پەندەکانی سلێمان 5 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەندەکانی سلێمان 5:1-23

ئاگادارکردنەوە لە داوێنپیسی

1ڕۆڵە، سەرنج بدە داناییم،

گوێ بۆ تێگەیشتنم شل بکە،

2تاکو سەلیقەت بپارێزیت و

لێوەکانت ئاگایان لە زانیاری بێت،

3چونکە لێوەکانی ژنی داوێنپیس هەنگوینیان لێ دەتکێت،

قسەی لە ڕۆن لووسترە.

4بەڵام کۆتاییەکەی وەک زەقنەبووت تاڵە،

وەک شمشێری دوو دەم تیژە.

5پێیەکانی بەرەو خوار دەبنەوە بۆ مردن،

هەنگاوەکانی پەیوەستن بە جیهانی مردووانەوە.

6سەرنج ناداتە ڕێچکەی ژیان،

هەنگاوەکانی خوارە بەڵام ئەو نازانێت.

7ئەی کوڕینە، ئێستاش گوێم لێ بگرن،

لە قسەی دەمم خۆتان لامەدەن.

8ڕێگای خۆتی لێ دووربخەوە،

لە دەرگای ماڵەکەی نزیک مەبەوە،

9نەوەک شکۆمەندیت بە خەڵکی دیکە بدەیت و

ساڵانی تەمەنت بە کەسی دڵڕەق،

10نەوەک بێگانەکان لە توانات تێر بن و

بەری ماندووبوونت بۆ ماڵی نامۆیەک بڕوات.

11لە کۆتایی ژیانتدا دەناڵێنیت،

کاتێک گۆشت و جەستەت لەناودەچێت.

12دەڵێیت: «چۆن ڕقم لە تەمبێکردن دەبووەوە،

دڵم گاڵتەی بە سەرزەنشت دەهات.

13گوێڕایەڵی ئەوانە نەبووم کە ڕێنماییان دەکردم و

گوێم بۆ مامۆستاکانم شل نەکرد.

14کەمێکی مابوو بکەومە ناو هەموو خراپەیەکەوە،

لەناو کۆڕ و کۆمەڵدا.»

15لە ئەمباراوی خۆت ئاو بخۆوە،

لە ئاوی هەڵقوڵاوی بیرەکەت.

16ئایا کانییەکانت بڕژێتە سەر شەقامەکان،

جۆگەی ئاو بێت لە گۆڕەپانەکان؟

17با تەنها بۆ تۆ بێت،

بێگانەت لەگەڵدا نەبێت.

18با کانیاوەکەت بەرەکەتدار بێت،

بە هاوسەری گەنجییەتیت دڵخۆش بە.

19ئاسکێکی خۆشەویست و مامزێکی شۆخ و شەنگ،

با هەموو کاتێک مەمکەکانی تێرت بکەن،

بە خۆشەویستی ئەو هەمیشە وێڵ بیت.

20کوڕی خۆم، ئیتر بۆچی وێڵی ژنی بەدڕەوشت دەبیت؟

بۆچی ژنی داوێنپیس لە باوەش دەگریت؟

21ڕێگاکانی مرۆڤ لەبەرچاوی یەزدانە،

هەموو ڕێڕەوەکانی هەڵدەسەنگێنێت.

22بەدکار بە تاوانەکانی خۆیەوە پێوەبوو،

بە داوی گوناهەکانی خۆیەوە دەبێت.

23لەبەر نەبوونی تەمبێکردن دەمرێت،

لەبەر زۆری دەبەنگییەکەی سەرگەردان دەبێت.