداڵی خوداین. 17ئەگەر منداڵی بین، میراتگریشین، میراتگری خودا و هاومیراتی مەسیح، ئەگەر لە ڕاستیدا لەگەڵ ئەو ئازار بچێژین، بۆ ئەوەیە لەگەڵ ئەو شکۆدار بین.

ئازارەکانی ئێستا و شکۆی داهاتوو

18پێم وایە ئازارەکانی ئێستا لەگەڵ شکۆی داهاتوو کە تیاماندا ئاشکرا دەکرێت بەراورد ناکرێت، 19چونکە بەدیهێنراو بە پەرۆشەوە چاوەڕێ دەکات ڕۆڵەکانی خودا ئاشکرا بکرێن. 20بەدیهێنراو ملکەچی بێنرخبوون بوو، نەک بە ویستی خۆی، بەڵکو بە ویستی ئەوەی کە ملکەچی کرد8‏:20 جیهان بە ویستی خۆی نییە کاتێک تووشی کارەسات و ناخۆشی دێت، بەڵکو لەلایەن خوداوە بۆی دێت.‏، بە هیوای ئەوەی 21کە خودی بەدیهێنراو لە کۆیلایەتی گەندەڵی ئازاد بکرێت تاکو هاوبەش بێت لە سەربەستی شکۆمەندی منداڵانی خودا.

22دەزانین هەموو بەدیهێنراوان هەتا ئێستا بەیەکەوە دەناڵێنن و ژانیان گرتووە. 23تەنها ئەمە نا، بەڵکو ئێمە کە یەکەمین بەرهەمی ڕۆحی پیرۆزمان وەرگرت، لە ناخماندا دەناڵێنین و بە پەرۆشەوە چاوەڕێی لەخۆگرتنەوەین، واتا ڕزگاریی جەستەمان، 24چونکە بە هیواوە ڕزگارمان بوو. بەڵام هیوای بینراو هیوا نییە. ئەوەی دەیبینی هیوای چی پێ دەخوازیت؟ 25بەڵام ئەگەر هیوای شتێک بخوازین کە بینراو نییە، ئەوا بە دانبەخۆداگرتنەوە چاوەڕێی دەکەین.

26بە هەمان شێوە ڕۆحی پیرۆز لە لاوازییەکانماندا یارمەتیمان دەدات. نازانین لە پێناوی چی نوێژ بکەین، بەڵام ڕۆحی پیرۆز خۆی بە ناڵەوە داکۆکیمان لێدەکات بە شێوەیەک کە باس ناکرێت. 27ئەوەی دڵی مرۆڤ دەپشکنێت، دەزانێت ڕۆحی پیرۆز بایەخ بە چی دەدات، چونکە بەگوێرەی خواستی خودا داکۆکی لە گەلی پیرۆزی خودا دەکات.

28ئێمە دەزانین خودا لە هەموو شتەکاندا کار دەکات بۆ چاکەی ئەوانەی ئەویان خۆشدەوێت، ئەوانەی بەگوێرەی مەبەستی ئەو بانگکراون، 29چونکە ئەوانەی پێشتر ناسیبوونی، پێشتر دیاری کردن بۆ ئەوەی وەک وێنەی کوڕەکەی ئەویان لێ بێت، تاکو لەنێو زۆرێک لە خوشک و برایاندا ئەو ببێتە نۆبەرە. 30ئەوانەی پێشتر دیاری کردن بانگیشی کردن، ئەوانەی بانگی کردن بێتاوانیشی کردن، ئەوانەی بێتاوانی کردن شکۆداریشی کردن.

سەرکەوتنی لە ڕادەبەدەر

31ئیتر چی بەمانە بڵێین؟ ئەگەر خودا لەگەڵمان بێت، کێ دژمانە؟ 32ئەوەی دەستی بە کوڕەکەی خۆیەوە نەگرت، بەڵکو لە پێناوی هەموومان پێشکەشی کرد، ئیتر چۆن لەگەڵ ئەو هەموو شتێکمان بەخۆڕایی ناداتێ؟ 33کێ سکاڵا لە هەڵبژێردراوانی خودا دەکات؟ خودایە ئەوەی بێتاوان دەکات. 34کێیە تاوانبار دەکات؟ کەس نییە. عیسای مەسیحە کە مرد، بەڵکو لەمەش زیاتر هەستێنرایەوە، هەر ئەویش لە دەستەڕاستی خودایە و داکۆکیمان لێدەکات. 35کێ لە خۆشەویستی مەسیح جیامان دەکاتەوە؟ ناخۆشی یان تەنگانە یان چەوسانەوە یان قاتوقڕی یان ڕووتی یان مەترسی یاخود شمشێر؟ 36وەک نووسراوە:

﴿لە پێناوی تۆ بە درێژایی ڕۆژ ڕووبەڕووی مردن دەبینەوە،

وەک مەڕ بۆ سەربڕین دادەنرێین.﴾8‏:36 زەبوورەکان 44‏:22.‏

37بەڵام لە هەموو ئەمانەدا لە ڕادەبەدەر سەرکەوتووین لە ڕێگەی ئەوەی کە خۆشیویستووین، 38چونکە دڵنیام نە مردن و نە ژیان، نە فریشتەکان و نە سەرۆکەکان، نە شتەکانی ئێستا و نە شتەکانی داهاتوو، نە هێزەکان، 39نە بەرزی و نە قووڵی، نە بەدیهێنراوی دیکە، ناتوانێت لە خۆشەویستی خودا جیامان بکاتەوە کە لە ڕێگەی عیسای مەسیحی خاوەن شکۆمانەوە بۆمان دێت.