پەندەکانی سلێمان 23 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەندەکانی سلێمان 23:1-35

1کە دانیشتی لەگەڵ فەرمانڕەوایەک نان بخۆیت،

باش وردبەرەوە لەوەی لەپێشتە،

2چەقۆیەکیش لەناو گەرووت دابنێ،

ئەگەر تۆ نەوسنی.

3ئارەزووی خواردنە خۆشەکانی مەکە،

چونکە ئەم نانە بە مەبەستی هەڵخەڵەتاندنە.

4خۆت ماندوو مەکە بۆ ئەوەی دەوڵەمەند بیت،

بە تێگەیشتنەوە وازی لێ بهێنە.

5چاو لە دەوڵەمەندی دەبڕیت و نییە،

چونکە بێگومان باڵ دەگرێت،

وەک هەڵۆ بەرەو ئاسمان دەفڕێت.

6نانی کەسی بەرچاوتەنگ مەخۆ،

ئارەزووی خواردنە خۆشەکانی مەکە.

7لەبەر ئەوەی جۆرە کەسێکە

هەردەم بیری لەلای تێچوونەکانە،

پێت دەڵێت: «بخۆ و بنۆشە.»

بەڵام دڵی لەگەڵت نییە.

8ئەو پارووەی خواردووتە دەیڕشێنیتەوە و

قسە شیرینەکانت بە با دەدەیت.

9قسە بۆ گێل مەکە،

چونکە گاڵتەی بە دانایی قسەکانت دێت.

10سنوورە کۆنەکان مەگوازەوە،

هەروەها مەچووە ناو کێڵگەی هەتیوان،

11چونکە ئەوەی دەیانپارێزێت بە توانایە،

ئەو بەرگری لە کێشەکەیان دەکات لە دژی تۆ.

12دڵت ئاراستەی فێربوون بکە و

گوێشت بەرەو قسەی زانیاری.

13ڕێگری لە تەمبێکردنی منداڵ مەکە،

ئەگەر بە گۆچان لێی بدەیت نامرێت.

14تۆ بە گۆچان لێی بدەیت،

گیانی لە مردن دەرباز دەبێت.

15ڕۆڵە، ئەگەر دڵت دانایە،

منیش دڵم خۆش دەبێت.

16ناخم شادمان دەبێت،

کە لێوەکانت ڕاستییەکان دەڵێن.

17دڵت ئیرەیی بە گوناهباران نەبات،

بەڵکو بە درێژایی ڕۆژ بە پەرۆش بە بۆ لەخواترسی.

18بێگومان دواڕۆژت دەبێت،

ئومێدی تۆ نابڕێت.

19ڕۆڵە، تۆ گوێ بگرە و دانا بە،

دڵت بەرەو ڕێگای ڕاستی ئاراستە بکە.

20لەوانە مەبە کە شەراب زۆر دەخۆنەوە،

یان ئەوانەی گۆشت زۆر دەخۆن،

21چونکە مەیخۆر و زۆر خۆر هەژار دەبن،

ئەوەی زۆر بخەوێت پینەوپەڕۆ لەبەر دەکات.

22گوێ لە باوکت بگرە کە تۆی خستووەتەوە،

دایکت کە پیر بوو گاڵتەی پێ مەکە.

23ڕاستی بکڕە و مەیفرۆشە،

هەروەها دانایی و تەمبێکردن و تێگەیشتن.

24باوکی کەسی ڕاستودروست زۆر دڵخۆش دەبێت،

ئەوەی کوڕێکی دانای ببێت پێی شادمان دەبێت.

25با دایک و باوکت شادمان بن،

ئەوەی تۆی بووە دڵخۆش بێت.

26ڕۆڵە، دڵی خۆتم بدەرێ،

با چاوەکانت لەسەر ڕێگاکانم بێت،

27چونکە لەشفرۆش چاڵێکی قووڵە و

ژنی داوێنپیس بیرێکی تەنگە.

28تەنانەت ئەویش وەک چەتە لە بۆسەدا دەبێت،

ناپاک23‏:28 ناپاکی هاوسەریێتی.‏ لەنێو خەڵک زۆر دەکات.

29واوەیلا بۆ کێیە؟ پەژارەیی بۆ کێیە؟

ناکۆکی بۆ کێیە؟ سکاڵاکردن بۆ کێیە؟

برینی بەخۆڕایی بۆ کێیە؟ چاو سووربوونەوە بۆ کێیە؟

30بۆ ئەوانەی بە دیار شەرابەوە لەنگەر دەگرن،

ئەوانەی شەرابی تێکەڵاو تاقی دەکەنەوە.

31تەماشای شەراب مەکە بە ڕەنگی سووری،

کە لەناو جام پڕشنگی داوە،

بە سووکی دەچێتە خوارەوە!

32لە کۆتاییەکەی وەک مار دەتگەزێت و

وەک توولەمار پێتەوەدەدات.

33چاوەکانت شتی نامۆ دەبینن و

وڕێنەی سەیر و سەمەرە دەکەیت.

34وەک یەکێک دەبیت لەناو دڵی دەریا پاڵکەوتبێت،

یان وەک یەکێک بەسەر دارئاڵای کەشتییەوە پاڵکەوتبێت.

35دەڵێی: «لێیان دام، ئازارم نەبوو!

کوتامیان، نەمزانی!

کەی بە هۆش خۆم دێمەوە،

هەتا بەردەوام بم و بخۆمەوە؟»