پەیدابوون 38 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەیدابوون 38:1-30

یەهودا و تامار

1یەهودا لەو سەردەمەدا براکانی بەجێهێشت و چوو بۆ لای پیاوێکی عەدولامی کە ناوی حیرە بوو. 2لەوێ یەهودا چاوی بە کچی پیاوێکی کەنعانی کەوت بە ناوی شوەع. ئیتر ئەو کچەی خواست و لەگەڵی نوست. 3ئەویش سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو ناوی لێنا ئێر. 4جارێکی دیکە سکی پڕ بووەوە، کوڕێکی دیکەی بوو ناوی لێنا ئۆنان. 5دیسان سکی پڕ بووەوە، کوڕێکی دیکەی بوو ناوی لێنا شالەح. کاتێک یەهودا لە کەزیب38‏:5 کەزیب: شارۆچکەیەک بووە 5 کیلۆمەتر باشووری عەدولام.‏ بوو، ئەم کوڕەی بوو.

6یەهودا ژنێکی بۆ ئێری کوڕە نۆبەرەی خۆی هێنا، ناوی تامار بوو. 7بەڵام ئێری کوڕە نۆبەرەی یەهودا لەبەردەم یەزدان بەدکار بوو، یەزدانیش لەناوی برد.

8ئینجا یەهودا بە ئۆنانی گوت: «ژنی براکەت بخوازەوە و سەرجێیی لەگەڵ بکە، بە ئەرکی برایەتی هەستە و نەوە بۆ براکەت بخەرەوە.» 9بەڵام ئۆنان دەیزانی کە منداڵەکە نابێتە هی خۆی، بۆیە هەر کاتێک سەرجێیی لەگەڵ ژنی براکەی دەکرد، تۆوەکەی خۆی دەڕژاندە سەر زەوی، بۆ ئەوەی نەوە بۆ براکەی نەخاتەوە. 10ئەم کردارەی ئەو بەلای یەزدانەوە کارێکی خراپ بوو، ئیتر ئەویشی مراند.

11یەهودا بە تاماری بووکی خۆی گوت: «لە ماڵی باوکت بە بێوەژنی دابنیشە، هەتا شالەحی کوڕم گەورە دەبێت.» لەبەر ئەوەی بیری کردەوە و گوتی: «نەوەک ئەمیشیان وەک دوو براکەی بمرێت.» تاماریش چوو لە ماڵی باوکی دانیشت.

12دوای ماوەیەکی زۆر کچەکەی شوەع کە ژنی یەهودا بوو مرد. پاش ئەوەی خەم و پەژارەیی لە دڵی یەهودا ڕەوییەوە، لەگەڵ حیرەی عەدولامی چوو بۆ تیمنا، بۆ لای ئەوانەی خوری مەڕەکانیان بۆ دەبڕییەوە.

13کاتێک بە تاماریان ڕاگەیاند: «وا خەزوورت هاتووە بۆ تیمنا، بۆ بڕینەوەی خوری مەڕەکانی،» 14ئەویش جلوبەرگی بێوەژنیی داکەند و ڕووی خۆی داپۆشی و خۆی پێچایەوە. پاشان لەبەر دەروازەی عێینەیم دانیشت، کە لەسەر ڕێگای تیمنایە، چونکە بینی وا شالەح گەورە بووە، کەچی ئەمیان نەدایێ ببێتە ژنی.

15کە یەهودا تاماری بینی، وایزانی لەشفرۆشە، چونکە ڕووی خۆی داپۆشیبوو. 16ئیتر لەسەر ڕێگاکە لایدا بەلای ئەودا و پێی گوت: «وەرە با سەرجێییت لەگەڵ بکەم،» چونکە نەیزانی ئەوە بووکەکەیەتی.

ئەویش پێی گوت: «چیم پێدەدەیت بۆ ئەوەی سەرجێییم لەگەڵ بکەیت؟»

17ئەویش گوتی: «لە ماڵاتەکەم گیسکێکت بۆ دەنێرم.»

