پەیدابوون 26 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەیدابوون 26:1-35

ئیسحاق و ئەبیمەلەخ

1ئینجا جیا لەو قاتوقڕییەی کە یەکەم جار لە سەردەمی ئیبراهیمدا ڕوویدا، قاتوقڕییەکی دیکە لە خاکەکە سەریهەڵدا. ئیسحاقیش چوو بۆ لای ئەبیمەلەخی پاشای فەلەستییەکان لە گرار. 2یەزدان بۆ ئیسحاق دەرکەوت و فەرمووی: «مەچووە میسر، بەڵام لەو خاکە نیشتەجێ بە کە خۆم پێت دەڵێم. 3بۆ ماوەیەک لەم خاکە بمێنەوە، خۆم لەگەڵت دەبم و بەرەکەتدارت دەکەم، چونکە هەموو ئەم خاکانە دەدەمە خۆت و نەوەکەت، ئەو سوێندەش دەچەسپێنم کە بۆ ئیبراهیمی باوکتم خواردووە. 4نەوەشت زۆر دەکەم، وەک ئەستێرەکانی ئاسمان، هەموو ئەم خاکەشم داوەتە نەوەکەت، لە ڕێگەی نەوەی تۆوە هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی بەرەکەتدار دەبن. 5لەبەر ئەوەی ئیبراهیم گوێڕایەڵی فەرمایشتەکەم بوو، داواکاری و فەرمان و فەرز و فێرکردنی منی بەجێهێنا.» 6ئیتر ئیسحاق لە گرار نیشتەجێ بوو.

7پیاوانی ئەو شوێنە دەربارەی ژنەکەی پرسیاریان لێکرد، ئەویش گوتی: «ئەو خوشکمە.» ئیسحاق ترسا لەوەی پێیان بڵێت «ژنمە،» چونکە گوتی، «نەوەک پیاوانی شوێنەکە لەبەر ڕڤقە بمکوژن، چونکە جوانە.»

8کاتێک ماوەیەکی زۆر لەوێ مایەوە، ئەبیمەلەخی پاشای فەلەستییەکان لە پەنجەرەکەوە سەیری خوارەوەی دەکرد، بینی وا ئیسحاق لەگەڵ ڕڤقەی ژنی خەریکی دەستبازییە. 9ئینجا ئەبیمەلەخ بەدوای ئیسحاقدا ناردی و گوتی: «کەواتە ئەو ژنتە! ئەی چۆن گوتت: ”ئەو خوشکمە“؟»

ئیسحاقیش پێی گوت: «چونکە پێم وابوو کە لەوانەیە بەهۆی ئەوەوە بمرم.»

10ئەبیمەلەخیش گوتی: «ئەمە چییە بە ئێمەت کرد؟ لەوانەیە یەکێک لەم پیاوانە لەگەڵ ژنەکەت سەرجێیی بکردبا، ئەو کاتە ئێمەت تووشی تاوان دەکرد.»

11ئیتر ئەبیمەلەخ فەرمانی بە هەموو خەڵکەکە کرد و گوتی: «هەرکەسێک دەست ببات بۆ ئەم پیاوە یان ژنەکەی بێگومان دەکوژرێت.»

12ئیسحاق لەو زەوییەدا کشتوکاڵی کرد و هەر ئەو ساڵە سەد ئەوەندەی دەست کەوت، چونکە یەزدان بەرەکەتداری کرد. 13ئیتر ئیسحاق دەوڵەمەند بوو، بەردەوام سامانەکەی زیادی دەکرد، هەتا وای لێهات زۆر دەوڵەمەند بوو. 14ئینجا بەهۆی ئەوەی کە بووە خاوەن مەڕ و مانگا و خزمەتکارێکی زۆریش، فەلەستییەکانیش بەغیلییان پێ برد. 15هەموو ئەو بیرانەش کە خزمەتکارەکانی باوکی لە سەردەمی ئیبراهیمی باوکی هەڵیانکەندبوو، فەلەستییەکان بە خۆڵ پڕیان کردبووەوە و دایانخستبوو.

16ئینجا ئەبیمەلەخ بە ئیسحاقی گوت: «لەلای ئێمە بڕۆ، چونکە زۆر لە ئێمە بەهێزتر بوویت.»

