ڕۆما 11 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ڕۆما 11:1-36

پاشماوەیەک بە نیعمەت هەڵبژێردراون

1لێرەدا دەپرسم: ئایا خودا گەلەکەی خۆی ڕەتکردەوە؟ نەخێر! منیش ئیسرائیلیم، لە نەوەی ئیبراهیم لە هۆزی بنیامین. 2خودا گەلەکەی خۆی کە پێشتر ناسیویەتی ڕەتی نەکردەوە. ئایا نازانن نووسراوە پیرۆزەکە لەبارەی ئەلیاس چی دەفەرموێ؟ چۆن لەلای خودا لە دژی ئیسرائیل دەپاڕێتەوە: 3﴿ئەی یەزدان، پێغەمبەرەکانی تۆیان کوشتووە، قوربانگاکانی تۆیان وێران کردووە. من بە تەنها ماومەتەوە، ئەوانیش بەدوامدا دەگەڕێن هەتا بمکوژن.﴾11‏:3 یەکەم پاشایان 19‏:10‏،14‏.‏ 4بەڵام خودا چۆن وەڵامی دایەوە؟ ﴿حەوت هەزار پیاوم بۆ خۆم هێشتووەتەوە، ئەوانەی چۆکیان بۆ بەعل نەچەماندووەتەوە.﴾11‏:4 یەکەم پاشایان 19‏:18.‏ 5لەم سەردەمەی ئێستاش، پاشماوەیەک هەیە بە نیعمەت هەڵبژێردراون. 6بەڵام ئەگەر بە نیعمەت بێت، ئیتر بە کردار نییە. ئەگینا ئیتر نیعمەت نیعمەت نییە.

7کەواتە چی؟ ئەوەی ئیسرائیل هەوڵی بۆ دەدا دەستی نەکەوت، بەڵکو هەڵبژێردراوان دەستیان کەوت، ئەوانی دیکەش دڵڕەق بوون، 8وەک نووسراوە:

﴿خودا ڕۆحی خەوی قووڵی داونەتێ،

چاوی داونەتێ پێی نەبینن و

گوێی داونەتێ پێی نەبیستن، تاکو ئەمڕۆش.﴾11‏:8 دواوتار 29‏:4، ئیشایا 29‏:10.‏

9داودیش دەڵێت:

﴿با خوانەکەیان ببێتە داو و تەڵە،

کۆسپ و سزا بۆیان.

10با بەرچاویان تاریک بێت تاکو نەبینن،

هەمیشە پشتیان چەماوە بێت.﴾11‏:10 زەبوورەکان 69‏:22‏،23‏.‏

ڕزگاربوونی ناجولەکەکان

11دیسان دەپرسم: ئایا جولەکەکان ساتمەیان کرد تاکو بکەون و هەڵنەستنەوە؟ حاشا! بەڵکو بە گوناهی ئەوان ڕزگاری بۆ نەتەوەکان هاتە کایەوە، تاکو ببێتە مایەی وروژاندنی ئیرەیی گەلی ئیسرائیل. 12جا ئەگەر گوناهی ئەوان دەوڵەمەندی بێت بۆ جیهان و دۆڕاندنیان دەوڵەمەندی بێت بۆ نەتەوەکان، ئاخۆ دەبێت گەڕانەوەیان بە تەواوەتی چ دەوڵەمەندییەک لەگەڵ خۆی بهێنێت؟

13ئەی نەتەوەکان، قسەتان بۆ دەکەم: شانازی بە خزمەتەکەمەوە دەکەم، چونکە نێردراوم بۆ نەتەوەکان، 14تاکو ئیرەیی هاوڕەچەڵەکەکانم بجوڵێنم و هەندێکیان ڕزگار بکەم، 15چونکە ئەگەر ڕەتکردنەوەیان ئاشتبوونەوەی جیهان بێت، ئەی پەسەندکردنیان چی دەبێت، ئەگەر ژیانەوەی مردووان نەبێت؟ 16ئەگەر یەکەمین بەرهەمی هەویرەکە کە پێشکەش کرابێت پیرۆزە، ئەوا هەموو هەویرەکەش پیرۆزە. ئەگەر ڕەگەکە پیرۆز بێت، ئەوا لقەکانیش.

