پەندەکانی سلێمان 4 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەندەکانی سلێمان 4:1-27

دەستپێکی دانایی

1ئەی کوڕینە، گوێ لە تەمبێکردنی باوک بگرن،

سەرنج بدەن بۆ زانینی تێگەیشتن.

2من شتی چاکتان فێر دەکەم،

بۆیە فێرکردنەکانی من پشتگوێ مەخەن.

3کاتێک کوڕی باوکم بووم،

ناسک و تاقانە لەلای دایکم،

4فێری دەکردم و پێی دەگوتم:

«با دڵت لەسەر قسەی من بێت،

ئەگەر فەرمانەکانم بپارێزیت، دەژیت.

5دانایی بەدەستبهێنە، تێگەیشتن بەدەستبهێنە،

قسەکانی دەمم لەبیر مەکە و لێیان لامەدە.

6واز لە دانایی مەهێنە، دەتپارێزێت،

خۆشتبوێت، چاودێریت دەکات.

7ئەمە دەستپێکی داناییە: دانایی بەدەستبهێنە،

بە هەموو دەستکەوتەکانت، تێگەیشتن بەدەستبهێنە.

8ڕێزی بگرە، بەرزت دەکاتەوە،

لە ئامێزی بگرە، شکۆدارت دەکات.

9تاجەگوڵینەی نیعمەت دەخاتە سەرت،

تاجی شکۆمەندیت پێ دەبەخشێت.»

10ڕۆڵە، گوێ بگرە و قسەکانم وەربگرە،

جا تەمەنت درێژ دەبێت.

11ڕێگای داناییم پیشاندایت،

بۆ ڕێڕەوە ڕاستەکان ڕێنماییم کردیت.

12لە ڕۆیشتندا هەنگاوت کورت نابێت،

لە ڕاکردنیشدا پێت هەڵناکەوێت.

13دەست بە تەمبێکردنەوە بگرە4‏:13 بە تەمبێکردن ڕازی بە.‏ و دەست شل مەکە،

بیپارێزە، چونکە ژیانتە.

14مەچووە سەر ڕێگەی بەدکاران،

بە ڕێگای خراپەکاراندا مەڕۆ.

15خۆتی لێ لابدە و پێیدا مەڕۆ،

لێی دووربکەوە و تێپەڕە،

16چونکە خەویان لێ ناکەوێت ئەگەر خراپە نەکەن،

خەویان دەزڕێت ئەگەر یەکێک نەخەن.

17نانی خراپە دەخۆن و

شەرابی ستەمکاری دەخۆنەوە.

18ڕێچکەی ڕاستودروستان وەک ڕووناکی بەرەبەیانە،

ڕووناکتر و ڕووناکتر دەبێت هەتا دەبێتە ڕۆژی تەواو.

19بەڵام ڕێگای بەدکاران وەک تاریکستانە،

نازانن پێیان لە چی هەڵدەکەوێت.

20ڕۆڵە، سەرنج بدە وشەکانم،

گوێ بۆ قسەکانم شل بکە.

21لەبەرچاوت دوورنەکەونەوە،

لە ناخی دڵت بیانپارێزە،

22چونکە ژیانن بۆ ئەو کەسەی دەیاندۆزێتەوە،

دەرمانە بۆ هەموو لەشی.

23لە سەرووی هەموو چاودێرییەکەوە دڵت بپارێزە،

چونکە دڵ سەرچاوەی ژیانە.

24خواری لە دەمت داماڵە و

چەوتی لە لێوانت دووربخەوە.

25با چاوەکانت تەماشای پێشت بکەن و

پێڵووەکانت ڕێک بۆ بەردەمت بێت.

26ڕێڕەوی بەرپێت خۆش بکە،

هەموو ڕێگاکانت دەچەسپێن.

27بەلای ڕاست یان چەپدا لامەدە،

پێت لە خراپە دووربخەوە.