پەندەکانی سلێمان 22 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەندەکانی سلێمان 22:1-29

1ناوبانگی چاک لە دەوڵەمەندی گەورە خوازراوترە،

ڕێزیش لە زێڕ و زیو باشترە.

2دەوڵەمەند و هەژار لەمەدا یەکدەگرنەوە،

دروستکەری هەردووکیان یەزدانە.

3ژیر خراپە دەبینێت و خۆی دەشارێتەوە،

بەڵام ساویلکە مل پێوەدەنێت و سزا دەدرێ.

4پاداشتی بێفیزی و لەخواترسی

دەوڵەمەندی و ڕێزداری و ژیانە.

5چقڵ و تەڵە لە ڕێگای پیاوی خواردایە،

بەڵام ئەوەی خۆی بپارێزێت لێی دوور دەکەوێتەوە.

6منداڵ لەسەر ئەو ڕێگایە ڕابهێنە کە پێویستە بیگرێت،

پیریش بێت لێی لا نادات.

7دەوڵەمەند بەسەر هەژاردا حوکم دەکات،

قەرزاریش کۆیلەی خاوەن قەرزە.

8ئەوەی ناڕەوایی بچێنێت دروێنەی خراپە دەکات،

کوتەکی تووڕەییشی دەفەوتێت.

9ئەوەی چاوتێر بێت بەرەکەتدار دەبێت،

چونکە لە نانی خۆی دەداتە هەژار.

10گاڵتەجاڕ دەربکە، ناکۆکی دەڕوات،

دووبەرەکی و ڕیسواییش نامێنێت.

11ئەوەی حەزی لە دڵپاکی بێت و قسەی شیرین بێت،

پاشا دەبێتە دۆستی.

12چاوی یەزدان چاودێری زانیاری دەکات،

بەڵام قسەی ناپاکان سەرەوژێر دەکات.

13تەمبەڵ دەڵێت: «شێرێک لە دەرەوەیە!

ئەگەر بچمە گۆڕەپانەکان دەکوژرێم!»

14دەمی ژنی بەدڕەوشت چاڵێکی قووڵە،

ئەوەی بەر تووڕەیی یەزدان بکەوێت دەکەوێتە ناوی.

15گێلی بە دڵی منداڵەوە گرێدراوە،

بەڵام گۆچانی تەمبێکردن دووری دەخاتەوە لێی.

16ئەوەی زۆرداری لە هەژار بکات بۆ ئەوەی بۆ خۆی زیاد بکات و

ئەوەی بە دەوڵەمەند ببەخشێت، بێگومان هەردووکیان بەرەو نەبوونییە.

قسەی دانایان

17گوێ شل بکە و قسەی دانایان ببیستە،

دڵت بدە زانیاری من،

18چونکە جوانە ئەگەر لە ناختدا هەڵیبگریت و

تێکڕا لەسەر لێوەکانت بچەسپێن.

19بۆ ئەوەی پشتبەستنت بە یەزدان بێت،

ئەمڕۆ تۆ فێر دەکەم، بەڵێ تۆ.

20ئایا سی پەندم بۆ نەنووسیوی

سەبارەت بە ڕاوێژ و زانیاری،

21بۆ ئەوەی دروستی قسەی ڕاستیت فێر بکەم،

هەتا وەڵامە ڕاستییەکان بدەیتەوە ئەوانەی کە تۆیان ناردووە؟

22هەژار تاڵان مەکە لەبەر هەژارییەکەی و

نەبوون وردوخاش مەکە لە دادگا،

23چونکە یەزدان بەرگری لە کێشەکەیان دەکات و

ئەوانەی تاڵانیان دەکەن گیانیان تاڵان دەکات.

24مەبە برادەری کەسی تووڕە،

هاوڕێیەتی کەسی هەڵچوو مەکە،

25نەوەک لە ڕێچکەی ئەوان ڕابێیت،

خۆت تووشی تەڵە بکەیت.

26لەوانە مەبە کە تەوقە دەکەن22‏:26 تەوقەکردن بە مەبەستی ڕێککەوتن بەبێ هیچ بەڵگەنامەیەک.‏،

دەستەبەری قەرزی خەڵک مەکە.

27ئەگەر نەتبوو بیدەیتەوە،

بۆچی نوێنەکەی ژێرت ببردرێت.

28سنووری کۆن مەگوازەوە،

ئەوەی باوباپیرانت دایانناوە.

29ئایا ئەو کەسەت بینیوە بە دەستوبردە لە کارەکەی؟

لەبەردەم پاشاکان ڕادەوەستێت22‏:29 کارکردن لەنێو دەستەی خزمەتکارانی پاشا.‏،

نەک لەبەردەم خەڵکی بێ ناوبانگ.