ڕۆما 4 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ڕۆما 4:1-25

نموونەی ئیبراهیم

1ئیتر چی بڵێین، ئیبراهیم کە بە جەستە باوکمانە، چی بۆ دەرکەوت؟ 2ئەگەر ئیبراهیم بە کردار بێتاوان بووایە شانازی دەکرد، بەڵام نەک لەلای خودا. 3ئایا لەو بارەیەوە نووسراوە پیرۆزەکە چی دەفەرموێ؟ ﴿ئیبراهیم باوەڕی بە خودا هێنا و ئەمەشی بە ڕاستودروستی بۆ دانرا.﴾4‏:3 پەیدابوون 15‏:6.‏

4ئەو کەسەی کار دەکات‏، کرێیەکەی بە دیاریی دانانرێت، بەڵکو مافی خۆیەتی. 5بەڵام ئەوەی کار ناکات، بەڵکو باوەڕی بەوە هەیە کە خودا گوناهبار بێتاوان دەکات، ئەوا باوەڕەکەی بە ڕاستودروستی بۆ دادەنرێت. 6داود لە خۆزگەخواستن بەو کەسەی کە خودا بەبێ کردار ڕاستودروستیی بۆ دادەنێت، هەمان شت دەڵێت:

7﴿خۆزگە دەخوازرێت بەوانەی لە یاخیبوونەکانیان بەخشراون،

گوناهەکانیان داپۆشراون.

8خۆزگە دەخوازرێت بەو کەسەی کە یەزدان گوناهی لەسەر ناژمێرێت.﴾4‏:8 زەبوورەکان 32‏:1‏-2.‏

9ئایا ئەم خۆزگەخواستنە تەنها بۆ خەتەنەکراوانە یان بۆ خەتەنەنەکراوانیشە؟ ئێمە دەڵێین باوەڕ بۆ ئیبراهیم بە ڕاستودروستی دانرا. 10کەواتە چۆن دانرا؟ بە خەتەنەکردن یان بێ خەتەنەکردن؟ بە خەتەنەکردن نا بەڵکو بێ خەتەنەکردن! 11ئیتر ئیبراهیم نیشانەی خەتەنەکردنی وەرگرت، لە ڕێگەی باوەڕەوە بێ خەتەنەکردن مۆری ڕاستودروستی وەرگرت، تاکو ببێتە باوکی هەموو ئەوانەی باوەڕ دەهێنن و خەتەنە نەکراون، تاکو بۆیان بە ڕاستودروستی دابنرێت. 12هەروەها باوکی ئەوانەی کە نەک تەنها خەتەنە کراون، بەڵکو کەوتوونەتە شوێن ئەو باوەڕەی کە ئیبراهیمی باوکمان هەیبوو پێش ئەوەی خەتەنە بکرێت.

13جا ئەو بەڵێنەی بە ئیبراهیم یان بە نەوەکەی درابوو کە ببێتە میراتگری جیهان، بەهۆی شەریعەتەوە نەبوو، بەڵکو بەهۆی ئەو ڕاستودروستییەوە بوو کە لە ڕێگەی باوەڕەوە4‏:13 مەبەستی ئەم ڕاستودروستییەی کە لەسەر بناغەی باوەڕ دراوە.‏ بوو، 14چونکە ئەگەر ئەوانەی کە پشت بە شەریعەت دەبەستن میراتگر بن، ئەوا باوەڕ بێ سوود دەبێت و بەڵێنی خوداش پووچەڵ، 15چونکە شەریعەت تووڕەیی خودای لێ دەکەوێتەوە. ئەگەر شەریعەت نەبێت، سەرپێچییش نییە.

16بۆیە بەڵێن لە باوەڕەوەیە، تاکو بەگوێرەی نیعمەت بێت و بۆ هەموو نەوەکانی ئیبراهیم مسۆگەر بێت، نەک تەنها بۆ ئەوانەی کە پشت بە شەریعەت دەبەستن، بەڵکو بۆ ئەوانەش کە هەمان باوەڕی ئیبراهیمیان هەیە. ئەو باوکی هەموومانە، 17وەکو نووسراوە: ﴿من تۆم کردووە بە باوکی چەندین نەتەوە.﴾4‏:17 پەیدابوون 17‏:5 ئیبراهیم باوکمانە لەبەرچاوی خودا کە باوەڕی پێ هێنا، ئەوەی مردوو زیندوو دەکاتەوە و ئەو شتەی بوونی نییە دەیهێنێتە بوون.

18هەرچەندە هیچ هیوا و ئومێدێک بەدی نەدەکرا، بەڵام ئیبراهیم ئومێدەوار بوو و باوەڕی بەوە هێنا کە دەبێتە باوکی چەندین نەتەوە، بەگوێرەی ئەوەی گوترابوو: ﴿نەوەکەت بەم شێوەیە دەبێت.﴾4‏:18 پەیدابوون 15‏:5.‏ 19باوەڕیشی لاواز نەبوو کە بینی لەشی وا مردووە، چونکە تەمەنی نزیکەی سەد ساڵ بوو، هەروەها سارای ژنیشی لە سکوزا چووبووەوە. 20بە بێباوەڕی گومانی لە بەڵێنی خودا نەکرد، بەڵکو باوەڕی بەهێز بوو و خودای شکۆدار کرد، 21دڵنیابوو کە خودا توانای هەیە بەڵێنی خۆی بباتەسەر. 22لەبەر ئەمە ﴿بە ڕاستودروستی بۆی دانرا.﴾4‏:22 پەیدابوون 15‏:6 23ئەوەی نووسراوە: ﴿بۆی دانرا﴾ تەنها لە پێناوی ئەودا نەبوو، 24بەڵکو لە پێناوی ئێمەشدا بوو، جا بۆمان بە ڕاستودروستی دادەنرێت، کە باوەڕمان هەیە بەوەی عیسای خاوەن شکۆمانی لەنێو مردووان هەستاندەوە. 25ئەوەی لە پێناوی گوناهەکانمان بە گرتن درا و لە پێناوی بێتاوانکردنمان هەستێنرایەوە.