پەیدابوون 43 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەیدابوون 43:1-34

گەشتی دووەم بۆ میسر

1قاتوقڕی لە خاکەکە درێژەی کێشا و هەر سەخت بوو. 2کاتێک لە خواردنی گەنمەکە بوونەوە کە لە میسرەوە هێنابوویان، باوکیان پێی گوتن: «بگەڕێنەوە و هەندێک خۆراکمان بۆ بکڕن.»

3بەڵام یەهودا پێی گوت: «ئەو پیاوە بە تەواوی ئاگاداری کردینەوە و گوتی: ”ئەگەر براکەتان لەگەڵ نەبێت، چاوتان بە چاوم ناکەوێت.“ 4ئەگەر براکەمان لەگەڵ بنێریت ئەوا بەرەو خوار دەچین و خۆراکت بۆ دەکڕین. 5بەڵام ئەگەر ناینێریت ئەوا بەرەو خوار ناچین، چونکە پیاوەکە پێی گوتین: ”چاوتان بە چاوم ناکەوێت، ئەگەر براکەتان لەگەڵ نەبێت.“»

6ئیسرائیلیش لێی پرسین: «بۆچی خراپەتان لەگەڵ کردم بەوەی بە پیاوەکەتان ڕاگەیاند برایەکی دیکەشتان هەیە؟»

7ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «پیاوەکە دەربارەی خۆمان و کەسوکارمان پرسیاری لێکردین و گوتی: ”ئایا باوکتان ماوە؟ برای دیکەتان هەیە؟“ ئێمەش بەپێی ئەم قسانە پێمان ڕاگەیاند. ئایا دەمانزانی کە پێمان دەڵێت: ”براکەتان بۆ ئێرە بهێنن“؟»

8یەهودا بە ئیسرائیلی باوکی گوت: «کوڕەکە لەگەڵ من بنێرە، هەڵدەستین و دەڕۆین، ئیتر ئێمە و تۆ و منداڵەکانمان دەژین و نامرین. 9خۆم دەستەبەری سەلامەتی دەبم، لە دەستی من داوای دەکەیتەوە. ئەگەر بۆم نەهێنایتەوە و لەبەردەمت ڕام نەگرت ئەوا هەتاهەتایە بەرامبەر بە تۆ تاوانبارم، 10چونکە ئەگەر ئاوا دوانەکەوتباین، ئێستا ئەمە دووەم جار بوو هاتبووینەوە.»

11ئیسرائیلی باوکیشیان پێی گوتن: «ئەگەر وایە، ئەوا ئەمە بکەن: لە باشترین بەرهەمی زەوی بخەنە ناو جەواڵەکانتان و بە دیاری بۆ پیاوەکەی ببەن، وەک هەندێک هەتووان، هەنگوین، بەهارات، موڕ43‏:11 مۆر: بڕوانە 37‏:25.‏، بستە و بادەم. 12دوو هێندەش زیو لەگەڵ دەستتان ببەن، ئەو زیوەش کە لە دەمی هەگبەکانتان گەڕێنرابووەوە لەگەڵ دەستی خۆتان بیبەنەوە، لەوانەیە هەڵەیان کردبێت. 13براکەتان ببەن و هەستن بگەڕێنەوە لای پیاوەکە. 14خودای هەرە بەتوانا وا بکات ئەو پیاوە بەزەیی هەبێت بەرامبەرتان، تاکو واز لە براکەی دیکەتان و بنیامین بهێنێت. منیش ئەگەر لە منداڵان بێبەش بووم، ئەوا لێیان بێبەشم.»

15پیاوەکانیش ئەو دیارییانە و دوو هێندە زیویشیان لەگەڵ دەستی خۆیان هەڵگرت و بنیامینیان برد و بەرەو خوار چوون بۆ میسر و لەبەردەم یوسف ڕاوەستان. 16کاتێک یوسف بنیامینی لەگەڵیان بینی، بە سەرکاری ماڵەکەی گوت: «ئەم پیاوانە ببە ماڵەوە و ئاژەڵێکیش سەر ببڕە و ئامادەی بکە، چونکە بۆ نیوەڕۆ لەگەڵ خۆم نان دەخۆن.»

