ڕۆما 10 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ڕۆما 10:1-21

1ئەی خوشک و برایان، ئارەزووی دڵم و پاڕانەوەم لە خودا لە پێناوی ڕزگاریی نەوەی ئیسرائیلە. 2شایەتییان بۆ دەدەم کە دڵگەرمییان بۆ خودا هەیە، بەڵام بە زانیارییەوە نییە. 3لەبەر ئەوەی بێتاوانکردنیان10‏:3 یۆنانی: ڕاستودروستی.‏ لە خوداوە نەزانی، هەوڵیان دا بێتاوانکردنی خۆیان بچەسپێنن، ملکەچی بێتاوانکردنی خودا نەبوون. 4بەڵام مەسیح تەواوکەری شەریعەتە، تاکو ڕاستودروستی بۆ هەموو ئەوانە بێت کە باوەڕ دەهێنن.

ڕزگاری بۆ هەمووان

5موسا لەبارەی ئەو ڕاستودروستییەی بەپێی شەریعەتی تەوراتە دەنووسێت: ﴿ئەو کەسەی پەیڕەویان بکات، بەهۆیانەوە دەژیێت.﴾10‏:5 لێڤییەکان 18‏:5.‏ 6بەڵام ئەو ڕاستودروستییەی بە باوەڕە، ئاوا دەفەرموێ: ﴿لە دڵی خۆتاندا مەڵێن، «کێ سەردەکەوێتە ئاسمان؟»﴾10‏:6 دواوتار 30‏:12.‏ بە واتای ئەوەی کە مەسیح بهێنێتە خوارەوە، 7﴿یان «کێ دادەبەزێتە ناو بیری بێ بن؟»﴾10‏:7 دواوتار 30‏:13.‏ بە واتای ئەوەی کە مەسیح لەناو مردووان سەربخات. 8بەڵام چی دەفەرموێ؟ ﴿پەیامەکە لێت نزیکە، لەسەر زمانتە و لە دڵتدایە،﴾10‏:8 دواوتار 30‏:14.‏ ئەمەش پەیامی ئەو باوەڕەیە کە ڕایدەگەیەنین: 9ئەگەر بە دەمت دانت پێدا نا کە عیسا پەروەردگارە و بە دڵ باوەڕت کرد کە خودا لەناو مردووان هەڵیستاندەوە، ڕزگار دەبیت. 10لەبەر ئەوەی بە دڵ باوەڕهێنان ئەنجامەکەی بێتاوانبوونە، بە دەم دانپێدانان ئەنجامەکەی ڕزگارییە. 11هەروەک چۆن نووسراوە پیرۆزەکە دەفەرموێ: ﴿هەرکەسێک پشتی پێ ببەستێت، شەرمەزار نابێت.﴾10‏:11 ئیشایا 28‏:16.‏ 12جیاوازی لەنێوان جولەکە و ناجولەکە نییە، لەبەر ئەوەی هەمان پەروەردگارە بۆ هەمووان، دەوڵەمەندە بۆ هەموو ئەوانەی لێی دەپاڕێنەوە، 13چونکە ﴿هەرکەسێک بە ناوی یەزدانەوە بپاڕێتەوە ڕزگاری دەبێت.﴾10‏:13 یۆئێل 2‏:32.‏

14ئیتر چۆن لە یەکێک دەپاڕێنەوە کە باوەڕیان پێی نەهێنابێت؟ چۆن باوەڕ بە یەکێک دەهێنن ئەگەر نەیانبیستبێت؟ چۆنیش دەیبیستن بێ ئەوەی یەکێک پێیان ڕابگەیەنێت؟ 15هەروەها چۆن ڕادەگەیەنن ئەگەر نەنێردرابن؟ وەک نووسراوە: ﴿چەند جوانە پێیەکانی ئەوانەی مزگێنی خۆشی دەدەن!﴾10‏:15 ئیشایا 52‏:7.‏

16بەڵام هەموو نەوەی ئیسرائیل گوێڕایەڵی پەیامی ئینجیل نەبوون، چونکە ئیشایا دەڵێت: ﴿ئەی یەزدان، کێ باوەڕی بە پەیامەکەمان کرد؟﴾10‏:16 ئیشایا 53‏:1.‏ 17کەواتە باوەڕ بە بیستنە، بیستنیش بە وشەی مەسیحە. 18بەڵام دەڵێم: ئایا گوێیان لێ نەبوو؟ بێگومان گوێیان لێ بوو!

﴿پەیامیان بە هەموو زەوی گەیشت،

وتەکانیان بەوپەڕی جیهان.﴾10‏:18 زەبوورەکان 19‏:4.‏

19بەڵام دەڵێم: ئایا ئیسرائیل تێنەگەیشت؟ یەکەم جار موسا دەڵێت:

﴿من واتان لێدەکەم ئیرەیی بەوانە ببەن کە گەل نین،

بە نەتەوەیەکی گێل پەستتان دەکەم.﴾10‏:19 دواوتار 32‏:21.‏

20بەڵام ئیشایا ئازایانە دەڵێت:

﴿دۆزرامەوە لەلایەن ئەوانەی بەدوامدا نەگەڕان،

دەرکەوتم بۆ ئەوانەی پرسیاری منیان نەکرد.﴾10‏:20 ئیشایا 65‏:1.‏

21بەڵام دەربارەی ئیسرائیل دەڵێت:

﴿بە درێژایی ڕۆژ دەستم بۆ گەلێکی یاخی و بەرهەڵستکار ڕاگرت.﴾10‏:21 ئیشایا 65‏:2.‏