17ئیتر ئیسحاق لەوێ ڕۆیشت و لە دۆڵی گرار چادری هەڵدا و لەوێ نیشتەجێ بوو. 18ئیسحاق جارێکی دیکە ئەو بیرانەی هەڵدایەوە کە لە سەردەمی ئیبراهیمی باوکی هەڵکەنرابوون و فەلەستییەکان دوای مردنی ئیبراهیم دایانخستبوو، هەر هەمان ناویشی لێنان کە باوکی لێینابوون.

19خزمەتکارەکانی ئیسحاق لە دۆڵەکە کەوتنە هەڵکەندن و کارێزێکی ئاوی سازگاریان لەوێ دۆزییەوە. 20بەڵام شوانەکانی گرار لەگەڵ شوانەکانی ئیسحاق بوو بە ناکۆکییان و گوتیان: «ئاوەکە هی ئێمەیە.» ئیتر بیرەکەی ناو نا عێسەق26‏:20 عێسەق بە واتای ناکۆکی دێت.‏، چونکە لەسەری کردیانە ناکۆکی. 21ئینجا بیرێکی دیکەیان هەڵکەند، بەڵام دیسان لەسەر ئەمەش بوو بە ناکۆکییان، لەبەر ئەوە ناوی لەمەش نا سیتنا.26‏:21 سیتنا بە واتای بەربەرەکانێ دێت.‏ 22ئیتر لەوێ گواستییەوە و بیرێکی دیکەی هەڵکەند، کە ناکۆک نەبوون لەسەری. بۆیە ناوی لەمە نا ڕەحۆبۆت26‏:22 ڕەحۆبۆت بە واتای شوێنێکی فراوان دێت.‏ و گوتی: «ئێستا یەزدان شوێنێکی فراوانی پێ بەخشیوین و لە زەوییەکەدا بە بەروبووم دەبین.»

23ئینجا لەوێوە بۆ بیری شابەع چوو. 24جا لەو شەوەدا یەزدان بۆی دەرکەوت و فەرمووی: «من خودای ئیبراهیمی باوکتم. مەترسە، چونکە لەگەڵتم. لەبەر ئیبراهیمی بەندەم، بەرەکەتدارت دەکەم و نەوەت زۆر دەکەم.»

25ئیتر ئیسحاق لەوێ قوربانگایەکی بنیاد نا، بە ناوی یەزدانەوە نزای کرد. لەوێ چادرەکەی هەڵدا، خزمەتکارەکانیشی لەوێ بیرێکیان هەڵکەند.

26هەر لەو کاتەدا ئەبیمەلەخ لەگەڵ ئەحوزەتی ڕاوێژکاری و فیکۆلی فەرماندەی گشتی لە گرارەوە هاتنە لای. 27ئیسحاقیش لێی پرسین: «بۆچی هاتوون بۆ لام، لە کاتێکدا ڕقتان لێم بوو و لەلای خۆتان دەرتانکردم؟»

28ئەوانیش گوتیان: «ئێمە بە تەواوی بینیمان کە یەزدان لەگەڵ تۆ بوو، ئیتر گوتمان: ”با لەنێوانمان سوێند هەبێت،“ لەنێوان ئێمە و تۆ. با پەیمانت لەگەڵ ببەستین، 29کە خراپەمان لەگەڵ نەکەیت، وەک چۆن ئێمە دەستمان بۆت نەبرد و لە چاکە بەولاوە هیچی دیکەمان لەگەڵ نەکردیت و بە سەلامەتی بەڕێمان کردیت. ئێستاش تۆ بەرەکەتداری یەزدانیت.»

30ئینجا ئیسحاق خوانی بۆ ساز کردن، ئیتر خواردیان و خواردیانەوە. 31بۆ سبەی بەیانی زوو لە خەو هەستان و هەریەکە و سوێندی بۆ ئەوی دیکەیان خوارد. ئینجا ئیسحاق بەڕێی کردن، ئەوانیش بە سەلامەتی لەلای ڕۆیشتن.

32ئەوە بوو هەر لەو ڕۆژەدا خزمەتکارەکانی ئیسحاق هاتن و دەربارەی ئەو بیرەی کە هەڵیانکەندبوو پێیان ڕاگەیاند و گوتیان: «ئاومان دۆزییەوە.» 33ئەویش ناوی لێنا شیبعا، لەبەر ئەوەیە هەتا ئەمڕۆش ناوی شارۆچکەکە بیری شابەعە.

34کاتێک عیسۆ تەمەنی بووە چل ساڵ، یەهودیتی کچی بئێریی حیتی و باسمەتی کچی ئێلۆنی حیتی هێنا. 35ئەوان ببوونە مایەی خەم و خەفەتی ئیسحاق و ڕڤقە.