ڕابەران 8 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ڕابەران 8:1-35

زەڤەح و زەلموناعی پاشایانی میدیان

1ئینجا پیاوانی ئەفرایم بە گدعۆنیان گوت: «ئەو کارە چی بوو بە ئێمەت کرد، بۆچی کە چوویت بۆ شەڕکردن لەگەڵ میدیانییەکان ئێمەت بانگ نەکرد؟» هەروەها ڕەخنەی توندیان لێ گرت.

2ئەویش وەڵامی دانەوە: «ئەوەی من کردوومە چییە لەچاو ئەوەی ئێوە کردووتانە؟ ئایا چنینەوەی8‏:2 کۆکردنەوەی پاشماوەی ڕنراوەکان.‏ ترێی ئەفرایم لە ترێ ڕنینەوەی ئەبیعەزەر باشتر نییە؟ 3خودا عۆرێڤ و زئێڤی هەردوو سەرکردەی میدیانییەکانی خستە ژێر دەستتانەوە. من توانیومە چی بکەم لەچاو ئێوەدا؟» جا لەو کاتەدا کە ئەم قسەیەی کرد، تووڕەییان بەرامبەری خاو بووەوە.

4ئینجا گدعۆن هات بۆ ڕووباری ئوردون و خۆی و سێ سەد پیاوەکەی کە لەگەڵیدا بوون پەڕینەوە، ماندوو بوون بەڵام بەردەوام بوون لە ڕاونانیان. 5گدعۆن بە خەڵکی سوکۆتی گوت: «نان بدەن بەو جەنگاوەرانەی لەگەڵمدان، چونکە ماندوون و من بەردەوام بەدوای زەڤەح و زەلموناعی هەردوو پاشای میدیان کەوتووم.»

6بەڵام کاربەدەستەکانی سوکۆت گوتیان: «ئایا ئێستا دەستی زەڤەح و زەلموناع لە دەستتە تاوەکو نان بدەینە سەربازەکانت؟»

7گدعۆنیش گوتی: «بۆیە کاتێک یەزدان زەڤەح و زەلموناع دەخاتە ژێر دەستم، لەشتان بە دڕکوداڵی دەشتودەر زامدار دەکەم.»

8لەوێشەوە سەرکەوت بۆ پەنیێل و هەمان داواکاری لێکردن. خەڵکی پەنیێلیش وەکو خەڵکی سوکۆت وەڵامیان دایەوە. 9هەروەها بە خەڵکی پەنیێلی گوت: «کاتێک بە سەرکەوتوویی دەگەڕێمەوە ئەم قوللەیە دەڕووخێنم.»

10زەڤەح و زەلموناعیش لە قەرقۆر بوون و سوپاکانیان لەگەڵیان بوون، کە نزیکەی پازدە هەزار بوون، هەموو ئەوانەی مابوونەوە لە هەموو سوپاکەی کوڕانی ڕۆژهەڵات بوون، ئەوانەش کە کەوتن سەد و بیست هەزار پیاوی شمشێر بەدەست بوون. 11ئیتر گدعۆن لە ڕێگای چادرنشینەکانەوە سەرکەوت، لە ڕۆژهەڵاتی نۆڤەح و یۆگبەهایەوە و لە سوپاکەی دا و سوپاکەش لەو کاتەدا ئاگادار نەبوون. 12جا زەڤەح و زەلموناع هەڵاتن و ئەویش دوایان کەوت و هەردوو پاشای میدیان زەڤەح و زەلموناعی گرت و هەموو سوپاکەی تەفروتونا کرد.

13ئینجا گدعۆنی کوڕی یۆئاش بەلای ڕێگای هەورازی حەرەس لە جەنگ گەڕایەوە. 14گەنجێکی لە خەڵکی سوکۆت گرت و پرسیاری لێکرد، ئەویش ناوی کاربەدەستەکانی سوکۆت و پیرەکانی بۆ نووسی کە حەفتا و حەوت پیاو بوون. 15ئینجا گدعۆن هات بۆ لای خەڵکی سوکۆت و گوتی: «ئەوەتا زەڤەح و زەلموناع کە گاڵتەتان پێکردم و گوتتان: ”ئایا دەستی زەڤەح و زەلموناع ئێستا بە دەستتەوەیە هەتا نان بدەینە پیاوە ماندووەکانت؟“» 16جا پیرەکانی شارۆچکەکەی برد و بە دڕکوداڵی دەشتودەر سزای دان و کردنی بە پەند بۆ خەڵکی سوکۆت. 17هەروەها قوللەی پەنیێلی ڕووخاند و پیاوەکانی شارۆچکەکەی کوشت.

18بە زەڤەح و زەلموناعی گوت: «ئەو پیاوانەی کە لە تاڤۆر کوشتتان چۆن بوون؟»

ئەوانیش گوتیان: «لە تۆ دەچوون، هەریەکەیان وەک شازادەیەک بوو.»

