پەندەکانی سلێمان 31 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەندەکانی سلێمان 31:1-31

قسەی لەموئێلی پاشا

1قسەی لەموئێلی پاشا، ئەو سروشەی کە دایکی فێری کرد:

2گوێ بگرە ڕۆڵە! گوێ بگرە، ڕۆڵەی هەناوم!

گوێ بگرە ڕۆڵە، ڕۆڵەی نەزرەکانم!

3هێزت مەدە ژنان،

ڕێگاکانیشت مەدە ژنانی لەناوبەری پاشایان.

4ئەی لەموئێل، بۆ پاشایان نییە،

بۆ پاشایان نییە شەراب بنۆشن،

بۆ میرانیش نییە ئارەزووی ئارەق بکەن،

5نەوەک بخۆنەوە و یاسا لەبیر بکەن،

مافی ستەملێکراوان زەوت بکەن.

6ئارەق بدە بەوەی لەناودەچێت،

شەرابیش بەوانەی دەروونیان تاڵە.

7با بخواتەوە و هەژارییەکەی لەبیر بکات،

ئیتر ماندووبوونەکەی نایەتەوە یاد.

8بەرگری لە مافی ئەو کەسانە بکە کە ناتوانن داوای مافەکانیان بکەن،

بۆ مافی هەموو دەربەدەران.

9دەمت بکەرەوە و بە ڕاستودروستی دادوەری بکە،

پارێزگاری لە مافی کڵۆڵان و نەداران بکە.

بەشی کۆتایی31‏:10 هەر دێڕە هەڵبەستێک لە بەشی کۆتاییدا بە پیتێک دەستپێدەکات، بەپێی ڕیزبەندی ئەلفبێی عیبری.‏: ژنی خانەدان

10کێ ژنی خانەدانی دەست دەکەوێت؟

نرخی لە یاقووت31‏:10 یاقووت: گەوهەری سووری تۆخ.‏ گرانترە.

11مێردەکەی بە تەواوی پشتی پێ دەبەستێت و

لە هیچی کەم نابێت.

12ژنەکە بە درێژایی ژیانی

چاکە دێنێتە سەر ڕێی نەک خراپە.

13خوری و کەتان هەڵدەبژێرێت،

بە دوو دەستی پەرۆشەوە ئیش دەکات.

14وەک کەشتی بازرگان وایە،

خۆراکی خۆی لە دوورەوە دەهێنێت.

15هێشتا شەوە لە خەو هەڵدەستێت،

خواردن بۆ ماڵەوە ئامادە دەکات و

ئەرک بۆ کارەکەرەکان دیاری دەکات.

16لە کێڵگەیەک ورد دەبێتەوە و دەیکڕێت،

بە قازانجی دەستی ڕەزەمێوێک دەچێنێت.

17ناوقەدی توند دەبەستێت و

بازووی لێ هەڵدەکات.

18دەبینێت بازرگانییەکەی چاکە،

بە شەو چرای ناکوژێتەوە.

19خوری بە بازوویەوە دەئاڵێنێت و

تەشی لەناو لەپیدایە.

20دەستەکانی بۆ کڵۆڵ دەکاتەوە و

دەست درێژ دەکات بۆ نەداران.

21ترسی ماڵەکەی نییە لە بەفر،

چونکە هەموو ماڵەکەی بەرگی ئاڵیان31‏:21 بەرگی گەرم و ڕەنگ ئاڵ بووە، هەروەک لە کوردی پێی دەگوترێ قەستۆر یان پەستەک.‏ لەبەردایە.

22چەرچەف بۆ نوێنەکەی دروستدەکات،

کەتانی ناسک و ڕیسی ئەرخەوانی لەبەر دەکات.

23مێردی لە دەروازەکانی شاردا ناسراوە،

لەوێ لەگەڵ پیرانی شارەکە دادەنیشێت.

24ژنەکە کراسی کەتان دروستدەکات و دەیفرۆشێت،

پشتێن بۆ بازرگانان31‏:24 عیبری: کەنعانییەکان، بە مەبەستی بازرگانی گەڕۆک.‏ دابین دەکات.

25هێز و ڕێز بەرگی ئەون،

پێدەکەنێت بۆ ڕۆژانی ئاییندە.

26دەمی بە دانایی دەکاتەوە و

فێرکردنەکانی میهرەبانی لەسەر زمانییەتی.

27چاودێری هاتوچۆی ماڵومنداڵەکەی دەکات،

نانی تەمبەڵی ناخوات.

28منداڵەکانی هەڵدەستن و خۆزگەی پێ دەخوازن،

مێردەکەشی ستایشی دەکات:

29«زۆر ژن خانەدان بوونە،

بەڵام تۆ لە سەرووی هەموویانی.»

30شۆخ و شەنگی فریودەرە و جوانی پووچە،

بەڵام ئەو ئافرەتەی لە یەزدان بترسێت، ستایش دەکرێت.

31ڕەنجی شانی خۆی پێ بدەن و

با کردەوەکانی لەبەر دەروازەکانی شاردا ستایشی بکەن.