ڕۆما 15 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ڕۆما 15:1-33

مەسیح نموونەیە بۆ ئێمە

1بەڵام ئێمەی بەهێز لەسەرمانە بەرگەی کەموکوڕی لاوازان بگرین و خۆمان ڕازی نەکەین. 2با هەر یەک لە ئێمە نزیکەکەی بۆ چاکە ڕازی بکات لە پێناوی بنیادنان. 3تەنانەت مەسیحیش بیری لە خۆشیی خۆی نەکردەوە، بەڵکو وەک نووسراوە: ﴿جنێوی ئەوانەی جنێوت پێدەدەن کەوتە سەر من.﴾15‏:3 زەبوورەکان 69‏:9.‏ 4چونکە هەرچی لەپێشدا نووسراوە، بۆ فێربوونی ئێمە نووسراوە، تاکو بە دانبەخۆداگرتن و هاندانی نووسراوە پیرۆزەکان هیوامان هەبێت.

5با خودای دانبەخۆداگرتن و هاندان لەنێو خۆتان ڕێککەوتنی بیروڕاتان بداتێ بەگوێرەی بیری عیسای مەسیح، 6تاکو بە یەک دڵ و بە یەک دەنگ ستایشی خودا بکەن کە باوکی عیسای مەسیحی پەروەردگارمانە.

7بۆیە هەر وەک چۆن مەسیح پێشوازی لێکردین، ئێوەش بۆ شکۆمەندیی خودا، پێشوازی لە یەکتری بکەن. 8من پێتان دەڵێم، مەسیح لەبەر ڕاستی خودا بوو بە خزمەتکاری جولەکەکان15‏:8 یۆنانی: خەتەنەکراوان.‏، تاکو ئەو بەڵێنانەی بۆ باوکانە بیانچەسپێنێت، 9هەروەها تاکو نەتەوەکان ستایشی خودا بکەن لەبەر بەزەییەکەی، وەک نووسراوە:

﴿لەبەر ئەوە لەنێو نەتەوەکاندا ستایشت دەکەم،

گۆرانی ستایش بۆ ناوت دەڵێم.﴾15‏:9 دووەم ساموئێل 22‏:50 و زەبوورەکان 18‏:49.‏

10دیسان دەفەرموێ:

﴿ئەی نەتەوەکان، لەگەڵ گەلی خودا دڵخۆش بن.﴾15‏:10 دواوتار 32‏:43.‏

11هەروەها:

﴿ئەی هەموو نەتەوەکان، ستایشی یەزدان بکەن!

ئەی هەموو گەلان، ستایشی بکەن!﴾15‏:11 زەبوورەکان 117‏:1.‏

12دیسان ئیشایا دەڵێت:

﴿ڕەگی یەسا دەردەکەوێت،

ئەوەی بۆ فەرمانڕەوایەتی نەتەوەکان هەڵدەستێتەوە،

ئومێدی نەتەوەکان بەو دەبێت.﴾15‏:12 ئیشایا 11‏:10.‏

13با خودای هیوا بە هەموو خۆشی و ئاشتییەک لە باوەڕدا پڕتان بکات، تاکو بە هێزی ڕۆحی پیرۆز سەرڕێژ بن لە هیوا.

خزمەتکردنی پۆڵس

14خوشک و براکانم، خۆم دڵنیام کە ئێوە پڕن لە چاکە، پڕن لە زانیاری، تواناتان هەیە ئامۆژگاری یەکتری بکەن. 15بەڵام دەربارەی هەندێک خاڵ ئازایانەتر بۆم نووسیون، وەک بەیادهێنانەوەتان، لەبەر ئەو نیعمەتەی خودا پێیداوم، 16تاکو ببمە خزمەتکاری عیسای مەسیح بۆ نەتەوەکان، وەک کاهین15‏:16 لە پەیمانی کۆن کاهین پەیوەندی ڕێکخەر بوو لەنێوان خودا و مرۆڤ، لە پەیمانی نوێ مزگێنیدەر بەو خزمەتە هەڵدەستێت.‏ لە ئەرکی ڕاگەیاندنی مزگێنیی خودا، تاکو قوربانی نەتەوەکان پەسەندکراو بێت، بە ڕۆحی پیرۆز پیرۆزکراو بێت.

