پەیدابوون 30 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەیدابوون 30:1-43

1کاتێک ڕاحێل بینی هیچ منداڵێکی بۆ یاقوب نەبوو، بەغیلی بە خوشکەکەی خۆی برد، بە یاقوبی گوت: «منداڵم پێبدە، ئەگینا دەمرم!»

2یاقوب لە ڕاحێل تووڕە بوو و گوتی: «ئایا من لە جێی خودام کە لە بەرهەمی سک بێبەشی کردوویت؟»

3ئەویش گوتی: «ئەوەتا بیلهەی کەنیزەم. سەرجێیی لەگەڵ بکە هەتا لەسەر چۆکم منداڵی ببێت، ئیتر لەوەوە منیش کوڕم دەبێت.»

4جا بیلهەی کەنیزەی خۆی دایێ تاکو ببێتە ژنی. یاقوبیش سەرجێیی لەگەڵی کرد. 5بیلهەش سکی پڕ بوو، کوڕێکی بۆ یاقوب بوو. 6ڕاحێل گوتی: «خودا پشتگیری کردم و گوێی لە داواکەم گرت، هەروەها گوێی لە دەنگم بوو و کوڕێکی پێدام.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا دان30‏:6 دان لە عیبری بە واتای پشتگیری یان ئەستۆپاکی دێت لەلایەن دادوەرەوە.‏.

7دیسان بیلهە، کەنیزەکەی ڕاحێل سکی کرد و کوڕی دووەمی بۆ یاقوب بوو. 8ئینجا ڕاحێل گوتی: «بە زۆرانبازی خودا، زۆرانبازیم لەگەڵ خوشکەکەم کرد و بردیشمەوە.» لەبەر ئەوە ناوی لێنا نەفتالی.

9کاتێک لێئە بینی وا لە سککردن وەستاوە، پەلی زیلپەی کەنیزەکەی خۆی گرت و دایە یاقوب هەتا ببێتە ژنی. 10زیلپەی کەنیزەی لێئە کوڕێکی بۆ یاقوب بوو. 11لێئە گوتی: «بەختێکی باش!» ئیتر ناوی لێنا گاد.

12زیلپەی کەنیزەی لێئە کوڕی دووەمی بۆ یاقوب بوو. 13لێئەش گوتی: «خۆزگە بە من دەخوازرێت! لەبەر ئەوەی کچان خۆزگەم پێ دەخوازن.» ئیتر ناوی لێنا ئاشێر30‏:13 ئاشێر لە عیبری بە واتای شاد دێت.‏.

14لە ڕۆژانی دروێنەی گەنمدا، ڕەئوبێن چوو هەندێک گیائادەمەی30‏:14 گیائادەمە: جۆرە ڕووەکێکە، وایاندەزانی یارمەتیت دەدات بۆ سکپڕبوون.‏ لە کێڵگە بینییەوە و بۆ لێئەی دایکی هێنایەوە. ڕاحێلیش بە لێئەی گوت: «هەندێک لە گیائادەمەی کوڕەکەتم بدەرێ.»

15بەڵام لێئە گوتی: «ئایا بە لاتەوە کەمە مێردەکەت بردووم؟ ئایا گیائادەمەی کوڕەکەشم دەبەیت؟»

ڕاحێلیش گوتی: «دەی باشە با لە جیاتی گیائادەمەی کوڕەکەت ئەمشەو لەلای تۆ بێت.»

16کاتێک یاقوب دەمەو ئێوارە لە کێڵگە گەڕایەوە، لێئە بۆ پێشوازیکردنی چووە دەرەوە و گوتی: «دەبێت ئەمشەو بێیتە لای من، چونکە بە گیائادەمەی کوڕەکەم بە کرێم گرتوویت.» ئەویش ئەو شەوە سەرجێیی لەگەڵی کرد.

17خودا گوێی لە لێئە بوو، ئیتر سکی پڕ بوو، کوڕی پێنجەمی بۆ یاقوب بوو. 18ئینجا لێئە گوتی: «خودا پاداشتی ئەوەی دامەوە کە کەنیزەکەی خۆمم دایە پیاوەکەم.» ئیتر ناوی لێنا یەساخار30‏:18 یەساخار لە وشەی (پاداشت) لە زمانی عیبری نزیکە.‏.

19دیسان لێئە سکی کرد و کوڕی شەشەمینی بۆ یاقوب بوو. 20ئینجا لێئە گوتی: «خودا خەڵاتێکی باشی کردم. ئێستا مێردەکەم ڕێزم لێ دەگرێت، چونکە شەش کوڕم بۆی بوو.» ناوی لە کوڕەکەش نا زەبولون.

21دوای ئەمە کچێکیشی بوو، ناوی لێنا دینە.

22خودا ڕاحێلی هاتەوە یاد30‏:22 بڕوانە 8‏:1.‏؛ گوێی لێ گرت و منداڵدانی کردەوە. 23ئیتر سکی پڕ بوو، کوڕێکی بوو و گوتی: «خودا سووکایەتییەکەی لەسەر لابردم.» 24ناوی لێنا یوسف، چونکە گوتی: «یەزدان کوڕێکی دیکەشم بۆ زیاد دەکات.»

