ڕابەران 7 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ڕابەران 7:1-25

بەزاندنی میدیانییەکان

1ئیتر یەروبەعل، واتا گدعۆن، هەروەها هەموو ئەو پیاوانەی کە لەگەڵیدا بوون بەیانی زوو هەستان و لەتەنیشت کانی حەرۆد چادریان هەڵدا. ئۆردوگای میدیانییەکانیش لە باکووریانەوە بوون لەلای گردی مۆرە لە دۆڵەکە. 2ئینجا خودا بە گدعۆنی فەرموو: «ئەو پیاوانەی کە لەگەڵتدان بەلای منەوە زۆرن بۆ ئەوەی میدیانییەکان بدەمە دەستیان، نەوەک ئیسرائیل شانازی لەسەر من بکات و بڵێت: ”هێزی خۆم ڕزگاری کردم.“ 3ئێستاش بانگەواز بۆ پیاوەکان بکە: ”ئەوەی دەترسێت و تۆقیوە با بگەڕێتەوە و کێوی گلعاد بەجێبهێڵێت.“» ئیتر بیست و دوو هەزار کەس لە پیاوەکان گەڕانەوە و دە هەزار کەس مانەوە.

4ئینجا یەزدان بە گدعۆنی فەرموو: «هێشتا پیاوەکان زۆرن. بیانبەرە خوارەوە بۆ سەر ئاوەکە بۆ ئەوەی لەوێ لە بێژنگیان بدەم بۆت. ئیتر ئەوەی کە پێت بڵێم: ”ئەمە لەگەڵت دێت“ ئەوە لەگەڵت دێت، بەڵام بۆ هەر یەکێکیش پێت بڵێم: ”ئەمە لەگەڵت نایەت،“ ئەوا نایەت.»

5گدعۆنیش پیاوەکانی بردە خوارەوە بۆ سەر ئاوەکە. ئینجا یەزدان بە گدعۆنی فەرموو: «هەرکەسێک لەسەر لەپی دەستی بە زمان7‏:5 شێوازی ئاو خواردنەوە لە ڕێگەی لەپی دەستەوە و نزیکبوونەوەی لەپی دەست لە دەم.‏ لە ئاوەکەی خواردەوە وەک چۆن سەگ ئاو دەخواتەوە جیای بکەرەوە، هەروەها هەرکەسێک بۆ ئاو خواردنەوە بەسەر چۆکدا بکەوێت جیای بکەرەوە.» 6ئیتر ژمارەی ئەوانەی لە ڕێگەی لەپی دەستەوە بە زمان ئاویان خواردەوە سێ سەد پیاو بوون، پیاوەکانی دیکەش هەموویان لەسەر چۆکیان کەوتن بۆ ئاو خواردنەوە.

7ئینجا یەزدان بە گدعۆنی فەرموو: «بەو سێ سەد پیاوەی لە ڕێگەی لەپی دەستەوە بە زمان ئاویان خواردەوە ڕزگارتان دەکەم و میدیانییەکان دەخەمە ژێر دەستتەوە، پیاوەکانی دیکە با هەرکەسە و بچێتەوە بۆ شوێنی خۆی.» 8ئیتر گدعۆن هەموو پیاوەکانی دیکەی ئیسرائیلی ناردەوە، هەریەکە و بۆ ماڵەکەی خۆی، بەڵام سێ سەد پیاوەکەی هێشتەوە. ئەوانیش ئازووقە و کەڕەناکانی ئەوانی دیکەیان لەگەڵ خۆیاندا برد.

ئۆردوگای میدیانییەکانیش لە دۆڵەکە لە ژێرییەوە بوو. 9ئینجا لەو شەوەدا یەزدان بە گدعۆنی فەرموو: «هەستە و هێرش بکە سەر ئۆردوگاکە، چونکە خستوومەتە ژێر دەستتەوە. 10ئەگەر لە هێرشبردن دەترسیت، ئەوا خۆت و پورای خزمەتکارت بچنە خوارەوە بۆ ئۆردوگاکە، 11گوێت لە قسەکانیان دەبێت و ورەت بەرزدەبێتەوە و هێرش دەبەیتەسەر ئۆردوگاکە.» ئیتر خۆی و پورای خزمەتکاری بەرەو خوار چوون تاکو لە ڕیزەکانی دواوەی چەکدارەکانی ئۆردوگاکە نزیک بوونەوە. 12میدیانی و عەمالێقییەکان و هەموو کوڕانی ڕۆژهەڵات لە زۆریدا وەک کوللە وابوون و لە دۆڵەکە بوون، وشترەکانیشیان بێشومار بوون لە زۆریدا وەک ئەو لمەی لەسەر کەناری دەریادایە.

