پەندەکانی سلێمان 25 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەندەکانی سلێمان 25:1-28

پەندەکانی دیکەی سلێمان

1ئەمانەش هەر پەندی سلێمانن کە پیاوەکانی حەزقیای پاشای یەهودا نووسیویانەتەوە:

2شکۆمەندیی خودا لە شاردنەوەی بابەتدایە،

شکۆمەندیی پاشایانیش لە لێکۆڵینەوەی بابەتدایە.

3هەروەک ئاسمان بۆ بەرزییە و زەوی بۆ قووڵییە،

دڵی پاشایانیش ناپشکنرێت.

4خڵت لە زیو داماڵە،

ئەو کاتە دەتوانرێت کەرەستەی لێ دروستبکرێت.

5بەدکار لەبەردەم پاشا داماڵە،

بە ڕاستودروستی تەختەکەی دەچەسپێت.

6لەبەردەم پاشا خۆت بەرز مەکەرەوە،

لە شوێنی گەورە پیاوان ڕامەوەستە.

7وا چاکترە پێت بگوترێت: «سەربکەوە بۆ ئێرە،»

نەک لەلای میر تەریق بیتەوە.

ئەوەی بە چاوی خۆت بینیت،

8خێرا مەیبە بۆ دادگا،

چونکە لە کۆتاییەکەی چی دەکەیت

ئەگەر دراوسێکەت شەرمەزاری کردیت؟

9کە باسی کێشەکەت دەکەیت لەگەڵ دراوسێکەت،

نهێنی خەڵکی دیکە مەدرکێنە،

10نەوەک گوێگرێک شەرمەزارت بکات،

جا ناوە زڕاوەکەت لێ نابێتەوە.

11سێوێکی زێڕە و لە زیو گیراوە،

ئەو قسەیەی لە کاتی خۆیدا دەکرێت.

12وەک گوارەی زێڕە و خشڵی زێڕی بێگەردە،

سەرزەنشتی دانا بۆ گوێی بیسەر.

13وەک ساردی بەفرە لە ڕۆژی دروێنەدا،

نوێنەری دەستپاک بۆ ئەوانەی دەینێرن،

دڵی گەورەکانی فێنک دەکاتەوە.

14هەور و بای بێ بارانە،

ئەوەی شانازی بە دیاری بکات و نەیبەخشێت.

15بە نەسرەوتن فەرمانڕەوا قایل دەکرێت،

زمانی نەرمیش ئێسک دەشکێنێت.

16ئەگەر هەنگوینت دۆزییەوە بەگوێرەی پێویست بیخۆ،

ئەگینا پڕ دەبیت و دەیڕشێنیتەوە.

17بە کەمی پێت لە ماڵی دراوسێکەت دابنێ،

ئەگینا لێت تێر دەبێت و ڕقی لێت دەبێتەوە.

18وەک کوتەک و شمشێر و تیری تیژە،

ئەوەی شایەتی درۆ لەسەر دراوسێکەی بدات.

19وەک ددانی کلۆر و قاچی لەجێ چووە،

پشتبەستن بە ناپاک لە ڕۆژی تەنگانەدا.

20وەک داکەندنی بەرگ لە ڕۆژی سەرمادا،

یان سرکەیە بەسەر سۆدەدا،25‏:20 لە تێکەڵکردنی سرکە و سۆدەدا کارلێکی کیمیایی ڕوودەدات، هەڵدەچێت و ئۆکسجینی لێ دەردەچێت.‏

چڕینی گۆرانی بۆ دڵتەنگ.

21ئەگەر دوژمنەکەت برسی بوو نانی دەرخوارد بدە،

ئەگەر تینووی بوو ئاوی بدەرێ.

22بەمە پشکۆ لەسەر سەری کەڵەکە دەکەیت،25‏:22 بەم کارە شەرمەزار دەبێت و پەشیمانی دەکەیتەوە.‏

یەزدانیش پاداشتت دەداتەوە.

23بای باکوور باران دەهێنێت،

زمانی پاشملەش ڕووی گرژ.

24باشترە لە گۆشەی سەربانێک نیشتەجێ بیت،

نەک ماڵێکی هاوبەش لەگەڵ ژنێکی شەڕانی.

25وەک ئاوی ساردە بۆ گیانێکی شەکەت،

هەواڵی خۆش لە وڵاتێکی دوور.

26وەک کانییەکی لێڵ و بیرێکی بۆگەنە،

ئەو کەسە ڕاستودروستەی لەبەردەم بەدکار کۆڵ دەدات.

27زۆر خواردنی هەنگوین باش نییە،

ڕێزدار نابێت ئەوەی داوای ڕێزلێنان بۆ خۆی دەکات.

28وەک شارێکی ڕووخاوی بێ شوورایە،

ئەو پیاوەی بەسەر خۆیدا زاڵ نەبێت.