ئەمیش گوتی: «ئەی شتێکم وەک بارمتە دەدەیتێ هەتا دەینێریت؟»

18ئەویش گوتی: «چ بارمتەیەکت بدەمێ؟»

ئەمیش گوتی: «مۆر و قەیتان و گۆچانەکەی دەستت.» ئەویش ئەمانەی دایێ و سەرجێیی لەگەڵی کرد، ئیتر سکی لێی پڕبوو. 19ئینجا هەستا و ڕۆیشت، ڕووپۆشەکەی لە خۆی کردەوە و جلوبەرگی بێوەژنی لەبەرکردەوە.

20هەر لەو ماوەیەدا یەهودا گیسکەکەی بە هاوڕێ عەدولامییەکەیدا نارد بۆ ئەوەی بارمتەکە لە دەست ژنەکە وەربگرێتەوە. بەڵام ئەو نەیبینییەوە. 21ئیتر پرسیاری لە خەڵکی ئەو ناوە کرد و گوتی: «ئەرێ ئەو ئافرەتە لەشفرۆشەی38‏:21 بەپێی باوەڕی ئایینی کەنعانی بۆ بەردارکردنی کێڵگە لەگەڵ لەشفرۆشی نزرگە جووت دەبوون. هەندێک لە نەوەی ئیسرائیل ئەم باوەڕەی کەنعانییەکانیان پەیڕەو کردووە. بڕوانە دواوتار 23‏:17‏-18.‏ لە نزرگە لە کەناری ڕێی عێینەیم بوو لەکوێیە؟»

ئەوانیش گوتیان: «ئەم ناوە هیچ ئافرەتێکی لەشفرۆشی لێ نەبووە.»

22ئەویش گەڕایەوە لای یەهودا و پێی گوت: «نەمبینییەوە. خەڵکەکەی ئەو ناوەش گوتیان: ”هیچ ئافرەتی لەشفرۆش لەو ناوەدا نییە.“»

23یەهوداش گوتی: «با بۆ خۆی هەڵیانبگرێت نەوەک ڕیسوا بین. ئەوەتا ئەم گیسکەم بۆ ناردووە، بەڵام تۆ ئەوت نەبینییەوە.»

24نزیکەی سێ مانگ دوای ئەوە بە یەهودا ڕاگەیەنرا و گوترا: «تاماری بووکت لەشفرۆشی کردووە، بەهۆی ئەو لەشفرۆشییەوە سکیشی پڕە.»

یەهوداش گوتی: «بیهێننە دەرەوە بۆ ئەوەی بسووتێنرێت!»

25ئەوە بوو کە هێنرایە دەرەوە، ناردییە لای خەزووری و گوتی: «سکم لەو پیاوە پڕە کە خاوەنی ئەمانەیە.» هەروەها گوتی: «وردبەرەوە و بزانە ئەم مۆر و قەیتان و گۆچانە هی کێیە؟»

26یەهوداش ئەوانی ناسییەوە و گوتی: «ئەو لە من ڕاستودروستترە، لەبەر ئەوەی نەمداوە بە شالەحی کوڕم.» دوای ئەمە ئیتر سەرجێیی لەگەڵی نەکردەوە.

27کە هاتە سەر منداڵبوون، دووانەیەک38‏:27 جمک‏ لە سکی بوو. 28لە کاتی منداڵبوونی یەکێکیان دەستی هێنایە دەرەوە، مامانەکەش دەزووێکی سووری لە دەستی بەست و گوتی: «ئەمەیان یەکەم جار هاتە دەرەوە.» 29بەڵام کە دەستی کێشایەوە دواوە، براکەی هاتە دەرەوە، مامانەکەش گوتی: «ئەوە بۆ هەڵتکوتا، دەک هەڵبکوترێتە سەرت!» ئەمەیان ناونرا پێرێز38‏:29 پێرێز: واتا هەڵکوتان.‏. 30لەدوای براکەی، کە دەزووە سوورەکە بە دەستییەوە بوو، هاتە دەرەوە. ئەمەشیان ناونرا زەرەح38‏:30 زەرەح: واتا سوورە یان بریقەدار.‏.