پەندەکانی سلێمان 28 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەندەکانی سلێمان 28:1-28

1بەدکار بێ ئەوەی کەس ڕاوی بنێت هەڵدێت،

بەڵام ڕاستودروست وەک بەچکە شێر چاونەترسە.

2کە یاخیبوون لە خاکێک هەبێت میری زۆر دەبێت،

بەڵام فەرمانڕەوایەکی تێگەیشتوو و زانا نیشتیمان بەرقەرار دەکات.

3ئەو سەرکردەیەی هەژاران بچەوسێنێتەوە،

وەک بارانێکی بەخوڕە هیچ خۆراکێک ناهێڵێتەوە.

4ئەوانەی واز لە تەورات28‏:4 فێرکردن.‏ دەهێنن ستایشی بەدکار دەکەن،

بەڵام پارێزەرانی تەورات دژایەتییان دەکەن.

5پیاوخراپان لە دادپەروەری تێناگەن،

بەڵام ئەوانەی ڕوو لە یەزدان دەکەن تەواو تێدەگەن.

6باشترە هەژار ڕێگای تەواوەتی گرتبێت،

لە دەوڵەمەند کە ڕێگاکان خواردەکاتەوە.

7ئەوەی تەورات بپارێزێت کوڕێکی تێگەیشتووە،

بەڵام هاوڕێی دەستبڵاوان باوکی خۆی ڕیسوا دەکات.

8ئەوەی بە سوو و بازاڕگرانکردن سامانی خۆی زۆر بکات،

بۆ یەکێکی کۆدەکاتەوە کە بەزەیی بە نەداران دێتەوە.

9ئەوەی گوێی دابخات لە بیستنی فێرکردنەکەم،

تەنانەت نوێژەکەشی قێزەونە.

10ئەوەی سەرڕاستان بەرەو ڕێگای خراپە ببات،

دەکەوێتە ئەو چاڵەوە کە خۆی هەڵیکەندووە،

بەڵام ئەوانەی کە بێ کەموکوڕین میراتی باشیان بەردەکەوێت.

11دەوڵەمەند لەبەرچاوی خۆی دانایە،

بەڵام هەژاری تێگەیشتوو دەیپشکنێت.

12لە سەرکەوتنی ڕاستودروستان شانازییەکی گەورە هەیە،

بەڵام لە هەستانی بەدکاران خەڵکی خۆیان دەشارنەوە.

13ئەوەی گوناهەکانی خۆی بشارێتەوە سەرناکەوێت،

بەڵام دانپێدانەر و وازلێهێنەر بەر بەزەیی دەکەوێت.

14خۆزگە دەخوازرێ بە کەسێک بەردەوام لە یەزدان بترسێت،

بەڵام ئەوەی دڵی خۆی ڕەق بکات دەکەوێتە خراپەوە.

15وەک شێرێکی بە نەڕەنەڕ و ورچێکی هەڵچووە،

فەرمانڕەوای بەدکار بەسەر گەلی نەدارەوە.

16فەرمانڕەوای ناتێگەیشتوو زۆرداری زۆر دەکات،

بەڵام ئەوەی ڕقی لە دەستکەوتی ناڕەوا بێت تەمەن درێژ دەبێت.

17ئەوەی خوێنی کەسێکی لە مل بێت

هەتا ڕۆژی مردنی هەڵاتوو دەبێت.

با کەس پشتیوانی نەکات.

18ئەوەی بە ڕێگای تەواویدا بڕوات ڕزگار دەبێت،

بەڵام ئەوەی ڕێگاکانی خوار بکات لەپڕ دەکەوێت.

19ئەوەی ئیش لە زەوی خۆیدا بکات تێر نان دەبێت،

بەڵام ئەوەی دوای هیچوپووچی بکەوێت تێر هەژاری دەبێت.

20کەسی دڵسۆز بەرەکەتی زۆرە،

بەڵام ئەوەی بە پەلە بێت بۆ دەوڵەمەندی بێ سزا نابێت.

21لایەنگری باش نییە،

بەڵام مرۆڤ بۆ لەتە نانێک گوناه دەکات.

22کەسی بەرچاوتەنگ بە پەلەیە بۆ دەوڵەمەندی،

بەڵام نازانێت نەبوونی بۆ دێت.

23ئەوەی کەسێک سەرزەنشت بکات لە کۆتاییدا پەسەندتر دەبێت

لەوەی زمانلووسی دەکات.

24ئەوەی دایک و باوکی تاڵان بکات و

بڵێت: «ئەمە گوناه نییە!»

ئەو کەسە هاوبەشی کاولکارانە.

25چاوبرسی ناکۆکی دەوروژێنێت،

بەڵام ئەوانەی پشت بە یەزدان دەبەستن سەرکەوتوو دەبن.

26ئەوەی پشت بە بیرکردنەوەی خۆی ببەستێت گێلە،

بەڵام ئەوەی بە ڕێگای داناییدا بڕوات دەرباز دەبێت.

27ئەوەی بە هەژار ببەخشێت نەبوون نابێت،

بەڵام ئەوەی ڕووی لێ وەرگێڕێت نەفرەتی زۆر دەبێت.

28بە هەستانی بەدکاران خەڵکی خۆیان دەشارنەوە،

بەڵام بە لەناوچوونیان ڕاستودروستان سەردەکەون.