13ئینجا گدعۆن هات و بینی پیاوێک خەونێک بۆ هاوڕێکەی دەگێڕێتەوە و دەڵێت: «بەڕاستی خەونێکم بینیوە، لە خەونەکە کولێرەیەکی جۆ گلۆربووەوە بۆ ئۆردوگای میدیانییەکان و هاتە چادرەکە و لێیدا، ئیتر کەوت و سەرەوژێری کرد، چادرەکەی تەخت کرد.»

14هاوڕێکەشی وەڵامی دایەوە: «ئەوە لە شمشێرەکەی گدعۆنی کوڕی یۆئاشی پیاوی ئیسرائیل زیاتر بەولاوە هیچی دیکە نییە. خودا میدیانییەکان و هەموو سوپاکەی خستووەتە ژێر دەستیەوە.»

15ئیتر کاتێک گدعۆن گوێی لە هەواڵی خەونەکە و لێکدانەوەکەی بوو، کڕنۆشی بۆ خودا برد. پاشان گەڕایەوە ئۆردوگاکەی ئیسرائیل و گوتی: «هەستن، چونکە خودا سوپای میدیانییەکانی خستووەتە ژێر دەستتانەوە.» 16ئینجا سێ سەد پیاوەکەی دابەش کرد بۆ سێ تیپ و کەڕەنای دایە دەستی هەموویان لەگەڵ گۆزەی بەتاڵ و چرای خستە ناو گۆزەکانەوە.

17پێی گوتن: «سەیری من بکەن و وەک من بکەن، ئەوەتا من دەچمە نزیک ئۆردوگاکە، ئیتر من چی دەکەم ئێوەش وا بکەن. 18ئینجا من و هەموو ئەوانەی لەگەڵمدان کە کەڕەنامان لێدا، ئێوەش بە دەوری هەموو ئۆردوگاکەدا کەڕەنا لێ بدەن و بڵێن: ”بۆ یەزدان و بۆ گدعۆن!“»

19ئیتر گدعۆن و سەد پیاوەکەی کە لەگەڵیدا بوون لە سەرەتای نیوە شەودا هاتن بۆ کەناری ئۆردوگاکە و لەو کاتەدا پاسەوانەکانیان گۆڕی بوو، ئینجا کەڕەنایان لێدا و ئەو گۆزانەی لە دەستیان بوو شکاندیانن. 20سێ تیپەکە کەڕەنایان لێدا و گۆزەکانیان شکاند و چراکانیان بە دەستی چەپیانەوە گرت و کەڕەناکانیان بە دەستی ڕاست بۆ ئەوەی لێی بدەن، هاواریان کرد: «شمشێرێک بۆ یەزدان و بۆ گدعۆن!» 21ئیتر هەریەکە و لە شوێنی خۆیان بە دەوری ئۆردوگاکەدا ڕاوەستان. ئینجا هەموو میدیانییەکان ڕایانکرد و هاواریان کرد و هەڵاتن.

22کاتێک سێ سەد کەسەکە کەڕەنایان لێدا، یەزدان کارێکی کرد لە پیاوانی سەراپای ئۆردوگاکە کە هەریەکە بە شمشێرەکەی لە هاوڕێکەی خۆی بدات، ئیتر سوپاکە هەڵات بۆ بێت‌شیتا بەرەو چەرێرا هەتا دەگاتە سنووری ئابێل مەحۆلا نزیک تەبات. 23ئیتر پیاوانی ئیسرائیل لە هۆزەکانی نەفتالی و ئاشێر و هەموو مەنەشە بانگ کران و بەدوای میدیانییەکان کەوتن. 24ئینجا گدعۆن نێردراوی نارد بۆ هەموو ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم و گوتی: «دابەزن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی میدیانییەکان و سەرچاوەی ئاوەکانیان لێ بستێنن هەتا دەگاتە بێت‌بارا و ڕووباری ئوردون.»

ئیتر هەموو پیاوانی ئەفرایم کۆبوونەوە و سەرچاوەی ئاوەکانیان لێسەندن هەتا دەگاتە بێت‌بارا و ڕووباری ئوردون. 25دوو سەرکردەی میدیانییەکانیشیان گرت، عۆرێڤ و زئێڤ. عۆرێڤیان لەسەر تاشەبەردی عۆرێڤ کوشت، بەڵام زئێڤیان لەناو گوشەری زئێڤدا کوشت. هەروەها دوای میدیانییەکان کەوتن و کەللەسەری عۆرێڤ و زئێڤیان لەوبەری ڕووباری ئوردونەوە هێنا بۆ گدعۆن.