پەندەکانی سلێمان 24 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەندەکانی سلێمان 24:1-34

1ئیرەیی بە پیاوخراپان مەبە،

ئارەزوو مەکە لەگەڵیاندا بیت،

2چونکە دڵیان پیلانی زۆرداری دەکێشێت و

لێوەکانیان باسی گرفتنانەوە دەکەن.

3بە دانایی ماڵ بنیاد دەنرێت،

بە تێگەیشتنیش دەچەسپێت،

4بە زانیاریش ژوورەکان پڕ دەبن

لە هەموو گەنجینەیەکی بە نرخ و جوان.

5پیاوی دانا بەتوانایە،

کەسی زانا هێزی زیاد دەبێت.

6بێگومان بە ڕاوێژەوە شەڕ دەکەیت،

سەرکەوتنیش بە زۆری ئامۆژگارانە.

7دانایی بەرزە بۆ گێل،

لە کۆڕی ناو دەروازەدا24‏:7 مەبەست لە کۆڕی خەڵکی شارە بۆ گفتوگۆ سەبارەت بە پرسە گرنگەکان.‏ دەمی لێک ناکاتەوە.

8ئەوەی بیر لە خراپە بکاتەوە،

بە تەڵەکەباز ناودەبردرێت.

9پیلانی گێلایەتی گوناهە،

خەڵک قێزیان لە گاڵتەجاڕە.

10ئەگەر ورە بەردەیت لە ڕۆژی تەنگانە،

بێ هێزیت!

11ئەوانە دەرباز بکە کە بۆ مردن دەبردرێن و

لەوانەی بۆ سەربڕین پاڵخراون، کەمتەرخەم مەبە.

12ئەگەر بڵێی: «ئەوەتا ئەمەم نەزانیوە،»

ئایا هەڵسەنگێنەری دڵەکان تێناگات؟

ئەوەی گیانت دەپارێزێت ئایا نازانێت؟

ئایا سزای مرۆڤ بەپێی کردەوەکانی ناداتەوە؟

13ڕۆڵە، هەنگوین بخۆ، چونکە باشە و

شیلەی هەنگوین لە گەرووت شیرینە،

14هەروەها بزانە دانایی بۆ گیانت بەم جۆرەیە.

ئەگەر دانایی بدۆزیتەوە دواڕۆژت دەبێت و

ئومێدبڕ نابیت.

15وەک خراپەکار خۆت مەڵاس مەدە بۆ ماڵی کەسی ڕاستودروست،

هەڵمەکوتە سەر جێی حەسانەوەی،

16چونکە کەسی ڕاستودروست حەوت جار دەکەوێت و هەڵدەستێتەوە،

بەڵام کارەسات بەدکاران تێکدەشکێنێت.

17بە ساتمەکردنی دوژمنت شاد مەبە،

بە کەوتنیشی دڵت خۆش نەبێت،

18نەوەک یەزدان ببینێت و بەلایەوە خراپ بێت،

جا تووڕەیی خۆی لێ بگێڕێتەوە.

19مەراق لە خراپەکاران مەخۆ،

ئیرەیی بە بەدکاران مەبە،

20چونکە خراپەکار دواڕۆژی نابێت و

چرای بەدکاران دەکوژێتەوە.

21ڕۆڵە، لە یەزدان و پاشا بترسە،

تێکەڵی یاخیبووەکان مەبە،

22چونکە بەڵایان لەپڕ دێت،

بەڵای هەردووکیان کێ دەیزانێت؟

قسەی دیکەی دانایان

23هەروەها ئەمەش قسەی دانایانە:

لایەنگریکردن لە دادوەری باش نییە.

24ئەوەی بە بەدکار بڵێت: «تۆ بێتاوانی،»

گەلان نەفرەتی لێ دەکەن و نەتەوەکان تاوانباری دەکەن.

25بەڵام ئەوانەی بەدکار تاوانبار دەکەن دەکەونە خۆشی و

بەرەکەتی باشیان بەسەردا دەڕژێت.

26وەڵامی ڕاست

وەک ماچی لێوە.

27کاروباری خۆت لە دەرەوە ڕاپەڕێنە و

لە کێڵگەکەت ئامادەی بکە،

دوای ئەمە ماڵی خۆت بنیاد بنێ.

28بەبێ هۆ لە دژی دراوسێکەت شایەتی مەدە،

بە لێوەکانت فێڵ مەکە.

29مەڵێ: «چی لێکردووم، ئاوای لێ دەکەم،

سزای ئەو پیاوە بەپێی کردەوەکەی دەدەمەوە.»

30بەلای کێڵگەی پیاوی تەمبەڵ تێپەڕیم،

بەلای ڕەزەمێوی کەسی تێنەگەیشتووش.

31چقڵ هەمووی داگرتبوو،

گەزگەزکە هەمووی داپۆشی بوو،

کەڵەکە بەردەکانی ڕووخابوو.

32تەماشام کرد و لە دڵی خۆمدا لێکم دایەوە،

بینیم و وانەم لێ وەرگرت:

33کەمێک خەوتن، کەمێک خەواڵووبوون،

کەمێکیش دەست تێکنان بۆ ڕاکشان،

34ئینجا هەژاریت وەک چەتە دێت،

نەبوونیشت وەک چەکدار.