ڕابەران 4 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ڕابەران 4:1-24

دەڤۆرا

1لەدوای مردنی ئێهود نەوەی ئیسرائیل لەبەرچاوی یەزدان گەڕانەوە بۆ خراپەکاری، 2یەزدانیش ڕادەستی یاڤینی پاشای کەنعانی کردن، ئەوەی لە حاچۆر فەرمانڕەوا بوو. سیسرا فەرماندەی گشتی سوپاکەی بوو کە لە حەرۆشەت هەگۆیم دەژیا. 3لەبەر ئەوەی نۆ سەد گالیسکەی ئاسنی هەبوو، بۆ ماوەی بیست ساڵ بە توندی ستەمی لە نەوەی ئیسرائیل دەکرد، هەر بۆیە نەوەی ئیسرائیل هاواریان کرد بۆ یەزدان.

4دەڤۆرا پێغەمبەرێکی ژن بوو کە لەو کاتەدا ڕابەرایەتی ئیسرائیلی دەکرد و ژنی لەپیدۆت بوو. 5بۆ دادپرسی لەژێر دار خورمای دەڤۆرا دادەنیشت کە لەنێوان ڕامە و بێت‌ئێل لە ناوچە شاخاوییەکانی ئەفرایم بوو، نەوەی ئیسرائیل بۆ دادگەری دەهاتنە لای. 6ناردی بەدوای باراکی کوڕی ئەبینۆعەم کە لە قەدەشی نەفتالی بوو، پێی گوت: «یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل فەرمانی پێت کردووە و دەفەرموێت: ”بەرەو پێش بڕۆ بۆ کێوی تاڤۆر. دە هەزار پیاو لە نەوەی نەفتالی و زەبولون لەگەڵ خۆت ببە. 7ئیتر سیسرای فەرماندەی گشتی لەشکری یاڤین و گالیسکە و لەشکرەکەی بەرەو ڕووباری قیشۆن دەبەم و دەیخەمە ژێر دەستتەوە.“»

8باراکیش پێی گوت: «ئەگەر لەگەڵم بێیت دەچم، بەڵام ئەگەر لەگەڵم نەیێیت ئەوا ناچم.»

9دەڤۆراش گوتی: «بێگومان لەگەڵت دێم، بەڵام لەبەر ئەوەی ئەو ڕێگایەی کە پێیدا دەڕۆیت، بۆت نابێتە شانازی، چونکە یەزدان سیسرا دەداتە دەستی ژنێک.» ئیتر دەڤۆرا هەستا و لەگەڵ باراک چوو بۆ قەدەش، 10لەوێ باراک زەبولونی و نەفتالییەکانی بانگکرد. دە هەزار پیاو دوای کەوتن، هەروەها دەڤۆراش لەگەڵی چوو.

11حەڤەری قێنی خۆی لە قێنییەکان جیا کردبووەوە کە نەوەی حۆڤاڤ بوون، کە حۆڤاڤ ژن برای4‏:11 برای خێزانەکەی یان کوڕی خەزووری.‏ موسا بوو، چادرەکەی لەلای دار بەڕووێکی گەورە لە چەعەنەنیم نزیکی قەدەش هەڵدابوو.

12ئەوە بوو بە سیسرایان گوت کە باراکی کوڕی ئەبینۆعەم سەرکەوتووە بۆ کێوی تاڤۆر. 13سیسراش هەموو گالیسکەکانی واتا نۆ سەد گالیسکەی ئاسن و هەموو ئەو پیاوانەی کە لەگەڵیدا بوون لە حەرۆشەت هەگۆیمەوە هەتا ڕووباری قیشۆن کۆکردەوە.

14دەڤۆرا بە باراکی گوت: «هەستە! ئەمە ئەو ڕۆژەیە کە تێیدا یەزدان سیسرای خستووەتە ژێر دەستت. ئایا یەزدان پێشت نەکەوتووە؟» ئیتر باراکیش لە کێوی تاڤۆرەوە هاتە خوارەوە و دە هەزار پیاویش بەدوایەوە. 15یەزدانیش لەبەردەمی باراک بە زەبری شمشێر سەری لە سیسرا و هەموو گالیسکەکان و هەموو لەشکرەکەی شێواند، ئینجا سیسرا لە گالیسکەکە دابەزی و بە پێ هەڵات.

16باراکیش بەدوای گالیسکەکان و لەشکرەکە کەوت بۆ حەرۆشەت هەگۆیم، هەموو لەشکرەکەی سیسرا بە شمشێر کوژران، کەسیان نەما. 17بەڵام سیسرا ڕایکرد بۆ چادری یاعێلی ژنی حەڤەری قێنی، چونکە پەیوەندییەکی ئاشتییانە لەنێوان یاڤینی پاشای حاچۆر و ماڵی حەڤەری قێنی هەبوو.

18یاعێل چووە دەرەوە بۆ پێشوازی سیسرا و پێی گوت: «لابدە گەورەم، لابدە بۆ ئێرە، مەترسە.» ئەویش لایدا بۆ لای چادرەکە و ئیتر بە جاجم دایپۆشی.

19پێی گوت: «تۆزێک ئاوم بدەرێ، چونکە تینوومە.» ئەویش مەشکەی شیرەکەی کردەوە و پێیدا، ئینجا دایپۆشییەوە.

20ئیتر پێی گوت: «لەبەردەم چادرەکە بوەستە، ئەگەر یەکێک هات و پرسیاری لێکردیت: ”ئایا ئێرە کەسی لێیە؟“ تۆش بڵێ: ”نەخێر.“»

21بەڵام یاعێلی ژنی حەڤەر مێخێکی4‏:21 مێخی: سنگی.‏ چادرەکە و چەکوشێکی هەڵگرت، بە شێنەیی بۆ سیسرا چوو، لە کاتێکدا بەهۆی ماندووییەوە لە خەوێکی قووڵدا بوو. یاعێل مێخەکەی کرد بە لاجانیدا4‏:21 لاجان: نێوان گوێ و چاو.‏ و بە زەوییەکەدا چەقاندی و ئەویش یەکسەر مرد.

22لە کاتێکدا باراک بەدوای سیسرا کەوتبوو، یاعێل چووە دەرەوە بۆ پێشوازیکردنی و پێی گوت: «وەرە با ئەو پیاوەت پیشان بدەم کە تۆ بەدوایدا دەگەڕێیت.» ئەویش هات بۆ لای و بینی سیسرا بە مردوویەتی کەوتووە و مێخی چادرەکە لەناو لاجانییەتی.

23خوداش لەو ڕۆژەدا یاڤینی پاشای کەنعانی لەبەردەم نەوەی ئیسرائیلدا زەلیل کرد. 24نەوەی ئیسرائیل بەهێزتر و بەهێزتر دەبوون بەسەر یاڤینی پاشای کەنعان، هەتا یاڤینی پاشای کەنعانیان لەناوبرد.