پەیدابوون 41 – KSS & KSS

Kurdi Sorani Standard

پەیدابوون 41:1-57

خەونەکانی فیرعەون

1ئەوە بوو لەدوای دوو ساڵ، فیرعەون خەونی بینی، کە لەلای ڕووباری نیل ڕاوەستاوە، 2لە ڕووبارەکەوە حەوت مانگای جوان و گۆشتن هاتنە دەرەوە و لە مێرگەکەدا کەوتنە لەوەڕان. 3لەدوای ئەوان حەوت مانگای دیکەی لەڕولاواز و ناشیرین لە ڕووبارەکە هاتنە دەرەوە و لەلای ئەو مانگایانە لە کەناری ڕووبارەکە ڕاوەستان. 4ئینجا مانگا لەڕولاواز و ناشیرینەکان حەوت مانگا جوان و گۆشتنەکانیان خوارد. فیرعەون بە ئاگا هاتەوە.

5لەدوای ئەوە نوستەوە و دیسان خەونی بینییەوە. لە خەونیدا حەوت گوڵەگەنمی قەڵەو و جوانی بینی کە لە لاسکێکەوە دەرهاتوون. 6لەدوای ئەمانەوە حەوت گوڵەگەنمی باریک و سووتاو بە بای ڕۆژهەڵات ڕواون. 7ئینجا گوڵەگەنمە باریکەکان حەوت گوڵەگەنمە قەڵەو و پڕەکانیان قووت دا. ئیتر فیرعەون بەئاگا هاتەوە و زانی کە خەونە.

8بۆ بەیانییەکەی فیرعەون دڵگران بوو، ئیتر ناردی بەدوای هەموو جادووگەران و دانایانی میسردا و خەونەکەی خۆی بۆ گێڕانەوە، بەڵام هیچیان نەیانتوانی بۆی لێکبدەنەوە.

9ئینجا سەرۆکی ساقییەکان قسەی لەگەڵ فیرعەون کرد و گوتی: «من ئەمڕۆ هەڵەکانی خۆم دێتەوە یاد. 10جارێک فیرعەون لە دوو خزمەتکارەکەی خۆی تووڕە بوو، من و سەرۆکی نانەواکانی خستە زیندانی ماڵی سەرۆکی پاسەوانەکان. 11من و ئەو لە یەک شەودا خەونمان بینی، خەونی هەریەکەمان لێکدانەوەیەکی جیاوازی هەبوو لەگەڵ ئەوی دیکەمان. 12لەوێش کوڕێکی عیبرانیمان لەگەڵ بوو کە خزمەتکاری سەرۆکی پاسەوانەکان بوو. خەونەکانمان بۆ ئەو گێڕایەوە، ئەویش هەردوو خەونەکەی بۆ لێکداینەوە. 13ئیتر ئەو چۆنی بۆ لێکداینەوە ئاوا ڕوویدا. ئەوە بوو من گەڕامەوە شوێنەکەی خۆم و ئەویش کوژرا.»

14بۆیە فیرعەون ناردی بەدوای یوسفدا و خێرا لە زیندانەوە هێنایان. لەدوای ئەوەی تراشی کرد و جلەکانی گۆڕی، هاتە بەردەم فیرعەون.

15فیرعەون بە یوسفی گوت: «خەونێکم بینیوە و کەس نییە لێکی بداتەوە. هەروەها دەربارەی تۆ بیستوومە کە کاتێک خەونێکت بۆ دەگێڕنەوە، دەتوانیت لێکی بدەیتەوە.»

16یوسف لە وەڵامی فیرعەوندا گوتی: «ئەوە من نیم، بەڵکو خودایە کە وەڵامی دڵنیاکەرەوە دەداتە فیرعەون.»

17ئینجا فیرعەون بە یوسفی گوت: «لە خەونمدا لەسەر کەناری ڕووباری نیل ڕاوەستابووم، 18بینیم لە ڕووبارەکەوە حەوت مانگای گۆشتن و جوان هاتنە دەرەوە و لە مێرگەکەدا کەوتنە لەوەڕان. 19لەدوای ئەوان حەوت مانگای دیکە هاتنە دەرەوە کە زۆر لەڕولاواز و ناشیرین بوون. لە هەموو خاکی میسر مانگای ناشیرینی وەک ئەوانم نەبینیبوو. 20ئینجا مانگا لەڕولاواز و ناشیرینەکان، حەوت مانگا قەڵەوەکەی یەکەم جاریان خوارد. 21بەڵام تەنانەت دوای ئەوەی ئەوانیان خوارد، پێیانەوە دیار نەبوو کە شتی وایان خواردووە، بەڵکو هەروەک یەکەم جار ڕوخساریان ناشیرین بوو. ئیتر بە ئاگا هاتم.

