پەندەکانی سلێمان 29 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەندەکانی سلێمان 29:1-27

1ئەوەی زۆر سەرزەنشت بکرێت و هەر کەللەڕەق بێت،

لەناکاو تێکدەشکێت و چارەسەریشی نابێت.

2کاتێک ڕاستودروستان زۆر بن گەل دڵخۆش دەبێت،

کە بەدکار فەرمانڕەوا بێت گەل دەناڵێنێت.

3ئەوەی حەز لە دانایی بکات باوکی دڵخۆش دەکات،

هاوڕێی لەشفرۆشانیش سامان بەفیڕۆ دەدات.

4پاشا بە دادوەری وڵات ڕادەگرێت،

بەڵام ئەوانەی بەدوای پارە بکەون وێرانی دەکەن.

5ئەو کەسەی لەگەڵ دراوسێکەی زمانلووسی بکات

داو لەبەرپێی دەنێتەوە.

6لە گوناهی پیاوخراپ تەڵە هەیە،

بەڵام کەسی ڕاستودروست گۆرانی دەڵێت و دڵخۆش دەبێت.

7کەسی ڕاستودروست گرنگی بە مافی هەژار دەدات،

بەڵام بەدکار ئەو گرنگییە تێناگات.

8گاڵتەجاڕان شار دەخەنە ئاژاوەوە،

بەڵام دانایان تووڕەیی کپ دەکەنەوە.

9ئەگەر پیاوێکی دانا گێلێک بداتە دادگا،

گێلەکە تووڕە بێت یان گاڵتەی پێ بێت ئاشتی نابێت.

10خوێنڕێژان ڕقیان لە کەسی دروست دەبێتەوە،

بەڵام سەرڕاستان ژیانی دەپارێزن.

11گێل هەرچی تووڕەیی لە دڵدایە دەریدەبڕێت،

بەڵام دانا خۆی دەگرێت.

12ئەگەر فەرمانڕەوایەک گوێ لە قسەی درۆ بگرێت،

هەموو خزمەتکارەکانی دەبنە بەدکار.

13هەژار لەگەڵ زۆردار لەمەدا لە یەکتری دەچن:

یەزدان ڕووناکی بە چاوی هەردووکیان دەدات.

14ئەگەر پاشایەک بە ڕاستی دادوەری هەژاران بکات،

تەختەکەی هەتاهەتایە دەچەسپێت.

15داری تەمبێکردن دانایی دەبەخشێت،

بەڵام منداڵ جڵەوی بەربدرێت دایکی خۆی شەرمەزار دەکات.

16کاتێک بەدکاران گەشە دەکەن گوناه زۆر دەبێت،

بەڵام ڕاستودروستان کەوتنیان دەبینن.

17کوڕەکەت تەمبێ بکە دەتحەسێنێتەوە،

چێژ دەداتە گیانت.

18بەبێ سروش29‏:18 فەرموودەیەکی خودایە کە لە ڕێگای ڕۆحی پیرۆزەوە بۆ مرۆڤ هاتبێت.‏ گەل بەڕەڵا دەبێت،

بەڵام ئەوەی تەورات پەیڕەو بکات خۆزگەی پێ دەخوازرێت.

19خزمەتکار تەنها بە قسە تەمبێ نابێت،

هەرچەندە تێدەگات، بەڵام گوێی ناداتێ.

20ئەو کەسەت بینیوە بە پەلەیە لە قسەکانی؟

گێل لەو زیاتر ئومێدی پێ دەکرێت.

21ئەوەی خزمەتکارەکەی لە منداڵییەوە بە ناز ڕابگرێت،

لە کۆتاییدا لێی هەڵدەگەڕێتەوە.

22کەسی تووڕە ناکۆکی دەوروژێنێت،

کەسی هەڵچووش گوناهی زۆرە.

23لووتبەرزی مرۆڤ خۆی نزم دەکاتەوە،

بەڵام بێفیز ڕێزدار دەبێت.

24هاوبەشی دز ڕقی لە خۆی دەبێتەوە،

سوێند دەخوات و دانی پێدا نانێت.

25ترسی مرۆڤ تەڵە دەنێتەوە،

بەڵام ئەوەی پشت بە یەزدان ببەستێت پەناگیر دەبێت.

26زۆر کەس داوای ڕەزامەندی فەرمانڕەوایان دەکەن،

بەڵام مرۆڤ لەلایەن یەزدانەوە دادپەروەری بەدەستدەهێنێت.

27قێزی ڕاستودروستان لە کەسی ناڕەوایە،

قێزی بەدکاریش لەوەیە کە ڕێگای ڕاستە.