17ئیتر سەرکارەکە بەو جۆرەی کە یوسف فەرمانی پێ کردبوو، پیاوەکانی بردەوە بۆ ماڵی یوسف. 18پیاوەکان ترسان کاتێک برانە ماڵی یوسف و گوتیان: «ئێمەیان بەهۆی ئەو زیوەی جاری یەکەم خرابووەوە ناو هەگبەکانمان هێناوەتە ژوورەوە. دەیەوێت پەلامارمان بدات و بکەوێتە سەرمان و بمانکاتە کۆیلە و گوێدرێژەکانمان ببات.»

19ئیتر لە سەرکاری ماڵەکەی یوسف چوونە پێشەوە و لەناو دەرگای ماڵەکە قسەیان لەگەڵ کرد. 20پێیان گوت: «ئەی گەورەم، تکایە، ئێمە یەکەم جار بۆ کڕینی خۆراک هاتینە ئێرە. 21بەڵام کە لە شوێنی شەومانەوەکەمان ڕاوەستاین، هەگبەکانمان کردەوە، بینیمان زیوی هەریەکەمان لە دەمی هەگبەکەی بوو، بە کێشی تەواوی خۆی، ئێمەش لەگەڵ دەستی خۆمان هێنامانەوە. 22هەروەها زیوی دیکەشمان لەگەڵ دەستی خۆمان هێناوە بۆ ئەوەی خۆراک بکڕین. ناشزانین کێ زیوەکانمانی خستبووە ناو هەگبەکانمان.»

23ئەویش پێی گوتن: «نیگەران مەبن، مەترسن. خوداکەی ئێوە و خوداکەی باوکتان هەگبەکانتانی کردە گەنجینە، من زیوەکانی ئێوەم وەرگرتووە.» ئینجا شیمۆنی بۆ هێنانە دەرەوە.

24پیاوەکە ئەوانی هێنایە ژوورەوە بۆ ماڵەکەی یوسف و ئاوی دانێ هەتا پێیان بشۆن و ئالیکی دایە گوێدرێژەکانیان. 25ئەوانیش دیارییەکەیان ئامادە کرد بۆ کاتی گەیشتنی یوسف لە دەمەو نیوەڕۆ، چونکە بیستبوویان ئەوان لەوێ نان دەخۆن.

26کە یوسف گەڕایەوە ماڵ، کڕنۆشیان بۆ برد و ئەو دیارییانەیان پێشکەش کرد کە لەگەڵ دەستی خۆیان هێنابوویان بۆ ماڵەکە. 27ئەویش هەواڵی پرسین و گوتی: «باوکە پیرەکەتان چۆنە کە بۆتان باسکردم؟ ئایا هێشتا ماوە؟»

28ئەوانیش وەڵامیان دایەوە: «خزمەتکاری خۆت باوکی ئێمە باشە و هێشتاش زیندووە.» ئیتر بۆی نوشتانەوە و کڕنۆشیان بۆی برد.

29ئەویش چاوی هەڵبڕی و سەیری بنیامینی برای کوڕی دایکی خۆی کرد و گوتی: «ئەمەیە برا بچووکەکەتان کە بۆتان باسکردم؟» ئینجا گوتی: «کوڕم، خودا میهرەبان بێت لەگەڵت.» 30ئیتر یوسف بە پەلە ئەوێی بەجێهێشت، چونکە هەناوی گڕی گرت بۆ براکەی و داوای شوێنێکی کرد کە تێیدا بگریێت. ئینجا چووە ژوورەکەی خۆی و لەوێ گریا.

31پاشان دەموچاوی شوشت و هاتە دەرەوە، دانی بەخۆیدا گرت و گوتی: «نان بهێنن.»

32ئەوانیش بە جیا خواردنیان بۆ ئەم هێنا و بۆ براکانیشی بە جیا، هەروەها بۆ میسرییەکانیشیان بە جیا هێنا کە لای ئەو نانیان دەخوارد. میسرییەکان نەیاندەتوانی لەگەڵ عیبرانییەکان پێکەوە نان بخۆن، چونکە لەلای میسرییەکان کارێکی قێزەون بوو. 33پیاوەکان بەپێی تەمەنیان لەبەردەمی دانیشتبوون، لە نۆبەرەکەیانەوە هەتا بچووکەکەیان، بە سەرسامیشەوە دەیانڕوانییە یەکتری. 34کاتێک لە سەر خوانەکەی یوسف خواردن دابەش کرا، بەشەکەی بنیامین پێنج ئەوەندەی بەشی هەر یەکێکی دیکەیان بوو. ئیتر لەگەڵی خواردیانەوە و کەیف خۆش بوون43‏:34 خەیاڵبوون حاڵەتی پێش سەرخۆشبوونە.‏.