پەیدابوون 49 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەیدابوون 49:1-33

یاقوب داوای بەرەکەت بۆ کوڕەکانی دەکات

1ئینجا یاقوب کوڕەکانی خۆی بانگکرد و گوتی: «کۆببنەوە تاکو پێتان بڵێم کە لە ڕۆژانی داهاتوودا چیتان بەسەردێت.

2«ئەی کوڕانی یاقوب، کۆببنەوە و گوێ بگرن،

گوێ لە ئیسرائیلی باوکتان بگرن.

3«ڕەئوبێن، تۆ نۆبەرەکەی منیت،

هێزی منیت و یەکەم توانامیت،

سەری شانازی و سەری هێزی.

4هەڵچوو وەک ئاو، باڵادەست نابیت،

چونکە چوویتە سەر پێخەفەکەی باوکت،

گڵاوت کرد، سەرکەوتیتە سەر نوێنەکەم.

5«شیمۆن و لێڤی بران،

بە چەکی توندوتیژی چەکدارن.49‏:5 ‏مەبەست لە توندوتیژی شیمۆن و لێڤییە بەرامبەر بە خەڵکی شەخەم. بڕوانە 34‏:25.‏

6من ناچمە ناو کۆڕی ڕاوێژیان،

سەنگینی من یەک ناگرێتەوە لەگەڵ کۆمەڵەکەیان،

چونکە لە کاتی تووڕەبوونیاندا مرۆڤیان کوشت و

لە خۆشیشیاندا گایان لە پێ خست.

7نەفرەت لە تووڕەییان کەوا توندە،

لە هەڵچوونیان کەوا سەختە.

لەناو یاقوب بەشیان دەکەم و

لەناو ئیسرائیل بڵاوەیان پێ دەکەم.

8«یەهودا49‏:8 وشەی (یەهودا) لە ڕووی دەنگەوە لە وشەی (ستایش)ی عیبری نزیکە.‏، براکانت ستایشی تۆ دەکەن،

دەستت لەسەر پشتەملی دوژمنانت دەبێت،

کوڕانی باوکیشت کڕنۆشت بۆ دەبەن.

9بەچکە شێرە یەهودا،

لەسەر نێچیر گەڕایتەوە، کوڕی خۆم.

خۆی نوشتاندەوە، خۆی مات دا، وەک شێر،

وەک شێرە مێ، کێ هەڵیدەستێنێت؟

10داردەستەکە لە یەهودا دانابڕێت،

گۆچانی فەرمانکردنیش لەنێوان قاچەکانی،

هەتا ئەو کەسە دێت کە خاوەنیەتی،49‏:10 پێشبینییەکە بۆ هاتنی مەسیح.‏

گەلان هەر بۆ ئەو ملکەچ دەبن.

11نێرەکەرەکەی بە دار مێو دەبەستێتەوە و

ماکەرەکەی بە باشترین لقە مێوەوە.

جلەکانی لەناو شەراب دەشوات و

پۆشاکەکەی لەناو خوێنی ترێ.

12چاوەکانی لە شەراب تۆخترن و

ددانەکانی لە شیر سپیترن.

13«زەبولون لە کەناری دەریا نیشتەجێ دەبێت،

دەبێتە بەندەری کەشتییەکان،

سنووریشی هەتا سەیدا دەبێت.

14«یەساخار نێرەکەرێکی زەبەلاحە و

لەنێوان دوو هەگبە مات بووە.

15بینی شوێنێکی باشە بۆ پشوودان و

زەوییەکەی دڵگیرە،

شانی دەچەمێتەوە بۆ بار و

دەبێتە کۆیلەی کاری زۆرەملێ.

16«دان دادوەری گەلەکەی خۆی دەکات،

وەک یەکێک لە هۆزەکانی ئیسرائیل.

17دان مارێک دەبێت لەسەر ڕێگا،

مارێکی ژەهراوی لەسەر ڕێڕەو،

بە پاژنەی ئەسپەوە دەدات و

سوارەکەی بەرەو دواوە بەردەبێتەوە.

18«ئەی یەزدان، چاوەڕێی ڕزگاریی تۆم.

19«چەتە پەلاماری گاد دەدەن،

بەڵام ئەو دەگاتە پاژنەی پێیان و پەلاماریان دەدات.

20«لە ئاشێر نانی چەور دەبێت،

ئەو خواردنی چەور و بەتام دەداتە پاشایان.

21«نەفتالی ئاسکێکی دەرپەڕیوە و

بەچکەی جوانی دەبێت.

22«یوسف مێوێکی بەردارە،

مێوێکی بەردارە لەسەر کانیاو،

چڵەکانی بەسەر دیوارێکدا هەڵگەڕاون.

23تیرئەندازان دڕندانە پەلاماریان دا و

ڕمیان تێگرت و هەراسانیان کرد.

24بەڵام کەوانەکەی بە توندوتۆڵی مایەوە،

بازووەکانی دەستی لێزان بوون،

بە دەستی توانادارەکەی یاقوب،

بە ناوی شوانەکە، تاشەبەردەکەی ئیسرائیل49‏:24 ڕەوانبێژی لێکچواندنە، مەبەستی یەزدانە.‏،

25بەهۆی خوداکەی باوکتەوە کە یارمەتیت دەدات،

بەهۆی هەرە بەتواناوە کە بەرەکەتدارت دەکات،

بە بەرەکەتەکانی ئاسمان لە سەرەوە و

بەرەکەتەکانی ئەو قووڵاییەی ماتە لە ژێرەوە،

بەرەکەتەکانی هەردوو مەمک و منداڵدان.

26بەرەکەتەکانی باوکت مەزنترن

لە بەرەکەتەکانی چیای هەتاهەتایی،

لە بەخشندەیی گردە دێرینەکان.

با بەسەر سەری یوسفەوە بن،

بەسەر ناوچەوانی جیاکراوە لە براکانی.

27«بنیامین گورگێکی دڕندەیە،

بەیانییان نێچیر دەخوات و

ئێوارانیش دەستکەوت دابەش دەکات.»

28هەموو ئەمانە دوازدە هۆزەکەی ئیسرائیلن. ئەمەش ئەوە بوو کە باوکیان پێی گوتن و داوای بەرەکەتی بۆ کردن، هەریەکەیان بەپێی بەرەکەتەکەی خۆی داوای بەرەکەتی بۆ کردن.

مردنی یاقوب

29ئینجا فەرمانی پێدان و پێی گوتن: «من دەچمە پاڵ گەلەکەی خۆم. لەلای باوباپیرانم بمنێژن، لەو ئەشکەوتەی لەناو کێڵگەکەی عەفرۆنی حیتییە، 30کە لە کێڵگەکەی مەخپێلەیە و ڕووەو مەمرێیە لە خاکی کەنعان، ئەوەی ئیبراهیم لەگەڵ کێڵگەکەدا لە عەفرۆنی حیتی کڕی تاکو بیکات بە گۆڕستان. 31ئیبراهیم و سارای ژنی لەوێ نێژراون، ئیسحاق و ڕڤقەی ژنیشی لەوێ نێژراون، هەر لەوێش لێئەم ناشت. 32کێڵگەکە و ئەشکەوتەکەی ناوی لە حیتییەکان کڕدرابوون.»

33کاتێک یاقوب لە ڕاسپاردنی کوڕەکانی تەواو بوو، هەردوو پێی خۆی خستەوە سەر قەرەوێڵەکە و دواهەناسەی دا و چووەوە پاڵ گەلەکەی خۆی.