ڕۆما 13 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ڕۆما 13:1-14

ملکەچی بۆ دەسەڵاتداران

1با هەموو کەسێک ملکەچی دەسەڵاتدارە فەرمانڕەواکان بێت، چونکە دەسەڵات نییە لە خوداوە نەبێت، جا ئەوەی هەیە لەلایەن خوداوە دانراوە. 2ئیتر ئەوەی بەرهەڵستی دەسەڵات دەکات، بەرهەڵستی دانراوی خودا دەکات، بەرهەڵستکارانیش حوکمدان بەسەر خۆیان دەهێنن. 3فەرمانڕەوایان جێی ترس نین بۆ چاکەکاری، بەڵکو بۆ خراپەکاری. ئایا دەتەوێت لە دەسەڵات نەترسیت؟ چاکە بکە، ستایشی ئەو بەدەستدەهێنیت، 4چونکە خزمەتکاری خودایە و بۆ چاکەی تۆ کار دەکات. بەڵام ئەگەر خراپەت کرد بترسە، چونکە لەخۆڕا شمشێر هەڵناگرێت. ئەو خزمەتکاری خودایە و بە تووڕەیی خودا سزای خراپەکاران دەدات. 5بۆیە پێویستە ملکەچ بن، نەک تەنها لەبەر تووڕەیی13‏:5 مەبەست سزای دەسەڵاتدار.‏، بەڵکو لەبەر ویژدانیش.

6هەر لەبەر ئەمەشە باج دەدەن، چونکە ئەوان خزمەتکاری خودان و بەردەوام لەسەر ئەم کارەن. 7مافی هەمووان بدەن: باج بە خاوەن باج، سەرانە بە خاوەن سەرانە، ترس لە خاوەن ترس، ڕێز بە خاوەن ڕێز.

خۆشەویستی برایانە

8بە هیچ شتێک قەرزاری کەس مەبن، جگە لەوەی یەکتریتان خۆشبوێ، چونکە ئەوەی خەڵکی دیکەی خۆشبوێ، شەریعەتی تەوراتی هێناوەتە دی. 9ڕاسپاردەکانی وەک ﴿داوێنپیسی مەکەن﴾، ﴿مەکوژن﴾، ﴿دزی مەکەن﴾، ﴿چاو مەبڕنە هیچ شتێک کە هی کەسێکی دیکە بێت﴾13‏:9 دەرچوون 20‏:13‏-17 و دواوتار 5‏:17‏-21.‏ و ڕاسپاردەی دیکەش لەم ڕاسپاردەیەدا کۆدەبنەوە: ﴿نزیکەکەت وەک خۆت خۆشبوێت.﴾13‏:9 لێڤییەکان 19‏:18 10خۆشەویستی خراپە لەگەڵ نزیکەکەی ناکات، بۆیە خۆشەویستی هێنانەدیی شەریعەتە.

11جگە لەوەش کاتەکە دەزانن، وا کاتی ئەوەیە لە خەو هەستن، چونکە ئێستا ڕزگاریمان نزیکترە لەو کاتەی باوەڕمان هێنا. 12شەو لە تەواوبوونە، وا ڕۆژ هەڵدێت. با کرداری تاریکی دابکەنین و چەکی ڕووناکی لەبەر بکەین. 13با بەڕێزەوە ڕەفتار بکەین وەک چۆن لە ڕۆژدا ڕەفتار دەکرێت، نەک لە ڕابواردن و سەرخۆشی، داوێنپیسی و بەڕەڵایی، ناکۆکی و ئیرەیی. 14بەڵکو عیسای مەسیحی خاوەن شکۆ لەبەر بکەن، بیر لە تێرکردنی ئارەزووەکانی سروشتی دنیایی مەکەنەوە.