22«دیسان لە خەونمدا بینیم حەوت گوڵەگەنمی پڕ و جوان لە لاسکێکەوە دەرهاتوون. 23لەدوای ئەوان حەوت گوڵەگەنمی وشک و باریک و سووتاو بە بای ڕۆژهەڵات ڕواون. 24گوڵەگەنمە باریکەکان حەوت گوڵەگەنمە جوانەکەیان قووت دا. ئەمەم بە جادووگەرەکان گوت، بەڵام کەسیان نەیانتوانی بۆم لێکبدەنەوە.»

25یوسفیش بە فیرعەونی گوت: «خەونەکانی فیرعەون یەکە و لە یەک دەچن. ئەوەی خودا بە تەمایە بیکات بە فیرعەونی ڕاگەیاند. 26حەوت مانگا جوانەکە حەوت ساڵن. حەوت گوڵەگەنمە جوانەکەش هەر حەوت ساڵن. یەک خەونە. 27حەوت مانگا لەڕولاواز و ناشیرینەکان کە دووەم جار هاتنە دەرەوە، ئەوە حەوت ساڵن. حەوت گوڵەگەنمە باریک و سووتاوەکە بە بای ڕۆژهەڵات، دەبنە حەوت ساڵی قاتوقڕی.

28«ئەمەش ئەوەیە کە بە فیرعەونم گوت: خودا بە فیرعەونی نیشان داوە کە بە تەمایە چی بکات. 29حەوت ساڵ تێروتەسەلییەکی مەزن لە هەموو خاکی میسر دەبێت. 30بەڵام بەدوای ئەودا حەوت ساڵی قاتوقڕی دێت کە هەموو ئەو تێروتەسەلییە لەبیر دەباتەوە کە لە خاکی میسر بووە. قاتوقڕی خاکەکە دەفەوتێنێت. 31ئیتر تێروتەسەلی خاکەکە لەبیر دەچێتەوە، چونکە ئەو قاتوقڕییەی بەدوایدا دێت زۆر سەخت دەبێت. 32هۆکاری ئەوەش کە خەونەکە بە دوو شێوە بۆ فیرعەون دووبارە کراوەتەوە، ئەوەیە کە ئەو کارە لەلای خوداوە بڕیاری لەسەر دراوە و بە زوویی ئەنجامی دەدات.

33«ئێستاش با فیرعەون پیاوێکی وردبین و دانا بدۆزێتەوە و بەسەر خاکی میسرەوە دایبنێت. 34با فیرعەون چەند سەرپەرشتیارێک لەسەر زەوی دابنێت بۆ وەرگرتنی پێنج یەکی دانەوێڵەی خاکی میسر لە هەر حەوت ساڵی تێروتەسەلییەکە. 35پێویستە هەموو خواردنی ئەو ساڵە باشانەی کە دێن کۆبکەنەوە و لەژێر دەسەڵاتی فیرعەوندا گەنم لە ئەمبار بکەن و بۆ مەبەستی خواردن لە شارۆچکەکان هەڵیانبگرن. 36ئەم خۆراکە دەبێتە ئازووقەی خاکەکە بۆ ئەو حەوت ساڵە قاتوقڕییەی کە لە خاکی میسردا دەبێت. بەو شێوەیە خاکەکە بە قاتوقڕی لەناو ناچێت.»

37فیرعەون و هەموو دەستوپێوەندەکەی ئەم قسانەیان پێ باش بوو. 38فیرعەون بە دەستوپێوەندەکەی گوت: «ئایا کەسێکی وەک ئەم پیاوەمان دەست دەکەوێت کە ڕۆحی خودای تێدابێت؟»

39ئینجا فیرعەون بە یوسفی گوت: «لەبەر ئەوەی خودا هەموو ئەمانەی بۆ تۆ ئاشکرا کردووە، لە تۆ وردبینتر و داناتر بوونی نییە. 40تۆ دەبیتە لێپرسراوی کۆشکەکەی من، هەروەها هەموو گەلەکەشم لە دەمی تۆوە ڕاسپاردە وەردەگرن. من تەنها لە تەختی پاشایەتی لە تۆ گەورەتر دەبم.»

