پەندەکانی سلێمان 9 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەندەکانی سلێمان 9:1-18

بانگەوازی دانایی و گێلایەتی

1دانایی خانووی خۆی بنیاد ناوە،

حەوت9‏:1 لەوانەیە ژمارە حەوت بۆ هێمای تەواوەتی و ڕێکوپێکی ماڵەکە بەکارهاتووە. بڕوانە ئاشکراکردن 1‏:19‏.‏ کۆڵەکەکەی داتاشیوە.

2سەربڕدراوەکەی سەربڕیوە و شەرابەکەی تێکەڵ کردووە،

هەروەها خوانەکەی ئامادە کردووە.

3کەنیزەکانی خۆی ناردووە و بانگ دەکات،

لەسەر بەرزاییەکانی شار:

4«کێ ساویلکەیە، با ڕوو لێرە بکات!»

بە تێنەگەیشتووش دەڵێت:

5«وەرن، لە نانی من بخۆن و

لەو شەرابەی تێکەڵم کردووە بخۆنەوە.

6واز لە ساویلکەیی بهێنن و بژین،

بە ڕێگای تێگەیشتندا بڕۆن.»

7ئەوەی گاڵتەجاڕ تەمبێ بکات شەرمەزاری دەست دەکەوێت،

ئەوەی بەدکار سەرزەنشت بکات خۆی لەکەدار دەکات.

8سەرزەنشتی گاڵتەجاڕ مەکە، نەوەک ڕقی لێت بێتەوە؛

سەرزەنشتی دانا بکە، تۆی خۆشدەوێت.

9ڕێنمایی دانا بکە، داناتر دەبێت،

کەسێکی ڕاستودروست فێر بکە، زاناتر دەبێت.

10لەخواترسی سەرەتای داناییە،

ناسینی خودای پیرۆزیش تێگەیشتنە،

11چونکە بە دانایی ڕۆژگارت زیاد دەکات،

ساڵانی ژیانت پتر دەبێت.

12ئەگەر دانا بیت، داناییەکەت پاداشتت دەداتەوە؛

ئەگەر گاڵتەجاڕ بیت، تەنها لەسەر خۆت دەکەوێت.

13گێلایەتی وەک خاتوونێکی بە بۆڵەبۆڵە،

ساویلکەیە و هیچ شتێک نازانێت.

14لە بەردەرگای ماڵەکەی دادەنیشێت،

لەسەر کورسییەک لە بەرزترین شوێنی شار،

15بۆ بانگکردنی ڕێبوارەکان،

ئەوانەی لە ڕێچکەی خۆیان دەڕۆن:

16«کێ ساویلکەیە، با ڕوو لێرە بکات!»

بە تێنەگەیشتووش دەڵێت:

17«ئاوی دزراو شیرینە،

نانی بە دزی بەتامە.»

18بەڵام ئەوان نازانن، خێوەکان لەوێن،

میوانەکانی نەزانیش لەناو جەرگەی جیهانی مردوواندان.