پەندەکانی سلێمان 8 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەندەکانی سلێمان 8:1-36

بانگەوازی دانایی

1ئایا دانایی بانگەواز ناکات؟

ئەی تێگەیشتن دەنگی خۆی هەڵنابڕێت؟

2لەسەر لووتکەی بەرزاییەکان،

لەسەر ڕێگاکان، لە چواڕیانەکان ڕادەوەستێت.

3لەلای دەروازەی شارەکان،

لەبەردەم دەرگاکان، هاوار دەکات:

4«ئەی خەڵکینە، بۆ ئێوە بانگ دەکەم،

دەنگم بۆ ئادەمیزادە.

5ساویلکەکان، فێری ژیری بن،

گێلەکان، فێری تێگەیشتن بن.

6گوێ بگرن، چونکە باسی شتی بەرزتان بۆ دەکەم،

کردنەوەی لێوەکانم بۆ ڕاستەڕێییە.

7ڕاستگۆیی وێردی دەممە،

خراپەش قێزەونە بۆ لێوەکانم.

8قسەکانی دەمم هەموو ڕاستودروستن،

هیچ فێڵ یان خواروخێچی تێدا نییە.

9هەموو ڕێکن لای کەسی تێگەیشتوو،

ڕاستەڕێیە لای ئەوانەی زانیاری دەدۆزنەوە.

10تەمبێکردن لە من وەربگرن نەک زیو،

زانیاریش زیاتر لە زێڕی پوختەکراو،

11چونکە دانایی لە یاقووت8‏:11 یاقووت: گەوهەری سووری تۆخ.‏ باشترە،

هەرچی ئارەزووی دەکەیت نابێتە هاوتای.

12«من داناییم، لەگەڵ ژیریدا نیشتەجێم،

زانیاری و سەلیقەم هەیە.

13ئەوەی لەخواترس بێت، ڕقی لە خراپە دەبێت،

من ڕقم لە لووتبەرزی و خۆبەزلزانییە،

لە ڕێگای خراپ و لە قسەی بە فێڵە.

14ڕاوێژ و دانایی تەواو هی منن،

تێگەیشتن هی منە، هێز هی منە.

15بە منەوە پاشاکان پاشایەتی دەکەن و

فەرمانڕەوایان بە ڕاستودروستی یاسا دەردەکەن.

16بە منەوە میرەکان میرایەتی دەکەن،

بەگەکان و هەموو ئەوانەی بە ڕاستودروستی دادوەری دەکەن.

17من ئەوانەم خۆشدەوێت کە منیان خۆشدەوێ،

ئەوانەش کە بە پەرۆشەوە بەدوامدا دەگەڕێن، دەمدۆزنەوە.

18دەوڵەمەندی و ڕێزداری لەلای منە،

ڕاستودروستی8‏:18 مەبەستی لە بەرهەمی ڕاستودروستە.‏ و ئەو سامانەی کە دەمێنێتەوە.

19بەرهەمی من لە زێڕ باشترە، لە زێڕی بێگەردیش،

دەغڵیشم لە زیوی پوختەکراو باشترە.

20بە ڕێچکەی ڕاستودروستیدا دەڕۆم،

لەسەر ڕێبازی دادپەروەری،

21تاکو سامان بکەمە میرات بۆ ئەوانەی منیان خۆشدەوێت و

ئەمبارەکانیان پڕ بکەم.

22«یەزدان لە سەرەتای بەدیهێنانەکەی منی دروستکرد،

هەر لە کۆنەوە لەپێش کارەکانی.

23لە ئەزەلەوە من دامەزراوم،

لە سەرەتاوە، لەپێش زەوی.

24هێشتا زەریاکان نەببوون من بەدیهێنراوم،

هێشتا کانییە پڕ ئاوەکان نەبوون.

25پێش ئەوەی چیاکان بچەسپێن،

پێش گردەکان، من بەدیهێنراوم،

26هێشتا نە زەوی و نە پانتاییەکانی دروستکردبوو،

نە سەرەتای خۆڵی زەوی.

27کاتێک کە ئاسمانی جێگیر کرد من لەوێ بووم،

کاتێک کە هێڵی ئاسۆی بەسەر قووڵاییدا کێشا،

28کاتێک کە هەوری لە ئاسمان ڕاگرت و

سەرچاوەی قووڵاییەکانی چەسپاند،

29کاتێک کە سنووری بۆ دەریا کێشا

بۆ ئەوەی ئاوەکان فەرمانی ئەو نەشکێنن،

کاتێک کە بناغەی زەوی داڕشت.

30لەگەڵ ئەو وەستایەکی لێزان بووم،

ڕۆژبەڕۆژ شادمانی ئەو بووم،

هەمیشە لەبەردەمیدا دڵخۆش بووم،

31لە زەوییە ئاوەدانەکەی دڵخۆش دەبووم،

لەگەڵ ئادەمیزاد شادمان بووم.

32«ئەی کوڕینە، ئێستاش گوێم لێ بگرن،

خۆزگە دەخوازرێ بەوانەی ڕێگای من دەپارێزن.

33گوێ لە تەمبێکردن بگرن و دانا بن،

پشت گوێی مەخەن.

34خۆزگە دەخوازرێ بەو کەسەی گوێم لێ دەگرێت،

ڕۆژبەڕۆژ لەلای دەرگاکەم ئاگادارە،

لەلای دەروازەی دەرگاکەم ئێشک دەگرێت،

35چونکە ئەوەی من بدۆزێتەوە، ژیان دەدۆزێتەوە،

ڕەزامەندی یەزدانیش بەدەستدەهێنێت.

36بەڵام ئەوەی من نەدۆزێتەوە زیان بە خۆی دەگەیەنێت،

هەموو ئەوانەی ڕقیان لە منە، مردنیان خۆشدەوێت.»