زۆربوونی مەڕەکانی یاقوب

25لەدوای ئەوەی ڕاحێل یوسفی بوو، یاقوب بە لابانی گوت: «بمنێرەوە و دەگەڕێمەوە شوێن و زەوی خۆم. 26ژنەکانم و منداڵەکانیشم بدە دەستم کە لە پێناویاندا خزمەتم کردوویت، ئیتر دەڕۆم. خۆشت دەزانیت چەندە خزمەتم کردوویت.»

27بەڵام لابان پێی گوت: «خۆزگە پەسەند دەبووم لەبەرچاوت. فاڵم گرتووەتەوە کە یەزدان لەبەر تۆ بەرەکەتداری کردووم.» 28ئینجا گوتی: «کرێی خۆتم بۆ دیاری بکە تاکو پێت بدەم.»

29یاقوبیش پێی گوت: «تۆ خۆت دەزانیت چۆن خزمەتم کردوویت و مەڕوماڵاتەکەت لەلای من چۆن بووە، 30چونکە پێش هاتنی من ئەوەی هەتبوو کەم بوو، بەڵام دوای هاتنم زۆر زیادی کرد و یەزدانیش بەرەکەتداری کردیت. بەڵام ئێستا کەی کار بۆ ماڵەکەی خۆشم بکەم؟»

31ئەویش گوتی: «چیت بدەمێ؟»

یاقوبیش گوتی: «هیچم مەدەرێ، بەڵام ئەگەر تەنها ئەم کارەم لەگەڵ بکەیت، ئەوا سەرلەنوێ شوانی و پاسەوانی مەڕەکانت دەکەم. 32ئەمڕۆ لێمگەڕێ بەناو هەموو مێگەلەکانتدا تێپەڕم، هەرچی مەڕ و بزنی خاڵدار و بەڵەک و هەرچی بەرخی ڕەش لەناویاندا هەیە جیای دەکەمەوە. ئەوانە کرێیەکەی من دەبن. 33سبەینێش ڕاستودروستی من دەسەلمێنێت، کاتێک بۆ کرێیەکەم دێمە پێشت، هەرچی خاڵدار و بەڵەک نەبێت لەناو بزنەکان و ڕەش نەبێت لەناو بەرخەکان، لەلای من بە دزراو دادەنرێت.»

34لابانیش گوتی: «باشە، تۆ چۆن دەڵێیت، با وابێت.» 35هەر هەمان ڕۆژ هەموو تەگە30‏:35 نێری، سابرێن.‏ خەتدار و بەڵەکەکان و هەموو بزنە خاڵدار و بەڵەکەکانی جیا کردەوە، هەموو ئەوانەی سپیێتییان تێدا هەبوو، لەگەڵ هەموو ڕەشەکان لەنێوان بەرخەکان دایە دەست کوڕەکانی. 36ئینجا ماوەی سێ ڕۆژە ڕێی خستە نێوان خۆی و یاقوبەوە، لە کاتێکدا یاقوب چاودێری مەڕەکانی دیکەی لابانی دەکرد.

37یاقوب چڵی سەوزی لە دار بی و بادەم و چنار هێنا و لە شوێنی هێڵەکان توێکڵەکانیانی پاک کرد و سپیێتییەکەی ژێریانی دەرخست و خەتی سپی لەسەر کێشان. 38ئینجا چڵە دارە پاککراوەکانی لەناو ئاخوڕەکانی ئاو خواردنەوە دانا، بە جۆرێک کە کاتێک مەڕەکان بۆ ئاو خواردنەوە دەهاتن، ڕێک لەبەردەمیدا بوو، ئەمەش بۆ ئەوە بوو هەتا لە کاتی هاتنیان بۆ ئاو خواردنەوە بە بەران بێن، 39مەڕەکان لەلای چڵەکان بەرانیان گرت و بەرخی خەتدار و خاڵدار و بەڵەکیان بوو. 40ئینجا یاقوب بەرخەکانی جیا کردەوە، بەڵام ڕووی مەڕەکانی خۆی لە مەڕە خەتدار و ڕەشەکانی لابان کرد. بەم شێوە بۆ خۆی مێگەلی دانا و لەگەڵ مەڕەکانی لابان داینەنان. 41هەر کاتێک مەڕە بەهێزەکان دەهاتنە ئەوەی بەران بگرن، یاقوب لەپێش چاویان چڵە دارەکانی لەناو حەوزەکان دادەنا بۆ ئەوەی لەناو چڵە دارەکاندا بەران بگرن. 42بەڵام کاتێک مەڕەکان لاواز دەبوون چڵە دارەکانی دانەدەنا. بەو شێوەیە لاوازەکان بۆ لابان بوون و بەهێزەکانیش بۆ یاقوب. 43ئینجا پیاوەکە تەواو دەوڵەمەند بوو. بووە خاوەنی مەڕێکی زۆر، لەگەڵ کەنیزە و خزمەتکار و وشتر و گوێدرێژ.