پەندەکانی سلێمان 7 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەندەکانی سلێمان 7:1-27

ئاگادارکردنەوە لە ژنی داوێنپیس

1ڕۆڵە، گوێڕایەڵی قسەکانم بە و

ڕاسپاردەکانم لەلای خۆت هەڵبگرە،

2ڕاسپاردەکانم بەجێبگەیەنە، دەژیت،

فێرکردنەکانیشم وەک گلێنەی چاوت بپارێزە.

3بە پەنجەکانتەوە گرێیان بدە،

لەسەر پەڕەی دڵت بیاننووسە.

4بە دانایی بڵێ: «تۆ خوشکی منی،»

بە تێگەیشتنیش بڵێ: «تۆ خزمی منی.»

5بۆ ئەوەی لە ژنی بەدڕەوشت بتپارێزن،

لە ژنی داوێنپیسی زمانلووس.

6لە پەنجەرەی ماڵەکەمەوە

لەو دیوی کڵاوڕۆژنەکەمەوە7‏:6 وەک پەنجەرەیە، دەلاقەیەکە بۆ هاتوچۆی هەوا و گێڕانەوەی تیشکی خۆر.‏ ڕوانیم،

7لەناو ساویلکەکاندا بینیم،

لەناو کوڕاندا سەرنجم دا گەنجێکی تێنەگەیشتوو.

8لە شەقامەکە پەڕییەوە و لایدا لای ژنە بەدڕەوشتەکە،

ڕێگای ماڵی ئەوی دەگرتەبەر،

9لە زەردەپەڕی ئێواران کاتی ئاوابوونی خۆر،

لەژێر تاریکایی شەو.

10ئەوەتا ژنێک بەرەوپیری چوو،

لە بەرگی لەشفرۆشێکی فێڵبازدا بوو.

11(ئەم ژنە بە دەنگەدەنگ و سەرکێشە،

پێیەکانی لە ماڵی خۆی گیرنابێت.

12پێیەکی لە شەقام و پێیەکی لە گۆڕەپانەکانە،

لە هەموو پەنایەک بۆسە دەنێتەوە.)

13گەنجەکەی گرت و ماچی کرد،

بێ ئابڕووانە پێی گوت:

14«قوربانی هاوبەشیم7‏:14 قوربانی هاوبەشی: ئەم قوربانییە هاودەمی قوربانی سووتاندن بوو. تەنها یەک کەس هەڵدەستا بە دابینکردنی ئەم قوربانییە، بەڵام لەگەڵ خەڵکی دیکە بەشی زۆری ئەم قوربانییەیان لەبەردەم خودا دەخوارد وەک هێمایەک بۆ پێکەوە ژیان. بڕوانە لێڤییەکان 7‏:11‏-15.‏ لەسەرە،

ئەمڕۆ نەزرەکانی7‏:14 نەزر: کارەکە پابەند دەکەیت بە مەرجێکەوە. داوا دەکەیت ئەگەر خودا کارێکت بۆ ئەنجام بدات، ئەوا تۆش ئەو کارەی بۆ ئەنجام دەدەی کە پابەندت کردووە بە مەرجەکەوە. بڕوانە سەرژمێری 21‏:2‏.‏ خۆمم بەجێهێنا،

15بۆیە بۆ دیدەنیت هاتمە دەرەوە،

بۆ دیداری ڕووی تۆ و بۆ دۆزینەوەت.

16نوێنم لەسەر قەرەوێڵەکەم ڕاخستووە،

کەتانی ڕەنگاوڕەنگی میسری،

17نوێنەکەم بۆنخۆش کردووە

بە موڕ و ئەلوا7‏:17 ڕووەکێکی دڕکاوییە وەک سەباڕ، شلەیەکی تێدایە بۆ پێست باشە.‏ و دارچین7‏:17 لەو جۆرە بۆنوبەرامانە بوونە کە بۆ بۆنخۆشکردن بەکارهێنراون.‏.

18وەرە هەتا بەیانی ئەوین بنۆشین،

بە خۆشەویستی چێژ وەربگرین،

19چونکە مێردەکەم لە ماڵەوە نییە،

چووەتە ڕێگایەکی دوور.

20کیسە زیوی لەگەڵ خۆی بردووە،

هەتا مانگ نەبێت بە چواردە ناگەڕێتەوە ماڵ.»

21بە زۆری مەکرەکانی لەخشتەی برد،

بە قسە لووسەکانی زەوقی هەستاند.

22لەناکاو بەدوایدا ڕۆیشت،

وەک گایەک بۆ سەربڕین ببردرێت،

وەک مامز دەکەوێتە ناو تەڵە،

23هەتا تیرێک جەرگی ببڕێت،

وەک پەلەکردنی باڵدار بۆ داو،

کە نازانێ بۆ گیانی خۆیەتی.

24ئەی کوڕینە، ئێستاش گوێم لێ بگرن،

سەرنج بدەنە قسەکانی دەمم.

25با دڵت بەرەو ڕێگاکانی ئەو ژنە لانەدات،

لە ڕێبازەکانی گومڕا مەبە،

26چونکە زۆرن ئەوانەی بە برینداری بەریداونەتەوە،

هەموو ئەوانەی بە دەستی کوژراون کۆمەڵی گەورەن.

27ماڵەکەی ڕێگای جیهانی مردووانە،

شۆڕبوونەوەیە بۆ ژوورەکانی مەرگ.