ڕابەران 20 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

ڕابەران 20:1-48

جەنگی ئیسرائیل لەگەڵ بنیامین

1ئینجا هەموو نەوەی ئیسرائیل هاتنە دەرەوە و کۆمەڵەکە وەک یەک پیاو لەبەردەم یەزدان کۆبوونەوە20‏:1 ئەو کەسانەی کۆبوونەتەوە بۆ پێکهێنانی لەشکر. بڕوانە 21‏:5.‏ لە میچپا، لە دانەوە هەتا بیری شابەع20‏:1 واتا لە باکووری ئیسرائیل هەتا باشوور.‏ و هەروەها خاکی گلعاد. 2سەرۆکەکانی هەموو گەل، هەموو هۆزەکانی ئیسرائیل لە کۆبوونەوەی گەلی خودا وەستان و ژمارەیان چوار سەد هەزار پیادەی شمشێر بەدەست بوو. 3نەوەی بنیامینیش بیستیانەوە کە نەوەی ئیسرائیل سەرکەوتوون بۆ میچپا. جا نەوەی ئیسرائیل گوتیان: «قسە بکەن ئەم کارە خراپە چۆن ڕوویدا؟»

4پیاوە لێڤییەکە مێردی ژنە کوژراوەکە وەڵامی دایەوە و گوتی: «من و کەنیزەکەم هاتینە گیڤعای بنیامین بۆ ئەوەی شەو لەوێ بەسەربەرین. 5جا خەڵکی گیڤعا شەو هاتنە سەرم و لە ماڵەکەدا گەمارۆیان دام و بەتەمابوون بمکوژن، کەنیزەکەی منیان لاقە کرد هەتا مرد. 6منیش کەنیزەکەی خۆمم گرت و لەتلەتم کرد و ناردم بۆ هەموو هەرێمەکانی ئیسرائیل، چونکە ئەوانە ئەوپەڕی بەدڕەوشتییان لە ئیسرائیل ئەنجام داوە. 7ئێستاش هەموو نەوەی ئیسرائیل لێرەیە، جا ڕاوێژ و بڕیاری خۆتان بڵێن.»

8ئینجا هەموو گەل وەک یەک پیاو هەستان و گوتیان: «کەس لە ئێمە ناچێتەوە بۆ چادرەکەی و کەسیش لا نادات بۆ ماڵەکەی. 9ئێستاش ئەمە ئەو کارەیە کە بە گیڤعای دەکەین: بەپێی تیروپشک، لە دژیان سەردەکەوین. 10لەناو هەموو هۆزەکانی ئیسرائیلدا دە پیاو لە هەر سەد پیاوێک و سەد لە هەزار و هەزار لە دە هەزار جیا دەکەینەوە بە مەبەستی هێنانی خۆراک بۆ سوپا لە کاتی چوونە ژوورەوەیان بۆ گیڤعای بنیامین. دەبێت بەپێی هەموو ئەو بێ ئابڕووییەی لە ئیسرائیل کردیان، سزا بدرێن.» 11ئینجا هەموو پیاوانی ئیسرائیل وەک یەک پیاو کۆبوونەوە لە دژی شارەکە.

12جا هۆزەکانی ئیسرائیل چەند پیاوێکیان بۆ هەموو هۆزەکانی بنیامین نارد و گوتیان: «ئایا ئەو بەدکارییە چی بوو لەنێوتاندا ڕوویدا؟ 13جا ئێستا ئەو پیاوە بەدڕەوشتانەی کە لە گیڤعادان بیاندەنە دەستمان بۆ ئەوەی بیانکوژین و خراپە لە ئیسرائیلدا ڕیشەکێش بکەین.»

بەڵام نەوەی بنیامین نەیانویست گوێ لە براکانیان و لە نەوەی ئیسرائیل بگرن. 14ئینجا نەوەی بنیامین لە شارۆچکەکانی خۆیانەوە بۆ گیڤعا کۆبوونەوە هەتا بۆ جەنگان لە دژی ئیسرائیل بێنە دەرەوە. 15نەوەی بنیامین لەو ڕۆژەدا لە شارۆچکەکانی خۆیانەوە بیست و شەش هەزار پیاوی شمشێر بە دەستیان کۆکردەوە جگە لە دانیشتووانی گیڤعا کە ژمارەیان حەوت سەد پیاوی هەڵبژاردە بوو. 16لە هەموو ئەم گەلە حەوت سەد پیاوی هەڵبژاردەی هەبوون کە بە دەستی چەپ بە بەردەقانی20‏:16 بەردەقانی: قۆچەقانی.‏ نیشانیان لە موو دەگرت و دەیانپێکا.

