پەندەکانی سلێمان 26 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەندەکانی سلێمان 26:1-28

1وەک بەفر لە هاوین و باران لە کاتی دروێنەدا،

ئاواش ڕێزلێنان لە گێل ناوەشێتەوە.

2وەک چۆلەکەی فڕیو و پەڕەسێلکەی باڵگرتوو،

ئاواشە نەفرەت بەبێ هۆ نایێت.

3قامچی بۆ ئەسپ و لغاو بۆ گوێدرێژە،

کوتەکیش بۆ پشتی گێلەکانە.

4وەڵامی گێل مەدەوە بەپێی گێلایەتییەکەی،

نەوەک تۆش وەک ئەوت لێ بێت.

5وەڵامی گێل بدەوە بەپێی گێلایەتییەکەی،

نەوەک لەبەرچاوی خۆی ببێت بە دانا.

6وەک بڕینەوەی قاچەکانی خۆیەتی و نۆشینی ستەمە،

ئەوەی بە دەستی گێل پەیام بنێرێت.

7وەک شۆڕبوونەوەی قاچەکانی گۆجە،

پەند لە دەمی گێلەکان.

8وەک گرێدانی بەرد بە بەردەقانییەوە،

ئەوەی ڕێز لە گێل دەگرێت.

9وەک دڕکە لە دەستی سەرخۆش،

پەند لە دەمی گێلەکان.

10وەک تیرهاوێژێکە کوێرانە لە خەڵک بگرێت،

بەکرێگری گێل و ڕێبوار.

11وەک سەگ بگەڕێتەوە سەر ڕشانەوەکەی،

گێلیش گێلایەتییەکەی دووبارەی دەکاتەوە.

12کەست بینیوە لەبەرچاوی خۆی دانا بێت؟

گێل لەو زیاتر ئومێدی پێ دەکرێت.

13تەمبەڵ دەڵێت: «شێر لەسەر ڕێگایە،

نەڕەشێر لەنێو گۆڕەپانەکانە.»

14دەرگا لەسەر ڕێزە دەسووڕێتەوە،

تەمبەڵیش لەناو نوێنەکەی.

15تەمبەڵ دەست دەخاتە ناو قاپ،

زەحمەتە بۆی بیباتە ناو دەمی.

16تەمبەڵ لەبەرچاوی خۆی داناترە لە حەوت کەس

کە وەڵامی ژیرانە دەدەنەوە.

17وەک گرتنی سەگێکە بە گوێیەکانی

ئەوەی ڕێبوارە و خۆی دەخاتە ناو ناکۆکییەکەوە کە هی ئەو نییە.

18وەک شێتێک

پشکۆ و تیری مەرگ بهاوێژێت،

19ئاوایە ئەوەی فێڵ لە دراوسێکەی بکات و

بڵێت: «تەنها گاڵتەم کرد!»

20دار نەبێت ئاگر دەکوژێتەوە،

دەمشڕ نەبێت دووبەرەکی نامێنێت.

21خەڵووز بۆ پشکۆ و دار بۆ ئاگرە،

پیاوی شەڕانگێزیش بۆ ورووژاندنی ناکۆکییە.

22قسەکانی دەمشڕ وەک پارووی بەتامە،

شۆڕ دەبێتەوە ناو ورگ.

23وەک گۆزەی گڵینی داپۆشراوە بە خڵتی زیو

قسەی شیرین لە دڵێکی خراپەوە.

24قین لە دڵ بە لێوەکانی خۆی دەشارێتەوە،

بەڵام لە ناخیدا فڕوفێڵ دادەنێتەوە.

25ئەگەر قسەی شیرینی کرد باوەڕی پێ مەکە،

چونکە حەوت شتی قێزەون لە دڵیدایە.

26هەرچەندە بە فێڵ قینی خۆی بشارێتەوە،

خراپەی لەناو کۆمەڵدا ئاشکرا دەبێت.

27ئەوەی چاڵێک هەڵکەنێت خۆی تێی دەکەوێت،

ئەوەی بەردێک گلۆر بکاتەوە بەرەو خۆی دەگەڕێتەوە.

28زمانی درۆ ڕقی لەوانە دەبێتەوە کە برینداریان دەکات،

زمانی لووسیش وێرانکاری دەکات.