ڕابەران 21 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ڕابەران 21:1-25

پەیداکردنی ژن بۆ نەوەی بنیامین

1پێشتر پیاوانی ئیسرائیل لە میچپا سوێندیان خواردبوو و گوتبوویان: «کەس لە ئێمە کچی خۆی ناداتە نەوەی بنیامین بۆ هاوسەرگیری.»

2ئینجا گەل چوون بۆ بێت‌ئێل و هەتا ئێوارە لەوێدا لەبەردەم خودا مانەوە و دەنگیان بەرزکردەوە و گریان، گریانێکی بەکوڵ. 3گوتیان: «ئەی یەزدانی پەروەردگاری ئیسرائیل، بۆچی ئەمە لە ئیسرائیلدا ڕوویدا، هەتا ئەمڕۆ نەوەی ئیسرائیل هۆزێک لە دەست بدات؟»

4بۆ ڕۆژی دواتر گەل زوو هەستا و لەوێدا قوربانگایەکیان دروستکرد و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشییان پێشکەش کرد.

5ئینجا نەوەی ئیسرائیل گوتیان: «لە هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل کێ بۆ کۆبوونەوەکە نەهاتە بەردەم یەزدان؟»21‏:5 ئەو کەسانەی کۆبوونەتەوە بۆ پێکهێنانی لەشکر. بڕوانە 20‏:1.‏ لەبەر ئەوەی سوێندیان خواردبوو کە هەرکەسێک نەیەتە بەردەم یەزدان بۆ میچپا، دەبێت بکوژرێت.

6ئینجا نەوەی ئیسرائیل ئاخیان بۆ بنیامینی برایان هەڵکێشا و گوتیان: «ئەمڕۆ هۆزێک لە ئیسرائیلدا دابڕا. 7بۆ ئەوانەی لێیان ماونەتەوە چی بکەین لەبارەی ژنەوە، چونکە ئێمە سوێندمان بە یەزدان خواردووە کە لە کچەکانمان ژنیان نەدەینێ؟» 8ئینجا گوتیان: «چ هۆزێک لە هۆزەکانی ئیسرائیل نەهاتووەتە بەردەم یەزدان بۆ میچپا؟» جا بۆیان دەرکەوت کەس لە دانیشتووانی یاڤێش گلعاد بۆ کۆبوونەوەکەی ئۆردوگا نەهاتووە، 9چونکە کاتێک گەلیان ژمارد، تەماشایان کرد تەنها یەک پیاویش لە دانیشتووانی یاڤێش گلعاد نەهاتووە.

10ئینجا کۆمەڵەکە دوازدە هەزار جەنگاوەریان بۆ ئەوێ نارد و ڕایانسپاردن و گوتیان: «بڕۆن و دانیشتووانی یاڤێش گلعاد بدەنە بەر شمشێر، بە ژن و منداڵەکانیشەوە. 11دەبێت ئەمەش بکەن، هەموو نێرێک و هەموو ئافرەتێک لەناو ببەن کە لەگەڵ نێر پاڵکەوتبێت.» 12جا لە دانیشتووانی یاڤێش گلعاددا چوار سەد کچی پاکیزەیان بینییەوە کە لەگەڵ پیاو سەرجێییان نەکردبوو، ئەوانیان هێنا ئۆردوگاکە لە شیلۆ ئەوەی لە خاکی کەنعان بوو.

13ئینجا هەموو کۆمەڵەکە ناردیان و لەگەڵ نەوەی بنیامین ئەوانەی لە تاشەبەردی ڕیمۆندا بوون قسەیان کرد و بانگیان کردن بۆ ئاشتبوونەوە. 14جا لەو کاتەدا نەوەی بنیامین گەڕانەوە و ئەو کچانەیان دانێ کە لە یاڤێش گلعاد بە زیندوویی هێشتبوونیانەوە، بەڵام هێشتا بەشی هەموو پیاوەکانی نەوەی بنیامینی نەکرد.

15گەلیش ئاخیان بۆ نەوەی بنیامین هەڵکێشا، چونکە یەزدان کەلێنی کردە ناو هۆزەکانی ئیسرائیلەوە. 16ئینجا پیرانی کۆمەڵەکە گوتیان: «ژن لە نەوەی بنیامین نەماوە، چی بۆ ئەوانی دیکە بکەین لەبارەی ژنانەوە؟ 17پێویستە دەربازبووەکانی بنیامین میراتگریان هەبێت، تاکو هیچ هۆزێک لە ئیسرائیل نەسڕێتەوە. 18ئێمەش ناتوانین لە کچەکانمان ژنیان بدەینێ، چونکە نەوەی ئیسرائیل سوێندیان خواردووە و گوتوویانە، ”نەفرەت لێکراوە ئەو کەسەی ژن دەدات بە نەوەی بنیامین.“ 19ئەوەتا هەموو ساڵێک لە شیلۆدا جەژن دەگێڕن بۆ یەزدان، لە باکووری بێت‌ئێل لە ڕۆژهەڵاتی ئەو ڕێگایەی لە بێت‌ئێلەوە سەردەکەوێت بۆ شەخەم و لە باشووری لەڤۆنە.»

20ئینجا فەرمانیان دا بە نەوەی بنیامین و گوتیان: «بڕۆن و لە ڕەزەمێوەکاندا بۆسە بنێنەوە و 21چاوەڕێ بکەن هەتا کچانی شیلۆ دەچنە ناو سەماکردن، ئینجا ئێوە لە ڕەزەمێوەکانەوە وەرنە دەرەوە و هەریەکە و کچێک لە کچەکانی شیلۆ بۆ خۆتان بڕفێنن، بگەڕێنەوە بۆ خاکی بنیامین. 22جا ئەگەر باوک و براکانیان هاتن بۆ ئەوەی سکاڵامان لەلا بکەن، پێیان دەڵێین: ”لەبەر ئێمە بەزەییتان پێیاندا بێتەوە، چونکە لە جەنگدا بۆ هەریەکیان ژنێکمان دەست نەکەوت. ئێوەش تاوانبار نین لە شکاندنی سوێندتان، چونکە بە ڕەزامەندی خۆتان کچەکانتان نەدانێ.“»21‏:22 بڕوانە ئایەتی 7.‏

23ئینجا نەوەی بنیامین ئاوایان کرد و بەپێی ژمارەیان ژنیان بۆ خۆیان لەو سەماکەرانە ڕفاند، ڕۆیشتن و گەڕانەوە بۆ میراتەکەیان21‏:23 بۆ میراتەکەیان: بڕوانە یەشوع 18‏:11‏-28.‏ و شارۆچکەکانیان بنیاد ناوە و تێیاندا نیشتەجێ بوون.

24ئینجا لەو کاتەدا نەوەی ئیسرائیل هەریەکە گەڕایەوە بۆ هۆزەکەی و خێڵەکەی. هەریەکە لەوێوە چووە دەرەوە بۆ میراتەکەی.

25لەو سەردەمەدا هیچ پاشایەک لەناو ئیسرائیلدا نەبوو و هەرکەس ئەوەی دەکرد کە لەبەرچاوی خۆی ڕاست بوو.