17جا نەوەی ئیسرائیلیش بێجگە لە بنیامین، چوار سەد هەزار پیاوی شمشێر بەدەستیان کۆکردەوە و هەموویان پیاوی جەنگ بوون.

18جا نەوەی ئیسرائیل هەستان و سەرکەوتن بۆ بێت‌ئێل و پرسیاریان لە خودا کرد و گوتیان: «کێ لە ئێمە یەکەم جار سەردەکەوێت بۆ جەنگ لە دژی نەوەی بنیامین؟»

یەزدانیش گوتی: «یەکەم جار یەهودا.»

19ئینجا بۆ بەیانی نەوەی ئیسرائیل هەستان و چادریان هەڵدا لە دژی گیڤعا. 20ئینجا پیاوانی ئیسرائیل بۆ جەنگ لە دژی بنیامین هاتنە دەرەوە و پیاوانی ئیسرائیل لە نزیک گیڤعاوە بۆ جەنگ ڕیزیان بەست. 21نەوەی بنیامینیش لە گیڤعاوە هاتنە دەرەوە و لەو ڕۆژەدا بیست و دوو هەزار پیاویان لە نەوەی ئیسرائیل لەناوبرد. 22بەڵام پیاوانی ئیسرائیل یەکتریان هاندا و دووبارە بۆ جەنگ لەو شوێنەدا ڕیزیان بەستەوە کە لە ڕۆژی یەکەمدا تێیدا ڕیزیان بەست. 23پاشان نەوەی ئیسرائیل سەرکەوتن و هەتا ئێوارە لەبەردەم یەزدان گریان و پرسیاریان لە یەزدان کرد و گوتیان: «ئایا بگەڕێینەوە بۆ جەنگ لە دژی بنیامینی برامان؟»

یەزدانیش گوتی: «سەربکەونە سەرەوە بۆیان.»

24ئینجا نەوەی ئیسرائیل لە ڕۆژی دووەمدا لە دژی نەوەی بنیامین چوونە پێشەوە و 25بنیامینیش لە ڕۆژی دووەمدا لە گیڤعاوە بۆ بەرەنگاربوونەوەیان چوونە دەرەوە و دووبارە هەژدە هەزار پیاویان لە نەوەی ئیسرائیل لەناوبرد کە هەموو شمشێر بەدەست بوون.

26ئینجا هەموو نەوەی ئیسرائیل، هەموو گەل سەرکەوتن، هاتن بۆ بێت‌ئێل و گریان، لەوێدا لەبەردەم یەزداندا دانیشتن، لەو ڕۆژەدا هەتا ئێوارە بە ڕۆژوو بوون و قوربانی سووتاندن و قوربانی هاوبەشییان20‏:26 قوربانی هاوبەشی: ئەم قوربانییە هاودەمی قوربانی سووتاندن بوو. تەنها یەک کەس هەڵدەستا بە دابینکردنی ئەم قوربانییە، بەڵام لەگەڵ خەڵکی دیکە بەشی زۆری ئەم قوربانییەیان لەبەردەم خودا دەخوارد وەک هێمایەک بۆ پێکەوە ژیان. بڕوانە لێڤییەکان 7‏:11‏-15.‏ لەبەردەم یەزدان پێشکەش کرد. 27جا نەوەی ئیسرائیل لە یەزدانیان پرسی. لەو سەردەمەدا سندوقی پەیمانی خودا لەوێ بوو، 28هەروەها لەو سەردەمەدا فینەحاسی کوڕی ئەلعازاری کوڕی هارون لەبەردەمیدا خزمەتی دەکرد. لە یەزدانیان پرسی و گوتیان: «ئایا بگەڕێینەوە بۆ جەنگ لە دژی نەوەی بنیامینی برامان یان واز بهێنین؟»

یەزدانیش گوتی: «سەربکەون، چونکە سبەینێ دەیاندەم بەدەستتانەوە.»

29ئینجا نەوەی ئیسرائیل لە چواردەوری گیڤعا بۆسەیان دانا و 30لە ڕۆژی سێیەم هێرشیان کردە سەر نەوەی بنیامین و وەک جاری یەکەم و دووەم لە نزیک گیڤعاوە ڕیزیان بەست. 31نەوەی بنیامینیش بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەل چوونە دەرەوە و لە شارەکە دوور کەوتنەوە. وەک دوو جارەکەی پێشتر دەستیان بە لێدانی گەل کرد و نزیکەی سی پیاویان لە نەوەی ئیسرائیل کوشت، لەو دوو ڕێگایەی کە یەکێکیان سەردەکەوت بۆ بێت‌ئێل و ئەوەی دیکەیان لە دەشتودەرەوە بۆ گیڤعا دەچوو. 32نەوەی بنیامین گوتیان: «وەک یەکەم جار لەبەردەمماندا بەزیوون.» بەڵام نەوەی ئیسرائیل گوتیان: «با هەڵبێین و لە شارەکە دووریان بخەینەوە بەرەو ڕێگاکان.»