17بەڵام ئەگەر هەندێک لق بڕانەوە، تۆش لە دارەکە موتوربە کرایت کە زەیتوونێکی کێویت و بەمە لە ڕەگ و شیری زەیتوونەکە بەشدار بوویت، 18شانازی بەسەر لقەکانەوە مەکە. ئەگەر شانازی دەکەیت، بزانە کە تۆ ڕەگەکە هەڵناگریت، بەڵکو ئەوە هەڵتدەگرێت. 19ئیتر دەڵێی: «لقەکان بڕانەوە تاکو من موتوربە بکرێم.» 20ڕاستە. ئەوان لەبەر بێباوەڕی بڕانەوە، تۆش بە باوەڕ جێگیر بوویت. لەخۆبایی مەبە، بەڵکو بترسە، 21چونکە ئەگەر خودا بەزەیی بە لقە سروشتییەکاندا نەیەتەوە، ئەوا بەزەیی بە تۆشدا نایەتەوە.

22لەبەر ئەوە نەرمونیانی و توندی خودا لەبەرچاو بگرە: توندی بۆ ئەوانەیە کە کەوتن، بەڵام نەرمونیانی بۆ تۆیە ئەگەر لە نەرمونیانییەکەی جێگیر بیت، ئەگینا تۆش دەبڕدرێیتەوە. 23ئەوانیش ئەگەر لە بێباوەڕی جێگیر نەبن موتوربە دەکرێنەوە، چونکە خودا دەتوانێت موتوربەیان بکاتەوە. 24ئەگەر تۆ بەگوێرەی سروشت لە دار زەیتوونێکی کێوی بڕابیتەوە و بە پێچەوانەی سروشت لە دار زەیتوونێکی چاک موتوربە کرایت، ئاخۆ چەند زیاتر ئەوانەی بەگوێرەی سروشت لە دار زەیتوونەکەی خۆیان موتوربە دەکرێن.

بەزەیی خودا بۆ هەمووانە

25ئەی خوشک و برایان، نامەوێت ئەم نهێنییە نەزانن، نەوەک خۆتان بە دانا بزانن: کەللەڕەقی بەشێک لە ئیسرائیلی گرتەوە هەتا تەواوی نەتەوەکان بێنە ناوەوە. 26بەم شێوەیە هەموو ئیسرائیل ڕزگاری دەبێت، وەک نووسراوە:

﴿ڕزگارکەر لە سییۆنەوە دێت،

خوانەناسی لە یاقوب دووردەخاتەوە.

27ئەمەش پەیمانی منە لەگەڵ ئەوان

کاتێک گوناهەکانیان دادەماڵم.﴾11‏:27 ئیشایا 59‏:20‏،21 و 27‏:9 و یەرمیا 31‏:33‏،34‏.‏

28بەگوێرەی پەیامی ئینجیل لە پێناوی ئێوەدا دوژمنن11‏:28 دوژمنی خودان.‏، بەڵام بەگوێرەی هەڵبژاردن لە پێناوی باوکاندا خۆشەویستن، 29چونکە بەخشینەکانی خودا و بانگکردنەکەی بێ پەشیمانییە. 30هەروەک چۆن ئێوە پێشتر گوێڕایەڵی خودا نەبوون، بەڵام ئێستا بەهۆی گوێڕایەڵ نەبوونی ئەوان ئێوە بەر بەزەیی کەوتن، 31ئەوانیش ئێستا گوێڕایەڵ نین، تاکو بەو بەزەییەی بۆ ئێوە بوو ئەوانیش بەر بەزەیی بکەون. 32خودا هەمووانی لە گوێڕایەڵنەبووندا بەندکرد، تاکو بەزەیی بە هەموواندا بێتەوە.

33ئای لە قووڵی دەوڵەمەندی و دانایی و زانیاری خودا!

حوکمەکانی لە سەرووی تێگەیشتنەوەیە و

ڕێگاکانی لە سەرووی وردبوونەوەیە.

34﴿کێ بیری یەزدانی زانی؟

یان کێ بووە ڕاوێژکاری؟﴾11‏:34 ئیشایا 40‏:13.‏

35﴿کێ شتێکی پێ بەخشیوە

تاکو پێی بدرێتەوە؟﴾11‏:35 ئەیوب 41‏:11.‏

36چونکە هەموو شتەکان لە ئەوە و بەهۆی ئەوە و بۆ ئەوە.

هەتاهەتایە شکۆمەندی بۆ ئەوە! ئامین.