19گدعۆنیش گوتی: «ئەوان برای منن و کوڕی دایکمن. بە یەزدانی زیندوو، ئەگەر ئێوە بە زیندوویی بتانهێشبوونایەوە نەمدەکوشتن!» 20ئینجا بە یەتەری نۆبەرەی کوڕی گوت: «هەستە بیانکوژە!» بەڵام یەتەر شمشێرەکەی ڕانەکێشا، چونکە ترسا، لەبەر ئەوەی هێشتا مێردمنداڵ بوو.

21زەڤەح و زەلموناعیش گوتیان: «تۆ هەستە و بمانکوژە، چونکە ”پیاو چۆن بێت هێزیشی وایە.“» گدعۆنیش هەستا و زەڤەح و زەلموناعی کوشت و ئەو هیزارەی8‏:21 هیزار: ئەو ملوانکە و جوانکاریانەیە بە گەردنی ئاژەڵەوە هەڵدەواسرێت، بریتی بووە لە ملوانکە و زەنگوڵی شێوە مانگی کراوە.‏ بە ملی وشترەکانیانەوە بوو بردی.

ئێفۆدی گدعۆن

22ئیتر پیاوانی ئیسرائیل بە گدعۆنیان گوت: «فەرمانڕەوایەتیمان بکە، خۆت و کوڕەکەت و کوڕی کوڕەکەشت، چونکە ڕزگارت کردین لە دەستی میدیان.»

23بەڵام گدعۆن پێی گوتن: «من فەرمانڕەوایەتیتان ناکەم و کوڕەکەشم فەرمانڕەوایەتیتان ناکات. یەزدان فەرمانڕەوایەتیتان دەکات.» 24ئینجا گدعۆن پێی گوتن: «داوای شتێکتان لێ دەکەم، هەریەکەتان ئەو گوارانەی دەستیکەوتووە بمداتێ.» بەگوێرەی نەریتی ئیسماعیلییەکان، گوارەی زێڕیان لە گوێ کردبوو.

25ئەوانیش گوتیان: «بە خۆشحاڵییەوە.» ئینجا جبەیەکیان ڕاخست و هەریەکە و ئەو گوارانەی دەستی کەوتبوو فڕێیدایە سەری. 26کێشی ئەو گوارە زێڕانەی کە داوای کرد هەزار و حەوت سەد شاقل8‏:26 هەزار و حەوت سەد شاقل: نزیکەی 19,5 کیلۆگرام.‏ بوو، ئەمە بێجگە لە هیزارەکان کە لەسەر شێوەی مانگی نوێ بوون، هەروەها بازن و جبە و عەبای ئەرخەوانی کە لەبەر پاشایانی میدیان بوو، هەروەها بێجگە لەو ملوانکانەی کە لە ملی وشترەکانیان بوو. 27جا گدعۆن ئێفۆدێکی لێ دروستکردن و لە عۆفرا داینا کە شارۆچکەکەی خۆی بوو. هەموو ئیسرائیلیش بەدوایەوە لەوێ لەشفرۆشییان کرد، ئیتر ئەوە تەڵەیەک بوو بۆ گدعۆن و ماڵەکەی.

مردنی گدعۆن

28میدیانیش لەبەردەم کوڕانی ئیسرائیلدا زەلیل بوون و ئیتر سەریان بەرز نەکردەوە. خاکەکەش لە سەردەمی گدعۆندا چل ساڵ لە ئاشتیدا بوو.

29جا یەروبەعلی8‏:29 یەروبەعل: مەبەست لە گدعۆن، لێرە و لە ئایەتی 35.‏ کوڕی یۆئاش ڕۆیشت و لە ماڵی خۆی دانیشت. 30گدعۆن حەفتا کوڕی لە پشتی خۆی هەبوو، چونکە ژنی زۆربوو. 31هەروەها کەنیزەکەشی کە لە شەخەم بوو، ئەویش کوڕێکی بۆی بوو، ناوی لێنا ئەبیمەلەخ. 32ئینجا گدعۆنی کوڕی یۆئاش لە تەمەنێکی باشی پیریدا مرد و لە گۆڕی یۆئاشی باوکی لە عۆفرای ئەبیعەزەرییەکاندا نێژرا.

33هەر لەدوای مردنی گدعۆن نەوەی ئیسرائیل دیسان بەدوای بەعلەکانەوە لەشفرۆشییان کرد و بەعل‌بەریتیان8‏:33 واتا خوداوەندی پەیمان یان مێردی پەیمان.‏ بە خودای خۆیان دانا. 34نەوەی ئیسرائیل یەزدانی پەروەردگاری خۆیان بیر نەکەوتەوە، ئەوەی دەربازی کردن لە دەستی هەموو دوژمنەکانی دەوروبەریان. 35هەروەها لەگەڵ ماڵی یەروبەعل، واتا گدعۆن، دڵسۆز نەبوون بەرامبەر بە هەموو ئەو چاکانەی کە لەگەڵ ئیسرائیل کردی.