پەندەکانی سلێمان 20 – Kurdi Sorani Standard KSS

Kurdi Sorani Standard

پەندەکانی سلێمان 20:1-30

1شەراب گاڵتەجاڕە و مەستی غەڵبەغەڵب دەکات،

ئەوەی پێی وێڵ بێت دانا نییە.

2هەڵچوونی پاشا وەک نەڕەی شێرە،

ئەوەی تووڕەیی بکات لە دژی گیانی خۆی تاوان دەکات.

3وازهێنان لە ناکۆکی ڕێزدارییە بۆ پیاو،

بەڵام هەموو گێلێک هەڵیدەگیرسێنێت.

4لە زستاندا تەمبەڵ زەوی ناکێڵێت،

بۆیە لە کاتی دروێنەدا داوای بەرهەم دەکات و دەستی ناکەوێت.

5پلان لە دڵی مرۆڤدا ئاوێکی قووڵە،

بەڵام تێگەیشتوو دەریدەهێنێت.

6زۆر کەس بانگەشەی خۆشەویستی نەگۆڕ دەکەن،

بەڵام کەسی جێگای متمانە کێ دەیدۆزێتەوە؟

7کەسی ڕاستودروست بە ڕێگای تەواوی خۆیدا دەڕوات،

دوای خۆی خۆزگە بە منداڵەکانی دەخوازرێت.

8پاشای دانیشتوو لەسەر تەختی دادوەری،

بە چاوەکانی هەموو خراپەیەک شەن دەکات.

9کێیە دەڵێت: «دڵی خۆمم بێگەرد ڕاگرت،

پاک بوومەوە لە گوناهم»؟

10دوو کێش و دوو پێوانەی لاسەنگ20‏:10 بەکارهێنانی دوو کێشی جیاواز، یەکێک بۆ کڕین و یەکێک بۆ فرۆشتن.‏،

هەردووکیان قێزەونن لەلای یەزدان.

11تەنانەت منداڵیش بە کردارەکانی دەناسرێت،

ئاخۆ کردەوەکەی پاک و ڕاستە.

12گوێ کە دەبیستێت و چاو کە دەبینێت،

یەزدان دروستکەری هەردووکیانە.

13حەز لە خەو مەکە نەوەک هەژار بیت،

چاوت کراوە بێت و تێر نان بە.

14کڕیار دەڵێت: «خراپە، خراپە!»

بەڵام کە ڕۆیشت شانازی پێوە دەکات.

15زێڕ هەیە و یاقووت20‏:15 یاقووت: گەوهەری سووری تۆخ.‏ زۆرە،

بەڵام لێوی زانیاری گەوهەرێکی بەهادارە.

16ئەگەر کەسێک بووە کەفیلی نامۆیەک کەواکەی لێ وەربگرە،

لەبەر بێگانەکە بارمتەی لێ وەربگرە.

17بەتامە بۆ مرۆڤ نانی بە فێڵ،

بەڵام دواتر دەمی پڕ دەبێت لە چەو.

18پلانەکان بە ئامۆژگاری دێنە دی،

بە ڕاوێژ بجەنگە.

19دەمشڕ نهێنی ئاشکرا دەکات،

بۆیە تێکەڵی چەنەباز مەبە.

20ئەوەی نەفرەت لە دایک و باوکی بکات،

لەناو جەرگەی تاریکیدا چرای دەکوژرێتەوە.

21میراتێک لە سەرەتای ژیان و بە زوویی دەست بکەوێت

لە کۆتاییدا بێ بەرەکەت دەبێت.

22مەڵێ: «خراپە بە خراپە دەدەمەوە.»

چاوەڕێی یەزدان بکە ڕزگارت دەکات.

23یەزدان قێزی لە بەکارهێنانی دوو کێشی جیاواز دەبێتەوە،

تەرازووی لاسەنگ باش نییە.

24هەنگاوەکانی مرۆڤ لە یەزدانەوەیە،

ئیتر مرۆڤ چۆن لە ڕێگای خۆی تێدەگات؟

25تەڵەیە بۆ مرۆڤ بە سەرەڕۆیی نەزرێک تەرخان بکات،

ئینجا پاش نەزرەکە پرسوڕا بکات.

26پاشای دانا بەدکاران شەن دەکات،

بە جەنجەڕ بەسەریاندا دێت.

27چرای یەزدان ڕۆحی مرۆڤ دەپشکنێت،

هەروەها هەموو ناخی دەروونیش.

28خۆشەویستی نەگۆڕ و دڵسۆزی پاشا دەپارێزن،

بە خۆشەویستی نەگۆڕ تەختی دەچەسپێت.

29شانازی لاوان هێزیانە،

ڕیش سپیێتیش شکۆمەندی پیرانە.

30برینی لێدان خراپە پاک دەکاتەوە،

لێدانی قامچیش ناخی دەروون.