ڕۆما 3 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ڕۆما 3:1-31

دڵسۆزیی خودا

1کەواتە، جولەکەکان چییان لە نەتەوەکانی دیکە زیاترە؟ یان سوودی خەتەنەکردن چییە؟ 2زۆر شتیان لە نەتەوەکانی دیکە زیاترە! پێش هەموو شتێک، وشەکانی خودایان پێ سپێردرا.

3کەواتە چی دەبێت ئەگەر هاتوو هەندێکیان بێباوەڕ بوون؟ ئایا دڵسۆز نەبوونیان دڵسۆزیی خودا پووچەڵ دەکاتەوە؟ 4نەخێر! بەڵکو با خودا ڕاستگۆ بێت و هەموو مرۆڤ درۆزن. وەک نووسراوە:

﴿تاکو لە قسەکانت ڕاست بیت و

سەرکەوتوو بیت لە حوکمەکانت.﴾3‏:4 زەبوورەکان 51‏:4.‏

5بەڵام ئەگەر ناڕەواییمان ڕەوایی خودا دەردەخات، چی بڵێین؟ ئایا خودا زۆردارە ئەگەر تووڕەیی خۆی بەسەرماندا بڕژێنێت؟ (وەک مرۆڤ قسە دەکەم.) 6نەخێر! ئەگینا چۆن خودا جیهان حوکم دەدات؟ 7لەوانەیە یەکێک بڵێ: «ئەگەر درۆی من ڕاستی خودا بۆ شکۆی ئەو زیاتر بکات، بۆچی من هێشتا وەک گوناهبارێک تاوانبار دەکرێم؟» 8ئەی بۆ نەڵێن: «با خراپە بکەین تاکو چاکەی بەدواوە بێت،» وەک هەندێک بوختان بە دەممانەوە هەڵدەبەستن؟ ئەو کەسانە تاوانبارکردنیان دادپەروەرانەیە!

هیچ مرۆڤێک بێ گوناه نییە

9کەواتە چی بڵێین؟ ئایا ئێمەی جولەکە لە خەڵکانی تر باشترین؟ نەخێر، چونکە ئێمە جولەکە و ناجولەکەمان تۆمەتبار کرد کە هەردووکیان لەژێر دەسەڵاتی گوناهن، 10وەک نووسراوە:

﴿کەس بێتاوان نییە، تەنانەت یەک کەسیش،

11کەس نییە تێبگات،

کەس نییە بەدوای خودا بگەڕێت.

12هەموو ڕوویان وەرگێڕا و

تێکڕا بێ سوود بوون.

کەس نییە چاکە بکات،

تەنانەت یەکێکیش نییە.﴾3‏:12 زەبوورەکان 14‏:1‏-3 و زەبوورەکان 53‏:1‏-3.‏

13﴿قوڕگیان گۆڕێکی کراوەیە،

بە زمانیان فێڵبازی دەکەن.﴾3‏:13 زەبوورەکان 5‏:9.‏

﴿ژەهری تیرەمار لەژێر لێویانە.﴾3‏:13 زەبوورەکان 140‏:3.‏

14﴿دەمیان پڕە لە نەفرەت و تاڵاو.﴾3‏:14 زەبوورەکان 10‏:7.‏

15﴿پێیان خێرایە بۆ خوێنڕشتن،

16وێرانی و دەردەسەری لەسەر ڕێگایانە

17ڕێگای ئاشتی پێنازانن.﴾3‏:17 ئیشایا 59‏:7‏-8.‏

18﴿ترسی خودایان لەبەرچاو نییە.﴾3‏:18 زەبوورەکان 36‏:1.‏

19ئێستا دەزانین هەرچی شەریعەت دەیڵێت، بەوانەی دەڵێت کە لەژێر سایەی شەریعەتدان، تاکو هەموو دەمێک دابخرێت و هەموو جیهان بکەوێتە ژێر لێپرسینەوەی خودا. 20بە کرداری شەریعەت کەس لەلای خودا بێتاوان نابێت، بەڵکو گوناه لە ڕێگەی شەریعەتەوە3‏:20 مەبەست لە شەریعەتی موسایە کە تەوراتە.‏ دەناسرێت.

بێتاوانکردن بە باوەڕ

21بەڵام ئێستا بەبێ شەریعەت بێتاوانکردن لەلایەن خوداوە ئاشکرا کرا، تەورات و پەیامی پێغەمبەرانیش شایەتی بۆ دەدەن. 22ئەم بێتاوانکردنە لە خوداوەیە لە ڕێگەی باوەڕ بە عیسای مەسیح، بۆ هەموو ئەوانەیە کە باوەڕ دەهێنن، بەبێ جیاوازی، 23لەبەر ئەوەی هەمووان گوناهیان کرد و لە شکۆی خودا دوورکەوتنەوە و 24بەخۆڕایی بە نیعمەتی ئەو بێتاوان کران، بەو کڕینەوەیەی3‏:24 کڕینەوەی مرۆڤ لە کۆیلایەتی گوناه بە خوێنی عیسا.‏ کە لە ڕێگەی عیسای مەسیحەوە هەیە. 25خودا مەسیحی وەک کەفارەت3‏:25 ئەو قوربانییەی کە تووڕەیی خودا لادەدات.‏ پێشکەش کرد، ئەگەر باوەڕ بە خوێنی ئەو بهێنین. ئەمەی بۆ دەرخستنی دادپەروەرییەکەی خۆی کرد، بۆ چاوپۆشیکردن لە گوناهەکانی ڕابردوو، بە پشوودرێژیی خودا، 26هەروەها بۆ دەرخستنی دادپەروەرییەکەی لە کاتی ئێستادا، تاکو دادپەروەر بێت و ئەوانە بێتاوان بکات کە باوەڕیان بە عیسایە.

27بۆیە لەخۆباییبوون لەکوێیە؟ نەماوە. بەپێی چ بنەمایەک؟ ئایا بەپێی بنەمای کردار؟ نەخێر، بەڵکو بەپێی بنەمای باوەڕ. 28کەواتە بۆمان دەردەکەوێت کە مرۆڤ بە باوەڕ بێتاوان دەکرێت، نەک بە جێبەجێ کردنی فەرزەکانی شەریعەت. 29ئایا خودا تەنها هی جولەکەیە؟ ئەی هی نەتەوەکانی دیکەش نییە؟ بەڵێ، هی نەتەوەکانی دیکەشە، 30چونکە تەنها یەک خودا هەیە کە خەتەنەکراو بە باوەڕ بێتاوان دەکات و خەتەنەنەکراویش بەهۆی هەمان باوەڕەوە بێتاوان دەکات. 31ئایا شەریعەت بەهۆی باوەڕەوە پووچەڵ دەکەینەوە؟ نەخێر، بەڵکو شەریعەت3‏:31 شەریعەتی موسا.‏ دەچەسپێنین.