33ئینجا هەموو پیاوانی ئیسرائیل لە شوێنەکانیانەوە هەستان و لە بەعل‌تاماردا ڕیزیان بەست، ئیسرائیلییەکان لە بۆسەکەیانەوە لە ڕۆژئاوای گیڤعا ڕاپەڕین. 34لە بەرامبەر گیڤعاوە دە هەزار پیاوی هەڵبژاردە لە هەموو ئیسرائیلەوە هاتن و شەڕەکە گەرم بوو، بەڵام بنیامینییەکانیش نەیانزانی کە چ بەڵایەکیان بەسەرهاتووە. 35جا یەزدان لەبەردەم ئیسرائیلدا لە نەوەی بنیامینی دا و نەوەی ئیسرائیل لەو ڕۆژەدا بیست و پێنج هەزار و سەد پیاویان لە بنیامین لەناوبرد و هەموو ئەوانەش شمشێر بە دەست بوون. 36ئینجا نەوەی بنیامین بینییان کە تێکشکاون.

پیاوانی ئیسرائیلیش لە بەرامبەر بنیامین کشانەوە، چونکە ئەوان پشتیان بەو بۆسەیە بەستبوو کە لە گیڤعادا نابوویانەوە. 37ئینجا پیاوانی بۆسەکە هەستان و چوونە ناو گیڤعاوە و شاڵاویان برد و بە شمشێر لە هەموو شارەکەیان دا. 38نیشانەی نێوان پیاوانی ئیسرائیل و پیاوانی بۆسەکەش ئەوە بوو کە دووکەڵێکی زۆر لە شارەکەوە بەرز بکەنەوە، 39جا پیاوانی ئیسرائیل لە جەنگەکەدا ئاوڕ دەدەنەوە و دەگەڕێنەوە.

پێشتر نەوەی بنیامین سی پیاویان لە نەوەی ئیسرائیل کوشتبوو و گوتیان: «بە دڵنیاییەوە وەک جەنگی یەکەم لەبەردەمماندا بەزیوون.» 40ئینجا کاتێک ستوونی دووکەڵ لە شارەکە بەرزبووەوە، نەوەی بنیامین ئاوڕیان دایەوە بۆ دواوە و تەماشایان کرد دووکەڵی هەموو شارەکە بە ئاسماندا دەچێت. 41ئینجا پیاوانی ئیسرائیل گەڕانەوە بۆیان و پیاوانی بنیامین تۆقین، چونکە زانییان بەڵایان بەسەرهاتووە. 42جا لەبەردەم پیاوانی ئیسرائیلدا بەرەو دەشتودەر هەڵاتن، بەڵام شەڕەکە پێیان گەیشت و ئەوانەش چووبوونە ناو شارۆچکەکانەوە لێیان ڕاپەڕین و لەناویانبردن. 43ئینجا بنیامینەکانیان گەمارۆ دا و بە ئاسانی ڕاویان نان و بەرامبەر بە گیڤعا لەلای ڕۆژهەڵاتەوە پێیان گەیشتنەوە. 44جا هەژدە هەزار جەنگاوەری بە توانا لە بنیامین کوژران. 45ئینجا بەرەو دەشتودەر سووڕانەوە و بۆ تاشەبەردی ڕیمۆن هەڵاتن، جا لە ڕێگادا پێنج هەزار پیاویان لێ کوشتن. هەتا گدعۆم ڕاویان نان و دوو هەزار پیاوی دیکەیان لێ کوشتن.

46لەو ڕۆژەدا بیست و پێنج هەزار پیاوی شمشێر بەدەست لە بنیامین کوژران و هەموویان جەنگاوەری بە توانا بوون. 47بەڵام شەش سەد پیاو سووڕانەوە و بەرەو دەشتودەر هەڵاتن بۆ تاشەبەردی ڕیمۆن و چوار مانگ لەوێ مانەوە. 48ئینجا پیاوانی نەوەی ئیسرائیل گەڕانەوە بۆ نەوەی بنیامین و لەناو هەموو شارەکەدا بە شمشێر لە خۆیان و ئاژەڵەکانیان و لە هەموو شتەکانی شارەکەیان دا و هەروەها هەموو ئەو شارۆچکانەی پێی گەیشتن سووتاندیانن.