پەیدابوون 22 – KSS & KSS

Kurdi Sorani Standard

پەیدابوون 22:1-24

تاقیکردنەوەی ئیبراهیم

1لەدوای ماوەیەک خودا ئیبراهیمی تاقیکردەوە. پێی فەرموو: «ئیبراهیم!»

ئەویش گوتی: «ئەوەتام.»

2ئینجا خودا فەرمووی: «ئیسحاقی کوڕە تاقانەت، ئەوەی کە خۆشت دەوێت، ببە و بڕۆ بۆ خاکی مۆریا. لەوێ لەسەر یەکێک لە کێوەکان کە خۆم پێت دەڵێم، بیکە بە قوربانی سووتاندن.»

3بۆ بەیانی ئیبراهیم زوو لە خەو هەستا و گوێدرێژەکەی کورتان کرد. لەگەڵ خۆیدا دووان لە خزمەتکارەکانی و ئیسحاقی کوڕی برد. دوای بڕینەوەی دار بۆ قوربانی سووتاندن، هەستا و بەرەو ئەو شوێنە چوو کە خودا پێی فەرمووبوو. 4لە ڕۆژی سێیەم ئیبراهیم چاوی هەڵبڕی و لە دوورەوە شوێنەکەی بەدی کرد. 5ئیتر بە دوو خزمەتکارەکەی گوت: «ئێوە لێرە لەگەڵ گوێدرێژەکە دانیشن، من و کوڕەکەش هەتا ئەوێ دەچین، کڕنۆش دەبەین و دەگەڕێینەوە لاتان.»

6ئیبراهیم داری قوربانی سووتاندنەکەی هەڵگرت و خستییە سەر پشتی ئیسحاقی کوڕی، خۆشی ئاگر و چەقۆکەی هەڵگرت. کاتێک هەردووکیان پێکەوە ڕۆیشتن، 7ئیسحاق بە ئیبراهیمی باوکی گوت: «باوکە!»

ئەویش وەڵامی دایەوە: «ها کوڕم؟»

ئیسحاق گوتی: «ئەوەتا ئاگرەکە و داری سووتاندنەکە، ئەی کوا بەرخەکە کە بۆ قوربانی سووتاندنەکەیە؟»

8ئیبراهیم وەڵامی دایەوە: «خودا خۆی بەرخی قوربانی سووتاندنەکە دابین دەکات، کوڕم.» ئیتر هەردووکیان پێکەوە ڕۆیشتن.

9کاتێک گەیشتنە ئەو شوێنەی کە خودا پێی فەرمووبوو، ئیبراهیم قوربانگایەکی دروستکرد و دارەکانی لەسەر ڕێکخست. ئینجا ئیسحاقی کوڕی بەستەوە و خستییە سەر دارەکانی سەر قوربانگاکە. 10ئیتر ئیبراهیم دەستی درێژکرد و چەقۆکەی هەڵگرت تاکو کوڕەکەی خۆی سەرببڕێت. 11بەڵام فریشتەی یەزدان لە ئاسمانەوە بانگی کرد و گوتی: «ئیبراهیم! ئیبراهیم!»

ئەویش وەڵامی دایەوە: «ئەوەتام.»

12پێی گوت: «دەست بۆ کوڕەکە مەبە و هیچی لێ مەکە. ئێستا دەزانم تۆ لە خودا دەترسیت، چونکە لە پێناوی من دەستت بە کوڕە تاقانەکەتەوە نەگرت.»

13ئیبراهیم چاوی هەڵبڕی و بینی وا بەرانێک لەدوایەوە لەناو دەوەنەکە بە هەردوو قۆچی گیربووە. ئیبراهیم چوو و بەرانەکەی گرت و لە جیاتی کوڕەکەی کردییە قوربانی سووتاندن. 14ئیتر ئیبراهیم ئەو شوێنەی ناو نا، «یەزدان دابینی دەکات». هەتا ئەمڕۆش دەگوترێت، «لەسەر کێوی یەزدان، دابین دەکرێت.»

15فریشتەکەی یەزدان جارێکی دیکە لە ئاسمانەوە ئیبراهیمی بانگکرد و 16گوتی: «یەزدان دەفەرموێت سوێندبێت بە خۆم، لەبەر ئەوەی تۆ ئەمەت کرد و دەستت بە کوڕە تاقانەکەتەوە نەگرت، 17بێگومان بەرەکەتدارت دەکەم و نەوەکەت وەک ژمارەی ئەستێرەکانی ئاسمان و وەک لمی سەر کەناری دەریا زۆر دەکەم. نەوەت دەبێتە میراتگری دەرگای دوژمنەکانی. 18لە ڕێگەی نەوەی تۆشەوە هەموو نەتەوەکانی سەر زەوی بەرەکەتدار دەبن، چونکە تۆ گوێڕایەڵی فەرمایشتەکەی من بوویت.»

19ئینجا ئیبراهیم گەڕایەوە لای دوو خزمەتکارەکەی. ئیتر هەستان و پێکەوە چوونە بیری شابەع. ئیبراهیم لە بیری شابەع نیشتەجێ بوو.

کوڕانی ناحۆر

20دوای ماوەیەک بە ئیبراهیم گوترا: «وا میلکەی براژنیشت چەند کوڕێکی بۆ ناحۆری برات بووە،

21عوچ کە نۆبەرەکەیەتی و بووزی برای،

هەروەها قەموئێلیش کە باوکی ئارامە.

22هەروەها کەسەد و حەزۆ و پیلداش و یدلاف و بتوئێل.»

23بتوئێلیش ڕڤقەی بوو.

میلکە ئەم هەشت کوڕەی بۆ ناحۆری برای ئیبراهیم بوو.

24کەنیزەکەشی کە ناوی ڕەئوومە بوو، ئەویش

تەڤەح و گەحەم و تەحەش و مەعکای بوو.