پەیدابوون 13 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەیدابوون 13:1-18

جیابوونەوەی ئەبرام و لوت

1ئیتر ئەبرام خۆی و ژنەکەی و هەرچییەکی هەبوو، لەگەڵ لوت لە میسرەوە چوونە نەقەب. 2ئەبرام لە مەڕوماڵات و لە زیو و زێڕ زۆر دەوڵەمەند بوو.

3قۆناغ بە قۆناغ کۆچی کرد، لە نەقەبەوە هەتا بێت‌ئێل، هەتا ئەو شوێنەی یەکەم جار چادرەکەی ئەوی لێبوو، لەنێوان بێت‌ئێل و عای، 4بۆ شوێنی قوربانگاکەی کە یەکەم جار دروستی کرد، لەوێدا ئەبرام بە ناوی یەزدانەوە نزای کرد.

5هەروەها لوتیش کە لەگەڵ ئەبرام دەڕۆیشت، مەڕ و مانگا و چادری هەبوو. 6بەڵام خاکەکە لەوەڕگای پێویستی بۆ مەڕوماڵاتی هەردووکیان نەبوو، لەبەر ئەوەی دەستکەوتەکانیان هێندە زۆر ببوو کە نەتوانن پێکەوە بمێننەوە. 7ناکۆکی لەنێوان شوانەکانی مەڕوماڵاتی ئەبرام و شوانەکانی مەڕوماڵاتی لوت ڕوویدا. لەو کاتەشدا کەنعانییەکان و پریزییەکان نیشتەجێی خاکەکە بوون.

8ئینجا ئەبرام بە لوتی گوت: «با هیچ ناکۆکییەک نەکەوێتە نێوان من و تۆ و نێوان شوانەکانم و شوانەکانتەوە، چونکە ئێمە مام و برازاین13‏:8 برازاین: عیبری: برا یان خزم. بڕوانە 11‏:31.‏. 9ئەوە نییە هەموو خاکەکە لەبەردەمتە؟ کەواتە لە من جیا ببەوە. ئەگەر بەلای چەپدا بڕۆیت، من بەلای ڕاستدا دەڕۆم و ئەگەر بەلای ڕاستدا بڕۆیت، من بەلای چەپدا دەڕۆم.»

10لوت چاوی هەڵبڕی و بینی هەموو دەوروبەری ڕووباری ئوردون ئاودارە. وەک بەهەشتی یەزدانە، وەک خاکی میسر کە بەرەو زۆعەر دەڕۆیت. ئەمە پێش ئەوەی یەزدان سەدۆم و عەمۆرا وێران بکات. 11لوت هەموو دەوروبەری ڕووباری ئوردونی بۆ خۆی هەڵبژارد و بەرەو ڕۆژهەڵات کۆچی کرد. بەو شێوەیە لە یەکتری جیا بوونەوە. 12ئەبرام لە خاکی کەنعان نیشتەجێ بوو، لوتیش لە شارۆچکەکانی دەوروبەر نیشتەجێ بوو و لە نزیک سەدۆم چادرەکانی هەڵدا. 13خەڵکی سەدۆم لە ڕادەبەدەر بەدکار بوون و گوناهیان دژی یەزدان دەکرد.

14دوای جیابوونەوەی لوت لە ئەبرام، یەزدان بە ئەبرامی فەرموو: «چاوت هەڵبڕە و لەو شوێنەی کە لێیت، سەیری باکوور و باشوور و ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا بکە، 15چونکە هەموو ئەو خاکەی دەیبینیت بۆ هەتاهەتایە دەیدەمە خۆت و نەوەکانت. 16نەوەشت وەک خۆڵی زەوی لێ دەکەم، تاکو ئەگەر یەکێک توانی خۆڵی زەوی بژمێرێت، ئەوا نەوەی تۆش بژمێردرێت. 17بڕۆ، بە درێژایی و پانی خاکەکەدا هاتوچۆ بکە، چونکە دەیدەمە تۆ.»

18ئیتر ئەبرام چادرەکانی گواستەوە و هات لەلای دار بەڕووەکانی مەمرێ لە حەبرۆن13‏:18 بە دووری 32 کم لە باشووری ئۆرشەلیمە، ئێستا بە ناوی (الخلیل) ناسراوە، بە ناوی ئیبراهیمی دۆستی خودا ناسراوە.‏ نیشتەجێ بوو، لەوێ قوربانگایەکی بۆ یەزدان دروستکرد.