17لەبەر ئەوە بەهۆی عیسای مەسیحەوە شانازی دەکەم بەو کارانەی کە بۆ خودای دەکەم. 18ناوێرم باسی شتێک بکەم جگە لەوەی مەسیح بۆ گوێڕایەڵبوونی نەتەوەکان بۆ خودا لە ڕێگەی منەوە ئەنجامی داوە، بە وتە و کردار، 19بە هێزی نیشانە و پەرجوو، بە هێزی ڕۆحی خودا. تەنانەت لە ئۆرشەلیم و دەوروپشتی تاکو ئیللیریکوم15‏:19 وڵاتی بۆسنیای ئێستا.‏، بە تەواوی مزگێنیی مەسیحم ڕاگەیاند. 20بۆیە ئامانجی بەرزم ئەوە بووە کە مزگێنی بدەمە ئەو شوێنەی کە ناوی مەسیحی تێدا نەهێنراوە، تاکو لەسەر بناغەی یەکێکی دیکە بنیاد نەنێم. 21بەڵام وەک نووسراوە:

﴿ئەوانەی باسی ئەویان بۆ نەکرابوو دەبینن،

ئەوانەی نەیانبیستبوو تێدەگەن.﴾15‏:21 ئیشایا 52‏:15.‏

22لەبەر ئەمەش بوو چەندین جار ڕێم لێ دەگیرا بێمە لاتان.

ئارەزووی دیدەنی ڕۆما

23ئێستا لەم ناوچانە شوێن نەماوە ئیشی لێ بکەم و لەبەر ئەوەی کە ساڵانێکی زۆرە پەرۆشم بێمە لاتان، 24دەمەوێ لە کاتی ڕۆیشتنم بۆ ئیسپانیا سەردانتان بکەم. هیوادارم بەلاتاندا تێپەڕم و بتانبینم، دوای ئەوەی چێژم لە بینینتان وەرگرت، ئەگەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت، ئومێدەوارم بۆ ئەوێم بەڕێبکەن. 25بەڵام ئێستا دەچمە ئۆرشەلیم تاکو خزمەتی گەلی پیرۆزی خودا بکەم. 26باوەڕدارانی مەکدۆنی و ئەخایا پێیان خۆش بوو هەندێک بەخشین بۆ هەژاران لەنێو گەلی پیرۆزی خودا لە ئۆرشەلیم کۆبکەنەوە. 27ئەوان بە خۆشییەوە بڕیاریان دا، لە ڕاستیشدا ئەمە ئەرکێک بوو لەسەریان، چونکە باوەڕدارە جولەکەکان بەرەکەتی ڕۆحییان پێشکەش بە ناجولەکەکان کردبوو. لەبەر ئەوە ئەرکی باوەڕدارە ناجولەکەکانە کە بە شتە ماددییەکان یارمەتی باوەڕدارە جولەکەکان بدەن. 28بۆیە، کاتێک ئەمەم تەواو کرد و ئەم بەرهەمەم بۆ مۆرکردن15‏:28 نیشانکردنی بەرهەمەکان کە دەستکاری نەکراوە.‏، لەسەر ڕێگام بۆ ئیسپانیا، سەردانتان دەکەم. 29دەزانم کە بێمە لاتان، بە پڕیی بەرەکەتی مەسیحەوە دێم.

30ئێستاش ئەی خوشک و برایان لێتان دەپاڕێمەوە، لەبەر عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ و بە خۆشەویستی ڕۆحی پیرۆز، لەگەڵم تێبکۆشن لە نوێژەکان بۆ خودا لە پێناوی من، 31تاکو لەدەست بێباوەڕانی یەهودیا ڕزگاربم، هەروەها تاکو خزمەتەکەم بۆ ئۆرشەلیم لەلای گەلی پیرۆزی خودا پەسەندکراو بێت، 32بۆ ئەوەی بە خواستی خودا بە دڵشادییەوە بێمە لاتان و لەگەڵتان پشوو بدەم. 33خودای ئاشتی لەگەڵ هەمووتان بێت. ئامین.