یوسف وەک لێپرسراوی خاکی میسر

41ئیتر فیرعەون بە یوسفی گوت: «ئەوا تۆم کردە لێپرسراوی هەموو خاکی میسر.» 42ئینجا فیرعەون ئەو ئەنگوستیلەیەی لە دەستی خۆی داکەند کە مۆری شاهانەی پێوە بوو و لە دەستی یوسفی کرد، هەروەها جلوبەرگی کەتانی ناسکی لەبەری کرد و تەوقێکی زێڕیشی لە ملی کرد. 43پاشان سواری گالیسکەی جێگرەکەی کرد و لەپێشیەوە بانگەوازیان کرد: «بە چۆکدا بێن!» ئیتر کردییە لێپرسراوی هەموو خاکی میسر.

44ئینجا فیرعەون بە یوسفی گوت: «من فیرعەونم، بەڵام بەبێ قسەی تۆ کەس لە هەموو خاکی میسر، نە دەستی و نە پێی بەرز ناکاتەوە.» 45فیرعەون ناوی لە یوسف نا سافنەت پەعنێح، هەروەها ئاسنەتی کچی پۆتی‌فەرەعی کاهینی ئۆنی کچی پێدا هەتا ببێتە ژنی. ئیتر یوسف چووە دەرەوە بۆ سەر خاکی میسر.

46یوسف تەمەنی سی ساڵ بوو کاتێک دەستی کرد بە خزمەتکردنی فیرعەونی پاشای میسر. یوسف لەلای فیرعەون چووە دەرەوە و بە هەموو خاکی میسردا تێپەڕی. 47زەوی لە حەوت ساڵی تێروتەسەلییەکەدا، بەروبوومێکی زۆری دا. 48یوسف هەموو خۆراکی ئەو حەوت ساڵەی خاکی میسری کۆکردەوە. لە هەموو شارێکدا ئەو خۆراکانەی دانا کە لە کێڵگەکانی دەوروبەری کۆ دەکردەوە. 49یوسف وەک لمی دەریا گەنمی کۆکردەوە، ئەوەندە زۆر بوو کە ئیتر وازی لە هەژماردکردنیان هێنا، چونکە لە ژماردن نەدەهاتن.

50پێش هاتنی ساڵانی قاتوقڕییەکە، یوسف لە ئاسنەتی کچی پۆتی‌فەرەعی کاهینی ئۆن دوو کوڕی بوو. 51یوسف کوڕە نۆبەرەکەی ناو نا مەنەشە41‏:51 وشەی مەنەشە‏ لە ڕووی دەنگەوە لە وشەی (لەبیربردنەوە)ی عیبری نزیکە.‏ و گوتی: «ئەم ناوەم لێنا، چونکە خودا هەموو ماندووبوونم و هەموو ماڵی باوکمی لەبیر بردمەوە.» 52دووەمیشیانی ناو نا ئەفرایم41‏:52 بە واتای دیسان بەرهەمدارە‏ و گوتی: «ئەم ناوەم لێنا، چونکە خودا لە خاکی زەلیلیمدا بەرداری کردم.»

53حەوت ساڵە تێروتەسەلییەکەی خاکی میسر، کۆتایی پێهات. 54ئینجا هەروەک یوسف گوتبووی، حەوت ساڵی قاتوقڕییەکە دەستی پێکرد. قاتوقڕی هەموو زەوی گرتبووەوە، بەڵام لە هەموو خاکی میسردا نان هەبوو. 55کاتێک قاتوقڕییەکە کاریگەری لە هەموو میسر کرد، خەڵکەکە هاواریان بۆ فیرعەون برد بۆ نان. فیرعەونیش بە هەموو میسرییەکانی گوت: «بڕۆنە لای یوسف، ئەوەی ئەو پێتان دەڵێت بیکەن.»

56قاتوقڕییەکە تەواوی ڕووی خاکەکەی گرتەوە، ئینجا یوسف هەموو ئەمبارەکانی کردەوە و بە میسرییەکانی فرۆشت. قاتوقڕییەکە لە خاکی میسردا توندتر بوو. 57خەڵکی لە هەموو لایەکی جیهانەوە هاتن بۆ میسر تاکو گەنم لە یوسف بکڕن، چونکە قاتوقڕییەکە لە هەموو شوێنێکدا توند بوو.