پەیدابوون 40 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەیدابوون 40:1-23

ساقیی40‏:1 ساقی: شەراب تێکەر.‏ پاشای میسر و نانەواکەی

1دوای ماوەیەک ساقیی پاشای میسر و نانەواکەی هەڵەیان بەرامبەر بە پاشای میسری گەورەیان کرد. 2جا فیرعەون لە دوو کاربەدەستەکەی، واتا لە سەرۆکی ساقییەکان و سەرۆکی نانەواکان تووڕە بوو. 3ئیتر هەردووکیانی خستە ئەو زیندانەی کە لەناو ماڵی سەرۆکی پاسەوانەکان بوو، هەمان ئەو شوێنەی کە یوسفی تێدا زیندانی کرابوو. 4سەرۆکی پاسەوانەکانیش کاروباری ئەوانی بە یوسف سپارد، ئەویش خزمەتی کردن.

ئیتر ماوەیەک لە زیندانەکەدا مانەوە. 5ئینجا ساقیی پاشای میسر و نانەواکەی کە زیندانی کرابوون، هەردووکیان لە یەک شەودا خەونیان بینی. خەوی هەریەکەیان لێکدانەوەیەکی تایبەت بە خۆی هەبوو.

6کاتێک بەیانی یوسف هاتە لایان، هەردووکیانی بە ماتومەلوولی بینی. 7ئەویش پرسیاری لە هەردوو کاربەدەستەکەی فیرعەون کرد کە لەگەڵ خۆی لە زیندانی ماڵی گەورەکەیدان، گوتی: «بۆچی ئەمڕۆ ڕووتان خەمگینە؟»

8وەڵامیان دایەوە: «هەردووکمان خەونمان بینیوە، بەڵام کەس نییە بۆمان لێکبداتەوە.»

یوسفیش پێی گوتن: «ئایا لێکدانەوە هی خودا نییە؟ خەونەکانتانم بۆ بگێڕنەوە.»

9سەرۆکی ساقییەکان خەونەکەی بۆ یوسف گێڕایەوە و گوتی: «لە خەونمدا دار مێوێک لەبەردەمم بوو. 10سێ چڵ بە دار مێوەکەوە بوو، هەرکە چرۆیان کرد، گوڵیان گرت و هێشووەکانیان پێگەیشتن و بوونە ترێ. 11جامەکەی فیرعەونیشم بەدەستەوە بوو، ترێیەکەم هێنا و گوشیمە ناو جامەکەی فیرعەون و جامەکەم دایە دەستی.»

12یوسفیش پێی گوت: «ئەمە لێکدانەوەکەیەتی: سێ چڵەکە سێ ڕۆژن. 13لە ماوەی سێ ڕۆژیشدا، فیرعەون سەرت بەرز دەکات و دەتگەڕێنێتەوە شوێنەکەی خۆت. جامەکەی فیرعەونیش دەدەیتەوە دەست خۆی، هەروەک جاری جاران کە ساقی بوویت. 14بەڵام کاتێک هەموو شتێکت بە باشی بەرەو پێش چوو، منت بێتەوە یاد، چاکەیەکم لەگەڵ بکە و لەلای فیرعەون ناوم بهێنە و لەم زیندانە دەرمبهێنە. 15من لە خاکی عیبرانییەکانەوە دزراوم و لێرەش بێ ئەوەی هیچم کردبێت خراومەتە زیندانەوە.»

16کە سەرۆکی نانەواکان بینی باشی لێکدایەوە، بە یوسفی گوت: «منیش لە خەونمدا سێ سەبەتە نانی سپی لەسەر سەرم بوو. 17سەبەتەکەی سەرەوەیان هەموو جۆرە خواردنێکی فیرعەونی تێدابوو لەوانەی نانەوا دروستیان دەکات، بەڵام باڵندەکان لەسەر سەبەتەکەی سەر سەرمەوە دەیانخوارد.»

18یوسفیش وەڵامی دایەوە: «ئەمە لێکدانەوەکەیەتی: سێ سەبەتەکە سێ ڕۆژن. 19لە ماوەی سێ ڕۆژیشدا، فیرعەون سەرت لێدەکاتەوە و تەرمەکەت لە داردا دەدات و باڵندەش گۆشتەکەت دەخۆن.»

20ئەوە بوو لە ڕۆژی سێیەم کە ڕۆژی لەدایکبوونی فیرعەون بوو، فیرعەون خوانێکی بۆ هەموو دەستوپێوەندەکانی سازکرد. سەری سەرۆکی ساقییەکان و سەری سەرۆکی نانەواکانی لەنێو دەستوپێوەندەکانی بڵند کرد. 21سەرۆکی ساقییەکانی گەڕاندەوە بۆ مەیگێڕییەکەی خۆی، ئەویش جامی دایەوە دەستی فیرعەون. 22بەڵام سەرۆکی نانەواکانی لە دار دا، وەک چۆن یوسف بۆی لێکدابوونەوە.

23سەرۆکی ساقییەکانیش یوسفی بیر نەکەوتەوە، بەڵکو لە یادی کرد.